KRG AUSTRALIA

English

گشت هەواڵەکان

جۆری بابەتەکان

سەرۆکی حکومەت: بە دابینکردنی هەژمارى بانکی ئاسانکارى بۆ هاووڵاتییان و بووژانەوەى ژێرخانی ئابووریی هەرێم دەکەین

سەرۆکی-حکومەت:-بە-دابینکردنی-هەژمارى-بانکی-ئاسانکارى-بۆ-هاووڵاتییان-و-بووژانەوەى-ژێرخانی-ئابووریی-هەرێم-دەکەین

سەرۆکی حکومەت: بە دابینکردنی هەژمارى بانکی ئاسانکارى بۆ هاووڵاتییان و بووژانەوەى ژێرخانی ئابووریی هەرێم دەکەین

مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە گفتوگۆیەکدا، لەبارەى کۆمەڵێک پرسی پەیوەست بە ئابوورى و سیستەمی بانکی لە هەرێمی کوردستان بە تایبەتی پڕۆژەى “هەژمارى من” کۆمەڵێک پرس و ڕوانگە دەخاتە ڕوو و ڕایدەگەیەنێت کە لە دوو ساڵی ئایندەدا کاروبارى مووچە و بازاڕگەرى لە ڕێگەى بانک و سیستەمی ئەلیکترۆنییەوە جێبەجێ دەبێت.

 

دەمانەوێت سیستەمی بانکیی پێشکەوتوو دامەزرێنین

مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەى پڕۆسەى بەئەلیکترۆنیکردنی دراو و ”هەژمارى من” دەڵێت: “بەداخەوە تاوەكوو ئێستا، سیستەمێکی بانكیی جێگیر لە هەرێمی كوردستان بوونی نەبووە؛ هەندێك دامەزراوە هەبوون كاری بانكییان كردووە، بەڵام وەكوو سیستەمی بانكیی پێشكەوتوو كە لە وڵاتانی پێشكەوتووی دنیادا هەن، لە كوردستان و بگرە لەهەموو عێراقیش وەکوو پێویست نەبووە. بۆیە ئەو متمانەیە دروست نەکراوە. ئەوەى ئێمە دەمانەوێت بیکەین، لەلایەکەوە لەگەڵ حکومەتی عێراق قسەى زۆرمان کردووە، لەسەر ئەم کارە کارى زۆریشمان کردووە، کە هاوکاری و هەماهەنگییەکی باش لە نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدراڵیدا هەبێت، لەلایەکی دیکەشەوە ئەو سیستەمە پێشكەوتووە بانكییەی كە لە جیهاندا باوە، لە كوردستاندا جێگیری بكەین و هەنگاوی پێویستیش بۆ بهاوێژرێت. هەموو شتێک لە هەنگاوی یەکەم دەست پێ دەکات. ئەوەی ئێمە پێمان كراوە، كردوومانە و بەردەوامیش دەبین، بۆ ئەوەی ئەم خزمەتگوزارییە بە هەموو خەڵكی كوردستان بگات و لە ئەنجامی كارەكانیشدا هیوادارم ئەو متمانەیە بۆ خەڵك دروست بێت و زیاتر ڕوو لەو كەرتە بكەن و زیاتریش سوودمەند بن لێی”.

 

متمانە بە کەرتی تایبەت

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان راشیدەگەیێنێت: “ئێمە بڕوامان بە كەرتی تایبەت و بە بانكی تایبەتییش هەیە، بەڵام ئەوانە ئەو بانکانەن كە متمانەیان لە بانكی ناوەندیی عێراق وەرگرتووە، کەواتە پەیوەندییەكی ڕاستەوخۆ لە نێوان ئەو بانكانە و بانكی ناوەندیی عێراق هەیە كە ئێمە بۆ جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژەیە بەکاریان دێنین، لەبەر ئەوەشە كە ئەو بانکانە دەتوانن ئەم كارە بكەن و ئەو ڕێنماییانەی كە حكومەتی فیدراڵ یان بانكی ناوەندی هەیەتی، لەسەر ئەو بانكانە جێبەجێ دەكرێن و ئەوانیش پێوەی پابەند دەبن”.

 

 

 

پارە دانان لە بانک، متمانە و بووژانەوەیە

لەبارەى گرنگییەکانی ئەو سیستەمەوە، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەێنێت: “لە هەموو شوێنێکی دونیا، خەڵك هەیە پارەی خۆی لە بانك دادەنێت، یەک پێیوایە پارە و سامانەكەی لە بانك پارێزراوترە، چونكە حکومەت دەبێت بیپارێزێت. لەلایەكی ترەوە دەتوانێت سوود لە بانك وەربگرێت، بۆنموونە ئەو پارەی لە بانك دادەنرێت، ئەگەر وەكوو پاشكەوت هەڵگیرێت، سوودی دێتە سەر. ئەمە خۆی دەستكەوتێكە بۆ ئەو هاووڵاتییە، لەلایەکی ترەوە دەتوانێت وەکوو قەرز ئەگەر سیستەمی بانكیی ئێمە بكەوێتە كار، دەتوانێت وەكوو قەرز پارە وەربگرێت، دەتوانێت لە ماوەى خۆیدا مووچە وەرگرێت، دەتوانێت لە هەر شوێنێک بڕوات وەکوو کارت سوودمەند بێت لە بەکارهێنانی ئەکاونتەکەى خۆی لە کڕینی ئەو مەوادانەى کە پێویستە. ئەگەر هاووڵاتییەک بیەویت سەفەر بۆ دەرەوە بکات، لە جیاتی ئەوەى خەمی ئەوەى بێت چۆن پارە ببات و کێ بۆى تەحویل بکات، دەتوانێت متمانە بە کارتەکەى خۆی بکات، وە حسابی خۆى لە هەرکوێی دونیا بێت بەکاری بهێنێت و بانک خۆى بەپرسە بەوەى حسابەکەى بکەوێتە کار و ئیشەکەى پێ جێبەجێ بکات. لە زۆر رووەوە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت. هاووڵاتی لە هەموو وڵاتانی دونیاى پێشکەوتوو ڕوویان لەوەیە چۆن سوودمەند بن لەو هاوکارییانەى کە بانک پێشکەشی هاووڵاتییانی دەکات، بەداخەوە لێرە تاکوو ئێستا ئەو شتانەمان نەبووە، ئەمە یەکەم هەنگاوە، بۆیە پێموایە ئەمە دەبیتە وەرچەرخانێکی گەورە لە بووژانەوەى ئابوورى و خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتییان”.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند:” لەلایەكی دیکەوە دەتوانێت هەتا یارمەتیی حكومەت بدات لە پرسی شەفافییەت و ڕێگرێكردن لە سپیكردنەوەی پارە و زۆر شتی تر.  کە ئەم پەیوەندییە دروست بکرێت، هەموو لایەک سوودمەند دەبن. ئەگەر ئابووریی وڵاتێك هەموو ئیعتمادی لەسەر كاش بوو، هێنان و بردنی  کاش زۆر زەحمەتە كۆنتڕۆڵ بكرێت، ئێمە بەتەماین ئەو پارەیە هەمووی بە شێوەیەكی ئەلیكترۆنی لەژێر چاودێریی فەرمیی حكومەت و ئەو دامەزراوانەی کە هەن ئەم کارە بكرێت، ئەمە تەنیا لە هەرێمی کوردستانیش نییە، لە هەرێمی کوردستانە و لە حکومەتی فیدراڵییە، وە بەستراوەتە بە تۆڕێكی نێودەوڵەتی كە چاویان لەسەرە، لەسەر هێنان و بردن، مەبەست لێی ئەوە نییە ڕێگریکردن بێت لە هێنان و بردنی پارە، تەنیا ئەوەیە ئەو کەسەى پارەیەکی پاکی هەیە دەتوانێت زۆر بە بێ منەتی هەموو لایەکی بەکاری بهێنیت، لێرە بەکاری دێنێت، دەیباتە دەرەوە، بەڵام بە شەفافییەت ئەم کارە دەکرێت. ئێمەش کە دەڵێین چاکسازی دەکەین، چاکسازییەکەمان بۆ ئەوەیە زیاتر ئاسانکارى بۆ هاووڵاتییان بکەین، نەک زەحمەتتری بکەین، پێموایە ئەم پڕۆسەیە هەم هاوکاریی هاووڵاتییان دەکات، هەم لەڕووی چاکسازییەوە هاوکاریی حکومەت دەکات، هەم لەڕووی چاودێریی نێودەوڵەتیشەوە دەکرێت کوردستان بچێتە ئاستێکی زۆر بەرزتر لەوەى مامەڵە لەگەڵ پارەى کاش دەکرێت ئەمڕۆ”.

 

سیستەمی بانکی؛ سوودی زۆر و ئاسایشی باشتری هەیە

سەرۆکی حکومەت رایگەیاند: ” ئەگەر تۆ ڕێگەی ئەوەت هەبێت بە شێوەی كریدت بتوانیت لە بری پارەی كاش ئیشوكارەكانی خۆت ڕاپەڕێنی، ئەمە زۆر یارمەتیدەر دەبێت؛ هەم بۆ حكومەت و هەمیش بۆ هاووڵاتی، لە جیاتی ئەوەى بیر لەوە بکاتەوە سیولە یان کاش، ئەگەر لە شوێنێک نوقسانی هەیە پێی ناکریت مووچە لەسەرى مانگ بدات یان پێی ناکرێت دابینی بکات، بەم شێوەیە ئەگەر كریدت لە بانك هەبێت، ئەو كێشەیە تا ڕاددەیەكی زۆر چارەسەر دەکرێت. كەواتە چاوەڕوانی سیولە و كاش ناكرێت، تەنیا ئەو ئیعتماد و كریدتەی لە بانكدا هەیە، ئەمە جێگرەوەی كاش دەبێت لە سیستەمێکی بانكیی پێشكەوتوودا، سیستەمی كریدتی بانكی جێگرەوەی سیستەمی كاشی ئێستا لە کوردستاندا باوە. ئەوە یارمەتییەکی زۆر دەدات، چونکە ئەو پارەیەى کە لەسەر حسابی هەر هاووڵاتیەک دەبێت، تەبعەن بانک تەنیا یەک کەس نییە، بە سەدان هەزار لەوانەیە خەڵکی هەبێت کە حساب لە بانکەکان دەکەنەوە، ئەو پارەیە بانک بەکاری دێنێت، دەبێت بە سوود، هەم بۆ بانک دەبێت بە سوود، هەم بۆ حکومەت دەبێت بە سوود، هەم بۆ خودی هاووڵاتیش دەبێت بە سوود، بۆیە ئەو پارەیە خۆى پارە دروست دەکاتەوە، لە حاڵەتێکدا کە سیستەمی ئیعتیماد تەنیا لەسەر کاش بێت، مامەڵەکردن بە پارە مەحدوودە، هەم لە ڕووی ئەمنییەتەوە لەوانەیە تۆزێک مەترسی زیاتری لەسەرە، جا لە هەموو جۆرێکەوە، چونکە سیستەمێکە ئێستا لە هەموو دونیا باوە ، وە هەنگاوی زیاتریشیان هاویشتووە، نەک تەنیا بە کارت، بەشێوەى پەیمێنت و بە شێوەى تەلەفۆن، کە ئەمە لەسەرەتاوە خەریکی دامەزراندنی ئەم ژێرخانەین، کە ئەم ژێرخانە دروست بوو، ئیتر هەنگاوەکانی تر زوو زوو دێن، چونکە ئێستا لەوانەیە زۆر کەسی گەنج هەن بیر لەوە دەکەنەوە چۆن بە تەلەفۆنی خۆى کە دەچێت بۆ ڕێستۆرانتێک بۆنموونە خواردنێک دەخوات، لە جیاتی ئەوەى پارەى کاشی هەبێت پارەى کارت بەکاربهێنێت کە لەوێ ئامێرى خوێندنەوەى کارتەکە دەبێت هەبیت کە حکومەت ئێستا خەریکە ئەم کارانە دەکات لەگەڵ ئەو بانکانەى هاوبەشن لەگەڵ حکومەت، یانیش سیستەمی پێشکەوتووتر هەیە کە لە داهاتووتردا دەکرێت سوودی لێ وەربگرێت ئەگەر بە شێوەیەکی ئەلیکترۆنی هەر بە تەلەفۆنەکەى خۆی دەتوانێت حەقی خۆى بدات بە خاوەنی ڕێستورانت یان هەر شوێنێکی تر بێت، ئەوە هەموو ئاسانکارییەکی یەکجار زۆر بە هاووڵاتییان دەکات، و سوودەکانیشی بۆ هاووڵاتی دەگەڕێنەوە “. 

 

لە دوو ساڵدا “هەژمارى من”  هەموو کوردستان دەگرێتەوە

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند:” پڕۆژەی هەژماری من سەرەتا وەکوو نموونە بۆ ٨٥٠ کەسە، ئەم ٨٥٠ کەسە دەچن مووچەى خۆیان بە شێوەى ئەلیکترۆنی وەردەگرن. ئەمە بۆیەش وتمان وەکوو پڕۆسەیەکی نموونەیی لە سەرەتاوە بە ٨٥٠ کەسەوە دەستی پێ بکەین، بۆیەش ماوەى دوو ساڵمان بۆی داناوە، تاکوو لەو ماوەیە هەم حکومەت بتوانێت ئەو ژێرخانەى کە پێویستە لە دروستکردنی “ATM” ئامێرى خوێندنەوەى کارت، لە سەرانسەرى کوردستان ئەوانە جێگیر بکات، لەلایەکی دیکەوە  بتوانێت لەگەڵ خەڵکی خۆى قسە بکات و هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان شارەزاى ئەو جۆرە سیستەمە بن. کەواتە جۆرێکی پەروەردە پێویستە کە حکومەتی هەرێم لەگەڵ لایەنە بەشداربووەکان، لەگەڵ بانکەکان بتوانن ئەو پەروەردەیە بە هاووڵاتییانی کوردستان بگەیەنن. هەم لەلایەکەوە چۆنییەتی بەکارهێنانى سیستەمەکە، هەم لەلایەکی دیکەشەوە خستنەڕووی سوودەکانی ئەو سیستەمە، هاووڵاتی خۆی کە دەبینێت کە ئەم سیستەمە ئاسانکارى تێدایە و سوودێکی زیاتریشی تێدایە، پێموایە ڕەغبەتی زیاتری دەبێت بۆ بەکارهێنانی ئەو سیستەمە، بۆیەش ماوەى دوو ساڵەکەمان بۆى داناوە، تاکوو بتوانن ئەوە بکەن، هیوادارین کەرتی تایبەتیش بە هەمان شیوە یارمەتیدەرى حکومەت بێت، ئەوانیش بێنە ناو ئەو پڕۆسەیە، هیوادارم لە کاتێکی زۆر زوودا ئەمە بکرێت، ئەوەى دەیەوێت سوودمەند بێت، سوودمەند بێت لە خێر و بەرەکەتی ئەم سیستەمە بێگومان تاکوو زووتر بێت، خۆى زیاتر سوودمەند دەبێت”.

”هەروەک باسم کرد ئێمە ناومان لێ ناوە پڕۆسەیەکی نموونەییە، ئەمەى ئێستا دەستمان پێ کردووە لەگەڵ دوو بانک تەنیا لەبەر ئەوە بووە ئەو دوو بانکە زیاتر ئەو دوو بانکە ئامادەکارییان تێدابووە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە، بەڵام لە شەش مانگی داهاتوودا ڕێگە دەکەینەوە بۆ هەر بانکێک کە بتوانێت ئەو کارە بکات بەشدار بێت، ئامانجی حکومەتیش ئەوەیە کە بانکەکانی دیکە بەشدار بن کە ڕێگە پێدراو بن لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە. دواتر بۆ هاووڵاتی خۆى دەمێنێتەوە لەگەڵ کام بانک دەیەوێت حسابی خۆى هەبیت، واتە حکومەت تەنیا یارمەتیدەر دەبیت لە خستنەسەر سکەى ئەو پڕۆژەیە، دواتر بۆ بانک و هاووڵاتی جێ دەهێڵێت، کە هاووڵاتی لەگەڵ بانکی خۆى ئەو پەیوەندییە دروست بکات، وە حکومەتیش تەنیا وەکوو یارمەتیدەر دەتوانێت پاڵپشت و هاوکارى ئەم پڕۆژەیە بێت”.

 

کوردستان بوارى گەشەکردن و پێشکەوتنی هەیە

لەبارەى ئەگەرەکانی سەرکەوتنى کابینەى نۆیەم لە پێشخستنی هەمەجۆرى ئابوورى و سیستەمی بانکییەوە، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: ” ئامانجمان ئەوەیە ئێمە بووژانەوەىەکی ئابوورى لە کوردستان دروست بکەین، ئامانجان ئەوەیە کوردستان بەرەو هەنگاوێکی زۆر پێشکەوتووتر هەنگاو بنێت، ئێمە تەنیا مەبەستمان ئەوە نییە مووچە بدەین، دەمانەوێت ژێرخانێکی ئابووریی وا بەهێز دروست بکەین کە بووژانەوەى ئابوورى لە هێنان و بردنی پارە لە حساباتی بانکی بە یارمەتیدەرى بووژانەوەى ئابوورى بێت، کەواتە چاومان لەوەیە چۆن ئێمە بەرەو ئایندەیەکی ڕووناکتر، بە ئایندەیەکی گەشتر، ئابوورییەکی باشتر هەنگاو بنێین، ئەمە یارمەتیی وەبەرهێنەرە بیانییەکانیش دەدات، ئەگەر سیستەمێکی پێشکەوتووی ئابوورى و سیستەمێکی بانکیی ڕێکوپێک هەبێت، یارمەتیی ئەوە دەدات چۆن خەڵکی تریش بێنە هەرێمی کوردستان، دروستکردنی ئەم ژێرخانە ئابوورییە زەروورەتێکە بۆ پێشخستنی ئابووریی کوردستان، بۆیە ئەمەى ئێمە دەمانەوێت بیکەین، ئەمە ڕوئیایەکە بۆ داهاتووی کوردستان، کە چۆن بتوانین لە قۆناغى ئێستادا بەرەو قۆناغێکی زۆر پێشکەوتووتر بیبەین”.

سەرۆکی حکومەتی هەرێم راشیگەیاند:”من پێموایە کوردستان هەموو موستەلزەماتی هەیە بۆ ئەوەى ببێتە ئابوورییەکی زۆر پێشکەوتوو، ئەگەر سەیرى وڵاتان بکەین، مەسەلەن وڵاتێکی وەکوو سەنگاپوور بکەین، کە تەنیا بە پێشخستنی سیستەمی بانکیی خۆی وە ڕووبەڕووبوونەوەى گەندەڵی، توانی لە وڵاتێکی زۆر هەژارەوە ببێتە وڵاتێکی زۆر زۆر پێشکەوتوو. ئێمە بۆ لە کوردستان نەتوانین ئەوە بکەین؟ پێموایە دەتوانین بیکەین. وڵاتێکی وەکوو کۆریاى باشوور کە توانی لە وڵاتێکی هەژارە ببێت بە وڵاتێکی زۆر پێشکەوتوو. وڵاتانی کەنداو، کە توانیان بە هەندێک گۆڕانکارى کە لە سیستەمی ئابووریی خۆیان دەیانکرد لەگەڵ ئەو سیستەمی چاکسازییانەى کە ئەوان کردوویانە، ئێمەش خەریکین. من پێموایە کوردستان ڕێگەى تێدایە کە ببێت بە شوێنێک بۆ پێشکەوتنی ئابووری، نەک تەنیا بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵکوو بۆ عێراق و هەموو ناوچەکەش. ئەوەى من دەیبینم، داهاتوویەکی زۆر گەشە بۆ کوردستان”.

 

با هاووڵاتییانمان متمانەمان پێ بکەن

سەرۆکوەزیران لەبارەى ڕاکێشانی متمانەى هاووڵاتییانی کوردستان بە هەنگاوەکانی کابینەى نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت: ” پێش هەموو شتێک بڕوام بە خۆمان هەیە، بڕوام بەو تیمانەیە کە لەگەڵ ئێمە کار ئەکەن، بڕوام بەو ڕوئیایە هەیە، تەنیا ئەوەیە کە ئێمە بتوانین بەردەوام بین، وە گوێ نەدەینە ئەو هەوڵانەى ڕێگریمان لێ دەکەن، چونکە بەرامبەر بەو هەوڵەى ئێمە، کە دەمانەوێت کوردستان بەرەو پێشەوە ببەین، هەوڵێکی تر هەیە دەیەوێت ڕێگەمان لێ بگرێت، داواى من لە هاووڵاتییان ئەوەیە متمانەمان پێ بکەن، بڕوایان بە خۆیان بێت، بڕوایان بە وڵاتەکەى خۆیان بێت، بەیەکەوە دەست لە ناو دەستی یەکتر ئێمە دەتوانین بەسەر هەموو ئەو تەحەدیاتانە سەرکەوین و کوردستان بگەیێنینە ئەو قۆناغەى کە شایستەى خەڵکی هەرێمی کوردستانە”.

 

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند:”پڕۆژەی هەژماری من” پڕۆژەیەکى نوێی بانکییە، کە کابینەى نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستی پێ کردووە. كۆمەڵێك سوودی بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان هەیە لە سەرجەم بوارەكان، لەوانە: ئاسانكاریی وەرگرتنی مووچە بە بێ نۆرە، متمانەدروستکردن بە سیستەمی بانکی، پارێزراویی زیاتری پارە، بەهێزکردنی ئاڵوگۆڕی پارە، ئاسانکارى لە ئـاڵوگۆڕی پارە و بازاڕگەری.

error: Content is protected !!
Scroll to Top