KRG AUSTRALIA

English

گشت هەواڵەکان

جۆری بابەتەکان

سەرۆکی حکومەت: پێداگرین لەسەر ئەوەی کوردستان بکەین بە كۆمەڵگەیەكی پڕ زانست و مەعریفە

سەرۆکی-حکومەت:-پێداگرین-لەسەر-ئەوەی-کوردستان-بکەین-بە-كۆمەڵگەیەكی-پڕ-زانست-و-مەعریفە

سەرۆکی حکومەت: پێداگرین لەسەر ئەوەی کوردستان بکەین بە كۆمەڵگەیەكی پڕ زانست و مەعریفە

* کار دەکەین بۆ ئەوەی كوردستان بكەین بە ناوەندێك بۆ وەدیهێنانی ئاواتەكان

ئەمڕۆ یەکشەممە 5/28 بە ئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاهەنگی دەرچوونی قوتابیانی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک بەڕێوەدەچوو.
لە ڕێوەڕەسمەکەدا سەرۆکی حکومەت گوتارێکی بە زمانی ئینگلیزی پێشکەش کرد کە ئەمەش دەقی وەرگێڕدراوی گوتاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە :
بەڕێز سەرۆک مەسعود بارزانی
بەڕێز محەمەد حەلبووسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان
میوانە بەڕێزەکان، كاربەدەستان و مامۆستایانی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان
ئەو دایک و باوکە بەڕێزانەی كە شانازن بە رۆڵەكانیانەوە، بەتایبەتی دەرچووانی خولی ئەمساڵ (2023)
بەخێربێن بۆ زانکۆی ئەمەریکی کوردستان
ئەمشەو ئێمە لێرە ئامادەین بۆ ئاهەنگگێڕان بە بۆنەی ئەو سەركەوتن و دەستكەوتە گرنگەی، قوتابیانی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان بەدەستی هێناوە، كە پاش ساڵانێك لە كاری ڕژد و هەوڵ و کۆششی بەردەوام، دەبێتە خاڵێكی وەرچەرخانی ژیانیان.
لەم ساتە بەدواوە، ئیتر تواناکان بەرجەستە دەبن و ئیتر هیمەتی ئێوەش بۆ وەدیهێنانی دەست پێدەكات، ئەو خەونانەشی كە بەدرێژایی ساڵانی خوێندنتان لێرە هەتانبوو، هێدی هێدی دێنە دی. ئەو زانیاری و زانستەی فێری بوون، ئێوەی بە تەواوی ئامادە کردووە تا ببنە سەرکردە لەو بوارانەی خۆتان و كەسانی پێشەنگ بۆ گەلەکەمان. ئیتر هەر یەك لە ئێوە دەچنە گۆڕەپانی كار و كۆششەوە و بەدڵنیاییەوە توانای ئەنجامدانی گۆڕانكارییتان دەبێ.
پێوەند بە بەشێکیش لە ئێوە، بەدڵنیاییەوە جیهانێكی فراونتر چاوەڕێتانە، ئەو بەشەتان ڕوو لە بەناوبانگترین و بەرزترین دامەزراوە نێودەوڵەتیەکانی خوێندن دەكەن و لەو دەزگا گرنگانە درێژە بە خوێندن دەدەن. بێگومان ئەوانەی ئەو ڕێگەیە هەڵدەبژێرن، بەو زانستەی لەم زانكۆیە فێری بوون، لەوپەڕی ئامادەباشیدان بۆ ئەو قۆناغە، چونكە خوێندن لە زانکۆی ئەمریکی کوردستان، بەباشی رێی بۆ خۆش كردوون تا لەو دامەزراوە ناودارە نێودەوڵەتییانە درێژە بە خوێندنتان بدەن.
ئەمە ئەو كارەیە كە من بەتایبەتی شانازیی پێوە دەکەم، ئاخر لە ساڵی (2012)دا بیرۆكەی ئەوەم لا دروست بوو كە دەزگایەكی زانستیی ئەكادیمی دابمەزرێنم كە گەنجانی لێهاتووی كۆمەڵگەكەمان لەئامێز بگرێت و ببێتە ناوەندێک كە رێز لە گەنجانی بەهرەمەند و هەوڵدەر بگرێت و خەڵاتیان بكات، دەرفەت بۆ ئەوانە بڕەخسێنێت كە لە رێگەی ترەوە نەیانتوانیوە بارودۆخە سەختەكانیان تێپەڕێنن.
بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەم دیدگایەی لەگەڵ بەش كردم و من سوپاسگوزاری پشتیوانییەكەیم و هەروەها لەپای پاڵپشتیی بەردەوامیشی بۆ وەبەرهێنان لە تواناكانی لاوان وەدیهێنانی و ئایندەیەكی گەشتر بۆ كوردستان، دیسان سوپاسگوزارییم.
بەخۆشحاڵیەوە ئەمڕۆ نزیکەی 70% قوتابیانی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە چەندین جۆری سکۆلەرشیپ لە زانکۆکە دەخوێنن. ئەو قوتابیانەش سەر بە چین و توێژە جیاوازەكانی كۆمەڵگەن و لە بواری جیاواز و هەمەڕەنگدا بەهرەمەندن، هێزێكی هاندەر و پشتیوانیشن بۆ ئایندەمان. بۆیە لەنێو حەرەمی ئەم زانكۆیەدا، تەنیا بە هەوڵ و كاری رژد و كۆششی بەردەوام، سەركەوتن بەدەست دێت، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی سەر بە كام چین و توێژی ئابووری و كۆمەڵایەتیی كۆمەڵگەن و بێ حسابكردن بۆ ناسنامەی نەتەوەیی و دینی و نەژادی و رەگەزی.
زانکۆی ئەمەریکی کوردستان، شوێنێكە بۆ یەكسانیی دەرفەتەكان، ئەم دامەزراوە ئەكادیمییە ڕەنگدانەوەی بەهاکانی كەسایەتی و بیر و ئەندیشەی مەلا مستەفای بارزانییە، ئەو ڕێبەر و سەركردەیەی كە تەلاری سەرەكیی ئەم زانكۆیە بەناوی ئەوەوە ناودێر كراوە، هەر ئەو بەهایانەشە كە حكومەت و گەلی كوردستان بە هاوبەشی هەوڵ دەدەن جێگیری بكەن و بنیاتی بنێن، ئەم زانكۆیە شوێنێكە كە تیایدا شایستەکان براوە دەبن و مەعریفە و داهێنان دوو هێزی پاڵنەر دەبن تیایدا و پێشەنگەکان خەڵات دەکرێن.
بێ هیچ گومانێك، كاتێ تۆ لە كوردستان وەبەرهێنانی مرۆیی دەکەیت، ژینگەیەک دەدۆزیتەوە كە نەک هەر بە تواناکانت ئاشنایە، بەڵکوو تۆ خۆشت ئامادەساز دەبیت و حەز دەكەیت پرۆژەی لەسەر بنیات بنێیت. ئەوانەش لەبیر ناكەین كە لە ئێمە زیرەکترن، یاخود ئەوانەی ئەو بیرۆکانە دەهێننە سەر مێز کە ئێمە بیرمان لێ نەکردوونەتەوە، ئێمە پێشوازی لەوانیش دەكەین.
ئێمە پێداگرین لەسەر ئەوەی کوردستان بکەین بە كۆمەڵگەیەكی پڕ زانست و مەعریفە، متمانەی تەواویشم هەیە بەوەی كە ئەوانەی دەچنە دەرەوەی وڵات بۆ درێژەدان بە خوێندنیان، دوای ئەوەی خوێندن تەواو دەكەن، هۆكاری موقنیع و گرنگیان دەبێ بۆ گەڕانەوە بۆ وڵاتەكەیان، ئەركی ئێمە ئەوەیە كە ژینگەیەكی گونجاو ولەباری وەها بخولقێنین كە سەرنجی باشترین گەنجەكانی وڵاتەكەمان بۆ گەڕانەوە بۆ وڵات رابكێشین.. من ئەمشەو ئەو بەڵێنە دەدەم و پابەندیش دەبم پێیەوە و بە دروستی كار لەسەر ئەم خاڵە دەكەم.
خوشك و برایانی بەڕێز..
ئێمە لە گۆڕانکاری ناترسین، کۆمەڵگەی ئێمە وەك هەموو كۆمەڵگەكانی تری جیهانی دەوروبەرمان، بە بەردەوامی پێش دەكەوێت، ئێمەش لە كاتێكدا كە شانازی بە مێژوو و كولتوور و دابونەریتی جوانی خۆمانەوە دەكەین، لە هەمانكاتدا وای دەبینین كە گەلێ جار خۆگونجاندنیش لەگەڵ ڕووداو و گۆڕانكارییەكانی جیهاندا شتێكە ناكرێ دەستبەرداری بین.
ئەم بانگهێشتەی من بۆ ئێوەی بەڕێز لەمشەودا، لە کاتێکدایە كە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەجێندایەک پەیڕەو دەکات، کە ئامانجی بەهێزكردنی كێبەركێكاریی ئابووری و کۆمەڵگەکەمان و دەستەبەركردنی بناغەیەكی پتەوتر و خۆڕاگرترە. وەدیهێنانی ئەم گۆڕانكارییەش كارێكی ئاسان نیە، لە سەروبەندی سەركردایەتیكردنی ئەم دەستپێشخەرییشدا هەوڵێكی زۆرم داوە تا متمانەی گەلی كوردستان بەدەست بێنم، جا چ لە كەرتی گشتییدا بە پلەی یەكەم، یان لە كەرتی بانكی، كشتوكاڵی و تایبەتدا.
ئەو بڕە پارانەی لە پرۆسەی چاکسازییدا بۆمان دەگەڕێتەوە، دووبارە لە گەشەپێدانی ئابووریی كوردستاندا وەبەرهێنانی پێدەکەین، ئەوەش یارمەتیدەر دەبێ بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکی باشتر و كۆمەڵگەیەكی كاراتر.
ئەمشەو من بەرامبەر ئێوە راوەستاوم و لێرەوە هانتان دەدەم كە لە شوێنی کارەکانتان بە باشترین شێوە توانا و بەهرەکانتان وەگەڕ بخەن، حەزیش دەكەم ئەو راستیە بزانن كە ئەوەی من لێرەدا وەك رێنووێنی بە ئێوەی دەڵێم، لە ژیانی رۆژانەی خۆمدا پیادەی دەكەم.
لێرە بەدواوە، ئێمە لەم ئەركەدا پێکەوەین، پێشنیارتان بۆ دەکەم تا پێکەوە وەک تیمێک کوردستانێکی بەهێزتر بنیات بنێین، پێكەوە کۆمەڵگەیەک بنیات دەنێین کە شانازی بە بیرەوەری و قوربانییەکانی بابوباپیرانمانەوە بکات و وڵاتێک بنیات بنێین ببێتە جێگەی شانازی بۆ ئێمە و بۆ ئەوانیش، ئێمە دەتوانین ئەو كارە بكەین و دەشیكەین.
پێم خۆشە ئەمشەو ئەم پەیامە بە باشی وەربگرن و لەگەڵ خۆتاندا بیبەن بۆ هەر جێیەك كە بۆی دەچن: یەکەم – باش تواناكانی خۆتان بزانن و تێبگەن لەوەی كە ئێوە توانای ئەنجامدانی گۆڕانكارییتان هەیە.
دووەم: خاوەن بیروباوەڕێكی بەهێز و بوێر بن.
ئەو بیرکردنەوە رەخنەگرانەیەی لێرە فێری بوون، بەهرەیەکی پێویستە لە كاروانی ژیانتاندا. ئێوە دەتوانن و پێویستە ئاسۆی سنوورەکانتان فراوانتر بكەن و راستیەكان بە دەسەڵات بڵێن، ئەو بەشداریکردنەشتان پێشوازیی لێ دەکرێت.
بۆ ئەوانەی لەنێو ئێوەدا لە بواری كارسازییدا پێشەنگن، حکومەتی کوردستان هانتان دەدات و پێشم خۆشە پێتان ڕابگەیەنم كە بەم زووانە پرۆسەیەکی گرنگ لە بواری پێدانی قەرز و پێدانی پڕۆژە رادەگەیەنین. دواتر هەر ئەمساڵ وردەکاریی زیاتر لەو بارەیەوە ئاشکرا دەکەین. هەر وەک ئەوەی پێویستە، پڕۆسەکە پێشبڕکێکارانە دەبێت، بەڵام ئەوانە هان دەدات كە خوازیاری سەرکێشین و بیرۆكەی داهێنەرانەیان هەیە و بوێریی ئەوەیان هەیە كە هەوڵ بدەن خەونەكانیان وەدی بێنن. پێویستە بزانن كە هەموو كۆمپانیا گەورەکانی دونیا لە بیرۆکەیەک و بوێرییەكەوە دەست پێدەکەن و دواتر بەرەو پێشەوە دەڕۆن.
ئێمە و ئێوە پێکەوە، هەوڵ دەدەین و كار دەكەین بۆ ئەوەی كوردستان بكەین بە ناوەندێك بۆ وەدیهێنانی ئاواتەكان.
پێم خۆشە رێز و ستاییشی خۆم ئاڕاستەی دامەزراوەی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان و سەرکردە ئەکادیمییەکانی بکەم، کە هاوكار و یارمەتیدەر بوون بۆ بەڕێوەبردن و رێكخستنی ئاهەنگی دەرچوونی خولی ئەمساڵ لەم ئێوارەیەدا، ئەو بەڕێزانە گرووپێک لە خانمان و پیاوانی ماندوونەناسن و پابەندن بەو بەهایانەی ئێمە هیوامان خواست لەم دامەزراوەیەدا هەستیان پێ بكەین. کارەکانتان نەوە دوای نەوە بەردەوام دەبێت و رۆڵی كارای دەبێت لەوەی ئەم زانکۆیە بکاتە یەکێک لە باشترین زانکۆکانی ناوچەكە.
هەروەها دەمەوێت ئەوپەڕی رێز و سوپاس و پێزانینی خۆم بۆ جەنابی سەرۆک بارزانی دەرببڕم، بۆسەركردایەتیكردن و ئەوپەڕی خەمخۆری و دڵسۆزی و كۆششكردنی لەپێناو گەلی كوردستاندا، بەڕێزیان هەمیشە نیشتمانپەروەرێكی بیروباوەڕ پتەوە و بە فەزڵی پشتیوانیی گەورەیان بۆ پرۆسەی خوێندن، ئێمە ئەمشەو لێرەدا خۆمان دەبینین.
دەرچووانی خۆشەویست، پێم خۆشە بیرتان بهێنمەوە، سەرکەوتن تەنیا بە سامانێكی مادی و دانپێدانانێکی کۆمەڵایەتی پێناسە ناکرێت. سەرکەوتن واتە دەستنیشانكردنی ئامانج، واتە دروستکردنی کاریگەریی ئەرێنی و ژیانێکی پڕ لە دەستكەوت. سەرکەوتن واتە ئارامگرتن، کەوتنە شوێن ئامانجەکانی ژیان و زانینی بەهای خۆت لە جیهانێكدا كە دەیەوێ لە بەهات كەم بكاتەوە.
کاتێک خۆتان بۆ قۆناغی داهاتووی ژیان ئامادە دەکەن، دەبێ کاریگەریی هاوسۆزی و هاوئاهەنگیتان لەپێش چاو بێت. وەک سەرکردەی گەنج، ئێوە ئێستا چەندین بەرپرسیارەتیی بەكۆمەڵتان لەئەستۆدایە تا ببنە پاڵپشت بۆ دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و بانگەشەكار بۆ یەکسانی. هیواخوازم ئەو بەهایانەی لەم زانكۆیەدا فێریان بوون لە تەواوی كاروانی ژیانتاندا پێوەی پابەند بن.
بە دەستی واڵاوە نەزانراوەکان لەئامێز بگرن، چونکە گەشەسەندنی راستەقینە لە جیهانە تەمومژاوییەكاندا ڕوو دەدات. سەرکێشی بکەن، لە هەڵەكانتان فێر بن و بەردەوام بن لە تێپەڕاندنی ئەو سنوورانەی لەو باوەڕەدان دەتوانن تێیانپەڕێنن. لەبیرتان بێت، گەورەترین دەستکەوتەکان لە مێژوودا، لە رێگەی بەها جێگیرەكان و نەرمی و بوێرییەوە لەدایک بوون.
دەرچووانی خۆشەویست… کاتێک ئێوە دەچنە ناو ئەو قۆناغە نوێیەی ژیانتان، مەهێڵن ترس ببێتە لەمپەر لە ڕێگەتاندا، بەڵكوو بیكەنە سووتەمەنی تا بەرەو پێش پێی بڕۆن. ئەو ئاڵنگارییانەی لە پێشتانن پێشوازییان لێ بكەن چونكە ئەوانە دەرفەتن با لەدەستتان نەچن، ئاخر هیچ سنوورێك نیە بۆ تواناكانی ئێوە، بۆیە من متمانەی تەواوم هەیە كە کاریگەریی گەورەتان لەسەر جیهان دەبێت.
ئاهەنگی دەرچوونی ساڵی (2023)تان لێ پیرۆز بێت، بێ دوودڵی هەنگاو بنێن و بەرەو پێشەوە بڕۆن، خەونەکانتان بەدی بێنن، جیهان بکەنە شوێنێکی باشتر، داهاتوو لەدەست ئێوەدایە، من دڵخۆش دەبم كە شاهیدی دەستكەوت و سەركەوتنەكانی ئێوە بم.

error: Content is protected !!
Scroll to Top