KRG AUSTRALIA

English

گشت هەواڵەکان

جۆری بابەتەکان

لە دەڤەری بارزان ٢٧٠٠ جوتیار لە بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی ٥٠ تۆن بەرهەمی سپیایی بەشدارن

لە-دەڤەری-بارزان-٢٧٠٠-جوتیار-لە-بەرهەمهێنانی-ڕۆژانەی-٥٠-تۆن-بەرهەمی-سپیایی-بەشدارن

لە دەڤەری بارزان ٢٧٠٠ جوتیار لە بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی ٥٠ تۆن بەرهەمی سپیایی بەشدارن

بە پشتیوانیی کابینەى نۆیەمی حکومەتی هەرێمی كوردستان، لە دەڤەرى بارزان و لە ڕێگەی كارگەیەكەوە بۆ بەرهەمهێنانی بەرهەمە سپیاییەکان، شیر لە جووتیاران وەردەگیرێت و دواتر لە کارگەکەدا بەرهەمە شیرەمەنییەکانی لێ دروست دەکات.
مەهدی میرخان، گەنجێکی ئاژەڵداری دەڤەری بارزانە، ڕۆژانە لە ڕێگەی ئامێری تایبەتەوە، مانگاکانی دەدۆشێ و شیرەکانیان لە گوندەکەی دەباتە بنکەیەکی وەرگرتنی شیر. ئەو گوتی:”پێش ئەوەى ئەم کارگەیە دابنرێت، من وازم لە کارەکە هێنابوو، بەڵام کە ئەم کارگەیە کرایەوە، دەرفەتێک بۆ ئێمە کرایەوە تا دەست بە دۆشینی مانگا بکەینەوە و شیرەکانمان بەو کارگەیە بفرۆشین.”
بۆ ئەوەی ئاژەڵداران لە گواستنەوەى شیرەکانیان بۆ کارگەکە تووشی ڕێگەى دوور و خەرجیی زۆر نەبن، چەندین بنکەى وەرگرتنی شیر لە گوندەکان دابین کراوە، ئاژەڵداران بە سانایی دەستیان پێ ڕادەگات و شیرەکانیان ڕادەستی ئەو بنکانە دەکەن، دوای وەرگرتنی لەلایەن بنکەکانی وەرگرتنی شیرەوە، ڕاستەوخۆ دەخرێتە ساردکەرەوە و دواتر دەبرێتە کارگەکە.
ڕۆژانە شیری ئاژەڵدارانی گوندەکانی سنووری دەڤەری بارزان وەردەگیرێت و بە شێوەیەکی زانستی دەگوازرێتەوە کارگەکە؛ شیرەکە لە ٢٧٠٠ ئاژەڵدار وەردەگیرێت و لە ٢٠ بنکەی وەرگرتنی شیر لە تەواوی گوندەکانەوە کۆ دەکرێنەوە. ئەم شیرە بە بێ بەکارهێنانی ماددەى پارێزەر، دەکرێتە ماست، قەیماغ، پەنیر و دۆی خۆماڵی، پاشان دەخرێتە بازاڕەکانی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان.
شەهرام سەعید، بەڕێوەبەری کارگەکەیە، لەمبارەیەوە گوتی: “کارگەکە جگە لە دابینکردنی ئاسایشی ناوخۆی خۆراک، سوودی ڕاستەوخۆى بۆ خەڵک و ئاژەڵداران هەیە، ڕاستەوخۆ شیرى جوتیارەکان وەردەگرین و لە کارگەکە دەیکەینە بەرهەمە شیرەمەنییەکان و دواى ئامادەبوون دەیخەینە بازاڕەوە.”
تەواوی کارمەندانی ئەو کارگە نوێیە خۆوڵاتین و هەلیکاری بۆ ١٠٧ گوندنشینی دەڤەرەکە ڕەخساندووە؛ ڕۆژانە ٥٠ تۆن شیر بۆ کارگەکە کۆ دەکرێتەوە و لەم قۆناغەش کارگەکە توانای بەرهەمهێنانی چوار جۆر بەرهەمی سپیایی هەیە.
عادل باپیری ئاژەڵدار، یەکێکی دیکەیە لە سوودمەندان، ئەو گوتی: “ئەم کارگەیە بۆ ئێمە زۆر باشە، پێشووتر شیرەکانمان فڕێ دەدا، چونکە بەشی زۆری تێکدەچوو، ئێستا دەیبەینە کارگەکە و ئێمەش لە بەرانبەردا پارە وەردەگرین.”
کوردستان ژینگە و هەلومەرجێکی گونجاوى بۆ پیشەسازیی شیرەمەنی و بەرهەمی سپیایی هەیە، وەبەرهێنان لەم کەرتەدا وەبەرهێنانە لە ئایندەیەکی گەشی پیشەسازیی خۆراک، لەم دیدەوەیە حکومەتی هەرێمی کوردستان پلانی گەشەپێدانی ئەم کەرتەى خستووەتە کار.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری

error: Content is protected !!
Scroll to Top