KRG AUSTRALIA

English

گشت هەواڵەکان

جۆری بابەتەکان

لێخۆشبوونی 20%ـی سزاى هاتوچۆ بۆ هاووڵاتییان ماوەى شەش مانگ بەردەستە

لێخۆشبوونی-20%ـی-سزاى-هاتوچۆ-بۆ-هاووڵاتییان-ماوەى-شەش-مانگ-بەردەستە

لێخۆشبوونی 20%ـی سزاى هاتوچۆ بۆ هاووڵاتییان ماوەى شەش مانگ بەردەستە

بڕیارى لێخۆشبوونی ٢٠%ـى قەرز و پێبژاردنی سزاکانی هاتوچۆ، بۆ ماوەى شەش مانگ بەردەستە و بڕیارى دووهێندەبوونی سزاى داراییش لە کۆتاییی مانگی ٢ ى ساڵی ئایندەوە دەچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە و وادەى پێشتر ناگرێتەوە.
فازڵ حاجی، گوتەبێژى بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆى هەولێر، لەمبارەیەوە بە فەرمانگەى میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: “بە پێی بڕیارى وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم، بڕیار دراوە بە لێخۆشبوونی ٢٠%ى ئەو سزایانەى لەسەر شۆفێران لە ساڵانی ڕابردوودا کەڵەکە بووە، بۆ نموونە ئەگەر هاووڵاتییەک ملیۆنێک دینارى لەسەر بێت، تەنیا ٨٠٠ هەزارى لێ وەردەگیرێت.”
فازڵ حاجی ئەوەشی گوت: “ئەو هاوکارییەى هاووڵاتییان لە ٢٨ ى ٨ ى ٢٠٢٣ بەرکار بووە و تاکوو ٢٨ ى ٢ ى ٢٠٢٤ واتا بۆ ماوەى شەش مانگ بەردەست دەبێت، بۆیە داوا لە هاووڵاتییان و شۆفێران دەکەین، سوود لەو دەرفەتە وەرگرن و سزاى کەڵەکەبوو پاک بکەنەوە.”
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆى هەولێر، گوتیشی: “بەشێک لە میدیاکان لەبارەى دووقاتبوونی سزاکانی هاتوچۆ، پەیامی هەڵەیان گەیاندە هاووڵاتییان، بەڵام دووهێندەبوونی سزای هاتوچۆ، جارێ نەچووەتە بوارى جێبەجێکردن، بەڵکوو لە دواى شەش مانگی دیکە واتا لە ٢٨ ى ٢ ى ٢٠٢٤ ـەوە دەچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە؛ لەوکاتەوە گەر شۆفێر سزایەکی نوێ تۆمار بکات و لە ماوەى مانگێکدا نەیدات، ئەوا دەبێتە دوو هێندە، ئەمەش بۆ ئەوەیە شۆفێر زوو هەست بە سزایەکەى بکات و سەرپێچی دووبارە نەکاتەوە.”
بە پێی زانیارییەکانی ڕێکخراوى تەندروستیی جیهانی، ڕووداوەکان هاتوچۆ هەشتەم هۆکارى مردنن، ساڵانە ١.٣ ملیۆن کەس بە ڕووداوەکانی هاتوچۆ گیان لەدەست دەدەن و ٥٠ ملیۆن کەسی دیکەش بریندار و کەمئەندام دەبن.
لەم ڕووەوە ڕێوشوێنی تۆمارکردنی سەرپێچی و سزادان و پێبژاردنی دارایی سەرپێچیکارانی هاتوچۆ یەکێکە لە ڕێگەکانی کەمکردنەوەى ڕووداوەکانی هاتوچۆ و پاراستنی گیان و سامانی هاووڵاتییان.

error: Content is protected !!
Scroll to Top