KRG AUSTRALIA

English

گشت هەواڵەکان

جۆری بابەتەکان

پرۆژەی بەرهەمی شیرەمەنی لە گەرمیان ڕۆژانە 10 تەن شیر بەرهەم دەهێنێت

پرۆژەی-بەرهەمی-شیرەمەنی-لە-گەرمیان-ڕۆژانە-10-تەن-شیر-بەرهەم-دەهێنێت

پرۆژەی بەرهەمی شیرەمەنی لە گەرمیان ڕۆژانە 10 تەن شیر بەرهەم دەهێنێت

پرۆژەی بەرهەمی شیرەمەنیی گەرمیان، ڕۆژانە 10 تەن شیر بەرهەم دەهێنێت و چەندین جۆر بەرهەمی سپیایی لێ دروست دەكرێت.
عەلی ئەكبەر، بەڕێوەبەری كارگەی شیرەمەنی لە گەرمیان، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: “پرۆژەی بەرهەمی شیرەمەنی لە گەرمیان ٥٠٠ مانگای تێدایە، ٣٥٠ مانگایان شیردەرن، بەرهەمیان نزیکەی ١٠ تەن شیرە لە ڕۆژێكدا. ڕۆژانە شیرەكە دەنێرین بۆ کارگە، لەوێ هەموو بەرهەمە شیرەمەنییە تازەكانی لێ دروست دەکرێت، وەك: ماست، ماستاو، پەنیر، پەنیری پیزا، قەیماخ… ئێستا بەرهەمەكانمان پێداویستیی دەڤەری گەرمیان پڕ دەكەنەوە و هەناردەی بازاڕەکانی تری هەرێمی کوردستان و شارەكانی خوارووی عێراقی دەكەین.”
گوتیشی: “بەرنامەمان ئەوەیە لە داهاتوودا مانگاكان بۆ نزیكەی 1000 سەر مانگا زیاد بكەین و دەرفەتی کاری زیاتر بۆ خەڵك بڕەخسێنێت، ئەوکاتیش بەرهەمێکی زیاترمان دەبێت.”
دەشتی حەسەن، بەڕێوەبەری پرۆژەكە بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی گوت: ” پرۆژەكەمان تا ئێستا نزیكەی ١٠ ملیۆن دۆلاری تێچووە و بەردەوامیشە لە فراوانبوون، ڕێژەیەکی زۆر هەلیکاری ڕەخساندووە. لە وڵاتانی ئەڵمانیا و دانیمارک دوو جۆر مانگای هۆڵشتاین و جێرسیمان هێناوە و شیرەكانیان بەكار دەهێنین، پلانیشمان هەیە لە داهاتوودا بیگەیەنینە هەزار مانگا. هەروەها لە مانگی ئاداری ساڵی ٢٠٢٣ بەرهەمەکانمان لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا بڵاو كردووتەوە.”
ئەوەشی گوت: “کارگەکە لە چەند بەشێكی سەرەکی پێک دێت، وەكوو: بەشی دروستکردنی ماست و ماستاو، پەنیری سپی، پەنیری کەشەر، دروستکردنی قەیماغ، گاوداری، بەشی مانگای بێشیر، بەشی کشتوکاڵی، بەشی بەرهەمهێنانی ئالیكی وێنجە.”
ئەحمەد هیوا، خەڵکی کەلارە و لەو پرۆژەیەدا كاری دەست كەوتووە، گوتی: “توانیومە لەم پرۆژەیە هەلیکار بۆ خۆم دابین بکەم و چەندین كەسی تریش لەم پڕۆژەیەدا هەلیکاریان دەست کەوتووە؛ لە پرۆژەكە بەرهەمێکی پاکوخاوێن و تازە بەرهەم دێنین، هیوادارم نموونەكانی ئەو پڕۆژانە زیاتر بن، چونکە هەلیكاری زۆر بۆ خەڵك فەراهەم دەكەن.”
لە میانی دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، پرۆژە كشتوكاڵی و ئاژەڵداری و پەلەوەرییەكان گەشەی بەرچاویان كردووە و بەرهەمەكانیشیان لە بازاڕەكانی كوردستان و دەرەوە برەویان پەیدا كردووە، ئەم گۆڕانكارییە هێشتا ماویەتی و لە ئاییندەدا گەشەیەكی فراوانتر دەكات.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری

error: Content is protected !!
Scroll to Top