KRG AUSTRALIA

English

گشت هەواڵەکان

جۆری بابەتەکان

وەزارەتی خوێندنی باڵا دیداری داڕشتنی نەخشەڕێگەی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان بەڕێوە دەبات

وەزارەتی-خوێندنی-باڵا-دیداری-داڕشتنی-نەخشەڕێگەی-بەرەنگاربوونەوەی-ماددە-هۆشبەرەكان-بەڕێوە-دەبات

وەزارەتی خوێندنی باڵا دیداری داڕشتنی نەخشەڕێگەی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان بەڕێوە دەبات

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بەشداری لە دروستكردنی نەخشەڕێگەی ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان و كارتێكەرە عەقڵییەكان دەكات و بۆ ئەو مەبەستەش لە ڕۆژی دووشەممە، 26ی شوباتی 2024، كۆنفرانسی “دیداری داڕشتنی نەخشەڕێگەی خوێندنی باڵا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان و كارتێكەرە عەقڵییەكان”ی بەڕێوە برد.
د. ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: “ئەمڕۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا دیدارێكی بۆ نەخشەڕێگەی ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان و كارتێكەرە عەقڵییەكان بەستووە، لێرە دەستەبژێرێكی زۆر باش لە شارەزایان و توێژەرەكانی خوێندنی باڵا و پسپۆرانی دیكە هاتووین گفتوگۆمان كردووە، تاكوو بزانین خوێندنی باڵا چۆن دەتوانێت لەگەڵ لایەن و دامەزراوەكان و شارەزایان بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە كار بكەین. ئێمە وەكوو وەزارەتی خوێندنی باڵا، بەشێكی ئەركەكەكان لە ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان پێ سپێردراوە”.
گوتیشی: “لە ڕێگەی گرووپی كارا و توێژەرانمان و و پێداچوونەوە بە نەخشەی تایبەت بە ماددە هۆشبەرەكان لەو بەشە زانستییانەی پەیوەندیدارن دەكەین، تاكوو كار لەسەر پرۆسەكە بكەن. هەروەها لە ڕێگەی هۆشیاركردنەوەی قوتابیان و خوێندكاران، لە ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان كار دەكەین. تاكوو ڕێگە لەو دیاردە خراپە بگیرێت، بۆیە دەبێت بێینە مەیدان و بە هەموو لایەنەكانەوە ڕووبەڕووی ببینەوە”.
سەرمەد حەمید نەسرەدین، پسپۆری ماددە هۆشبەرەكان، لەمبارەیەوە گوتی: “لە چوارچێوەی پلانی حكومەتی هەرێم بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان و كارتێكەرە عەقڵییەكان، وەزارەتی خوێندنی باڵا دیدارێكی ڕێك خستووە بۆ قسەكردن لەسەر نەخشەڕێگەی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو دیاردەیە كە پێشتر لەلایەن لیژنەیەك لەسەر ئاستی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان پێكی هێناوە، بۆ دەوڵەمەندكردنی ئەو نەخشەڕێگەیە تاكوو بابەت و پرس و ڕاوێژ و توێژینەوە پێشكەش بە لایەنە پەیوەندیدارەكان و حكومەت بكرێت. تاكوو بە هەموولایەك بەشدار بین بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانی ئەو ڕووبەڕووبوونەوەیە و بە شێوەیەكی ئەكادیمی هاوكاریی ئەو ئامانجە بكەین”.
حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە هەموو وەزارەت و دامودەزگاكانی خۆیەوە لە هەوڵی ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەكاندایە و بۆ ئەو مەبەستەش لەسەر بنەمانی یاساى ژمارە (1)ى ساڵى 2020، لیژنەی باڵای نەهێشتنی ماددە هۆشبەرە و كارتێكارە عەقڵییەكان ـی پێك هێناوە و پرۆسەی ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەكانی بە چڕی دەست پێ كردووە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری

error: Content is protected !!
Scroll to Top