KRG AUSTRALIA

English

گشت هەواڵەکان

جۆری بابەتەکان

شارى ئاکرێ درێژترین ئاڵا و تاڤگەى ئاگرین بۆ نەورۆز نمایش دەکات

شارى-ئاکرێ-درێژترین-ئاڵا-و-تاڤگەى-ئاگرین-بۆ-نەورۆز-نمایش-دەکات

شارى ئاکرێ درێژترین ئاڵا و تاڤگەى ئاگرین بۆ نەورۆز نمایش دەکات

شارى ئاکری هەموو ساڵێک بە گوڕەوە جەژنی نەورۆز دەگێڕێت. ئامادەکارییەکانی جەژنی نەورۆز بۆ ئەمساڵیش بەردەوامییان هەیە و لەمساڵدا، جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو، تاڤگەیەكی ئاگرین لە شارى ئاکرێ نمایش دەکرێت.

ئازاد مستەفا، ئەندامی لیژنەی باڵا بۆ سەرپەرشتیی كەرنەڤاڵی نەورۆز لە ئاكرێ، لە لێدوانێكیدا بۆ پێگەی فەرمیی حكومەتی هەرێمی كوردستان زانیاریی زیاتر دەخاتە ڕوو و دەڵێ: “ئەمساڵیش بەرێوەبەرایەتیی ڕۆشنبیری و هونەر لە ئاكرێ، وەكوو ساڵانی ڕابردوو، رێوڕەسمی فێستیڤاڵی نەورۆز بەڕێوە دەبەن، فێستیڤاڵی ئەمساڵ جیاوازە لە ساڵی ڕابردوو، چونکە بۆ ماوەی 3 رۆژ درێژ كراوەتەوە و لیژنەیەكی سەرپەرشتیكار دانراوە كە سەرپەرشتیی فێتسڤاڵەكە دەكەن، لە ڕۆژی 18ی ئادارەوە دەستمان پێ كردووە و ئەمڕۆ كاتژمێر 7:30 خولەك كۆتایی پێ دێت”.
ئازاد مستەفا لەبارەی چالاكییەكانی ڕۆژانی كەرنەڤاڵەكە گوتی: “لە ڕۆژی یەكەم لە گۆڕەپانی سەری گری لە ئاكرێ چەندین چالاكیی جۆراوجۆر نمایش كران و ژمارەیەك پێشانگەی لەخۆ گرتبوو، تێیدا كۆمەڵێك وێنەی شوینەواریی ئاكرێ و وێنەی دیرۆكی قوتابخانەی ئاكرێ وێنەی كولتووری و سرووشتی و نەورۆزی ئاكرێ و وێنەی شێوەكاریی پەیمانگای هونەر جوانەكان نمایش كران، لەگەڵ ئەوەش نمایشكردنی چەندین كاری دەستی لەلایەن ژمارەیەك ئافرەت و قوتابخانەی ئاكرێ بەڕێوە چوو، لەگەڵ پێشکەشکردنی ستران و گۆرانی لەلایەن هونەرمەندانەوە”.
“لە ڕۆژی دووەمدا، ستۆدیۆیەكی دەنگ و ڕەنگمان دانا، کە 6 ئامێری لێزەری بۆ ڕووناكی لەگەڵدایە، دەتوانین بەو هۆیەوە ئاسمانی ئاكرێ بكەینە ئاڵای كوردستان”.
“بۆ ڕۆژی 20ى ئاداریش، چەندین چالاكی دەکرێن، وەك هەڵكردنی ئاگر کە مەشخەڵهەڵگران بۆ 8 گرووپ دابەش بوونە و 2000 مەشخەڵی ئاگر هەڵ دەكەن، لەگەڵ ئەوەشدا 3500 مەشخەڵی ئاگر لە چیای ئاكرێ هەڵ دەكرێ و دیمەنێكی جوان دروست دەكەن. چالاكییەكی دیکە بۆ یەكەم جار لە نەورۆی ئاكرێ ئەنجام دەدرێ، ئەویش دانانی تاڤگەیەكی ئاگرینە لەنێوان كەلە كەڤنێ وكەلها دێرین لەگەڵ تەقاندنی یاریی ئاگرین. بۆ ماوەی خولەكێك ئەو تاڤگە ئاگرینە دێتە خوارێ، دیمەنێكی جوان دەبەخشێت. هەروەها ئامێرێكی دەنگیی زۆر بەهێزو ڕووناكیی لێزەری لەگەڵدایە، ئەو یارییەش بۆ ماوەی 15 خولەك دەخایەنێ”.

شارى ئاکرێ یەکێکە لەو شارانەى ساڵانە لە جەژنی نەورۆزدا، جیاوازتر و گەرموگوڕانە یادی جەژنی نەورۆز بەرز ڕادەگرێت. بۆ ئەم بۆنەیەش خەڵکێکی زۆرى ناوچەکانی دیکەى کوردستان ڕوو لەو شارە دەکەن و بەو دیمەنانەى فێستیڤاڵی نەورۆز شاد دەبن.

 

error: Content is protected !!
Scroll to Top