KRG AUSTRALIA

English

گشت هەواڵەکان

جۆری بابەتەکان

هەنگاوێکی نوێی حکومەت بۆ بەئەلیکترۆنیکردنی کاروبارەکان و کەمکردنەوەی ڕۆتین

هەنگاوێکی-نوێی-حکومەت-بۆ-بەئەلیکترۆنیکردنی-کاروبارەکان-و-کەمکردنەوەی-ڕۆتین

هەنگاوێکی نوێی حکومەت بۆ بەئەلیکترۆنیکردنی کاروبارەکان و کەمکردنەوەی ڕۆتین

بەئەلیکترۆنیکردنى سیستەمى سکاڵاى هاووڵاتیان، هەنگاوێکى جێبەجێکراوی دیکەی کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمی  کوردستانە، کە لە کارنامەکەى خۆی بەڵێنى دابوو، بە دامەزراوەییکردن و کەمکردنەوەى کاغەز و ڕۆتین و بەرزهەڵسەنگاندنى ماف و کاتى هاووڵاتیان، کابینەى نۆیەم بەڵێنى دامەزراندنى حکومەتێکى ئەلیکترۆنیی کارا و دیموکراسی داوە و لە سێ ساڵى ڕابردووشدا چەندین سیستەمى کارگێڕى و جێبەجێکردن بەئەلیکترۆنى کراون.

د. ئومێد سەباح، سەرۆکى دیوانى ئەنجوومەنى وەزیران، باسى سەرەتای داڕشتنی بیرۆکەى گۆڕینى سیستەمى سکاڵاى کرد و گوتی: “بە پێی یاسا و پێڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی وەزیران، ئەرکی وەرگرتنی سکاڵا لە هاووڵاتیان و دامودەزگاکان یان فەرمانبەران ئەرکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانە. لە یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران لەسەر ڕاسپاردەی جەنابی سەرۆکی حکومەت کاک مەسروور بارزانی، ئەو ئەرکە بڕیاری لەسەر درا، کە هەموو دامودەزگاکان ئەرکدار بکرێن و هاوکاریی ئەنجومەنی دیوان بن، هەروەها سیستەمێکی گونجاو بدۆزنەوە بۆ وەرگرتن و بەدواداچوونی سکاڵاکان و وەڵامی هاووڵاتییانیش بدرێتەوە. پێشتر پەیڕەوى کاغەز دەکرا و هاووڵاتی لە هەموو شوێنێکەوە دەهاتنە دیوانی ئەنجومەن و وەزارەتەکان بۆ پێشکەشکردنی سکاڵاکانیان، ئەمە جگە لەوەی ڕۆتین و مەسرەف و کاتێکى زۆری دەویست، هەندێک جاریش وەڵامەکان دەست هاووڵاتی نەدەکەوتنەوە، بۆیە بیرمان لە گۆڕینى سیستەمەکە بۆ سیستەمێکى ناوەندى و دیجیتاڵی کرد و بە دیوانی ئەنجومەنی وەزیران ببەسترێتەوە.”

سەرۆکى دیوانى ئەنجومەنى وەزیران باسى لەوە دەرکرد، کە ئەمەیان کردووەتە بڕیار و لیژنەیەکیان دروست کردووە و فەرمانگەی تەکنۆلۆجیای زانیارییش لە ماوەیەکی کوردتدا سیستەمەکەیان دروست کرد، وە “ئێستا جێگەی خۆشحاڵییە کە ڕایبگەیێنین، ئەوەی فەرمانی جەنابی سەرۆکی حکومەت بڕیاری لەسەر دا، بە شێوەیەکی کردەیی لەمەودوا هاووڵاتیان دەتوانن سکاڵاکانیان پێشکەشی ئەنجومەنی وەزیران بکەن و دواتر بە شێوەیەکی فەرمی لە ماوەیەکی دیاریکراو و هەر لە ڕێگەی ئەم پۆرتاڵەوە وەڵامەکان وەربگرنەوە؛ ئەمە یەکێکە لە دەستکەوتەکانی حکومەتی هەرێم و تەواوکاریی پڕۆژەکانی بە دیجیتاڵیکردنی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.”

د. ئومێد سەباح، یەکێک لە پێوەرەکانی حوکمڕانیی باش بە نزیکى حکومەت لە هاووڵاتیان دەزانێت، بۆ ئەوەى دەرەنجامی کارەکانیان بۆ شی بکاتەوە و ئەو داواکاری یان سکاڵانەی کە هەیانە، تەنانەت ئەگەر فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێمیش بن بە زووترین کات وەڵامەکانیان دەست بکەوێتەوە.

چیتر هاووڵاتیانى هەرێمى کوردستان پێویست ناکات کاتێکى زۆر و ڕێگەیەکى درێژ ببڕن بۆ بەدواداچوون و سکاڵا لە کار و خواستەکانیان، دەتوانن لە ماڵەکەى خۆیانەوە ئەگەر سکاڵایەکیان هەبوو تۆماری بکەن و ڕاستەوخۆ ئەنجوومەنى وەزیران بەدواداچوونیان بۆ دەکات.

لەم بارەوە و لەسەر سیستەمەکە مەهدى ساڵح ئاژگەیی، بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتیى سکاڵاى هاووڵاتیان لە سەرۆکایەتیى ئەنجوومەنى وەزیران گوتى: “سیستەمی ئەلیکترۆنیی سکاڵای هاووڵاتییان، پۆرتاڵێکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، کە لە ڕێگەیەوە هاووڵاتییان دەتوانن سکاڵاکانیان بۆ هەر لایەنێک یان خزمەتگوزارییەکی حکومی پێشکەش بکەن، ئەم سیستەمە سیستەمێکی ناوەندییە و سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و تەواوی وەزارەت و دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە یەکەوە دەبەستێتەوە؛ لێرەدا هاووڵاتی چەقی خزمەتگوزارییە گشتییەکانن، هاووڵاتی کاتێک سەردانی ئەم پۆرتاڵە دەکات، پێویستە هەندێ زانیاریی کەسی پڕ بکاتەوە و دواتر بە وردی سكاڵاکانی بنووسێت و بەڵگەنامەی سەلماندنی سکاڵاکانی هاوپێچ بکات، دواتر لایەنی تایبەتمەندی وەڵامدانەوەی سکاڵاكانی دیار بکات و پاشان ژمارەی مۆبایل یان ئیمەیڵیشى دیار بکات بۆ ئەوەی لە کاتی چارەسەرکردن یا ڕەتکردنەوەی سکاڵاکانیان وەڵامیان پێ بدرێتەوە.”

مەهدى ساڵح ئاژگەیی، باسى گرنگترین ئامانجى لەم سیستەمە کرد و بە بەدیهێنانی شەفافیەتى زانی و گوتى: “ئەرکی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، کە وەڵامی ڕوون و ئاشکرایان هەبێت بۆ سکاڵای هاووڵاتیان لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنماییەکاندا.

دەوری بەڕێوەبەرانی سکاڵای هاووڵاتیان لە ئەنجومەنی وەزیران، سێ ڕۆڵی گرنگی هەیە کە بریتین لە:

یەکەم: وەرگرتنی وەڵامی سكاڵای هاووڵاتیان بۆ ئەو سکاڵانەی تۆمار دەکرێن، لەسەر کار و چالاکییەکانی ئەنجومەنی وەزیران.

دووەم: وەرگرتن و ناردنى سکاڵا، کە لەسەر وەزارەتەکان تۆمار دەکرێن، بەڵام لە ڕێگەی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پێشکەش دەکرێن.

سێیەم: چاودێریکردنی گشت ئەو سکاڵایانەیە، کە لەسەر وەزارەتەکان تۆمار دەکرێن.

کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە پاش بەئەلیکترۆنیکردنى چەندین سیستەم بۆ ئاسانکاریى هاووڵاتیان، سیستەمى سکاڵاشى کردە ئەلیکترۆنی و هاووڵاتى دەتوانێت لە ڕێگەى پڕکردنەوەی پەڕەیەکى ئەلیکترۆنى و تۆمارکردنى زانیارییە کەسییەکانییەوە، سکاڵاکەى تۆمار بکات.

هیوا ئەفەندى، سەرۆکى فەرمانگەى تەکنەلۆجیای زانیارى، باسى لەوە کرد، “یەکێک لەو پێوەرانەی بە پێی بانکی نێودەوڵەتی بەرەوپێشچوونی وڵاتیان بە ئاستی دیجیتاڵبوونیان مەزەندە دەکرێت و بەکارهێنانەوەی تەکنۆلۆژیای دیجیتاڵە بۆ پتەوکردنی دیموکراسی، لەو چوارچێوەدا ئەم سیستەمانەیە کە حکومەت دابینی دەکات بۆ ئەوەی هاووڵاتی بتوانێت دەنگی خۆی بگەینێتە بەرزرترین ئاست لە حکومەت، کەواتە دانانی سیستەم بۆ گەیاندنی فیدباک و سکاڵای هاووڵاتییان یەکێک لە سیستەمە هەرە گرنگەکانی وڵاتانە و لە هەموو دەزگاکانی حکومەت بەشێک هەبووە بەناوی هۆبەی سکاڵا یان سندووقی سکاڵا و ئەوەی کە ئێمە کردمان لەسەر داواکاری سەرۆکایەتیی دیوانی  ئەنجومەنی وەزیران ئەوە بوو، کە ئێمە پرۆسەکەمان کردە پرۆسەیەکی ناوەندی، کەواتە بۆ هەموو دامودەزگاکانی حکومەت سیستەمێکی ناوەندی دانراوە، کە هاووڵاتی بتوانێت لە ڕێگەی یەک سیستەمەوە سکاڵای خۆی لەسەر هەر کەس و خزمەتگوزارییەک بە شێوازێکی ناوەندی بگەیەنێتە هەموو ئاستەکانی حکومەت؛ فەرمانگەی تەکنۆجیای زانیاری تەواوی پرۆسەکەی لە ئەستۆی خۆی گرتووە لە ڕووی دروستکردنییەوە و لە ڕووی بەرنامە و پاڵپشتیی  بەردەوامیشی دەکات، بەکارهێنەرەکانی سیستەم لە ڕووی خاوەندارێتی دەگەڕێتەوە بۆ سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و بەشداریی گشت دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم و سیستەمەکە لەسەر ماڵپەڕی ناوەندیی حکومەتی هەرێمی کوردستان جێگیر دەکرێت.”

هیوا فەندى، لەسەر پڕۆسەى بە دیجیتاڵکردنى حکومەت باسى لەوە کرد، “ئەمە پرۆسەیەکی بەردەوامە و هەروەک سەرۆکوەزیران لە ڕاگەیاندنی سیاسەتی  وەرچەرخانی دیجیتاڵی حکومەت ڕایگەیاند، ئێمە  تا کۆتایی ٢٠٢٥ بەو ئاراستەیە دەڕۆین، کە کاغەز لەناو دامودەزگاکانمان بەکار نەیێت و ناردنی نامە لە نێوان دامودەزگاکانی حکومەت هەمووی بکرێتە دیجیتاڵی؛ پێویست ناکات نووسراو لە نێوان دامودەزگاكان ئاڵوگۆر بکرێت و یاسای واژووی ئەلکترۆنی پێش چەند ڕۆژێک لە پەرلەمان دەرچوو، هێز و توانامان پێ دەبەخشێت، کە بتوانین ئەم کارە بکەین و “کوردستان لە ڕووی دیجیتاڵبوونەوە ماویەتی، بەڵام ئەوەی کە لە کابینەی نۆیەم کرا، بنەمایەکی زۆر باش دەڕەخسێنێت، کە بتوانین کارەکانمان بکەین و بە بەراورد لەگەڵ زۆرێک لە وڵاتان قۆناغی زۆر گرنگمان بڕیوە.”

لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دیجیتاڵیکردن بەم قورساییە کە پێویست بوو، سەیر کراوە و چەندین سیستەمی زۆر گرنگی بنەڕەتی وەک سیستەمی زانیاریی دانیشتووان و سیستەمەکانی کۆنترۆڵی خەرجییەکان و ژێرخانی لە خۆگرتنی ئەم سیستەمانەی دێنە سەنتەر، هەموو جێبەجێ کراوە، کە ئەوەش وا دەکات کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری دیجیتاڵی بدرەوشێتەوە و هەم ڕێکخەری هەموو ئەو دەستکەوتانە بێت کە لە ماوەیەکی نزیکدا دێتە کایەوە.

 

error: Content is protected !!
Scroll to Top