KRG AUSTRALIA

English

گشت هەواڵەکان

جۆری بابەتەکان

دابەشکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون بەشێوەی ئەلیکترۆنی دەبێت و دەست تێوەردانی تێدا ناکرێت

دابەشکردنی-یەکەکانی-نیشتەجێبوون-بەشێوەی-ئەلیکترۆنی-دەبێت-و-دەست-تێوەردانی-تێدا-ناکرێت

دابەشکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون بەشێوەی ئەلیکترۆنی دەبێت و دەست تێوەردانی تێدا ناکرێت

کابینەى نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پشتبەست بە یاسای ژمارە ٧ ی ساڵی ٢٠٠٦ی هەموارکراوی ساڵی ٢٠١٦، پڕۆسەى هاوکاریکردن و پشتیوانیی خێزانە داهاتنزمەکانی لە ڕێگەى بەخشینی یەکەکانی نیشتەجێبوون دەست پێ کردووە و بەڕێوەبەرى گشتیی دیوانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنیش دەڵێت: “پڕۆسەکە بەردەوامی دەبێت”.
ئێستا فۆرمی دابەشکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون کارا کراوە و کرێنشینان و کەمدەرامەتان دەتوانن تاکوو ٣٠ـی مانگی ١١ـی ئەمساڵ، بە ئۆنلایین فۆرمەکە پڕ بکەنەوە. یەکەکان لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنەوە دروست دەکرێن و پاش وردبینی، بەبێ پێشەکی و بە قیستی درێژخایەن دابەش دەکرێن.
توانا بەشیر، بەڕێوەبەری گشتیی دیوان لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، بە فەرمانگەى میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: “لە دوو هەفتەی ڕابردوودا کە فۆرم کارا کراوە، ١١ هەزار و ١٦٠ کەس پڕیان کردووەتەوە؛ تاکوو ٣٠ى ١١ى ٢٠٢٣ بەردەوام دەبێت. بە پێی داتاى حکومەت نزیکەى ٢٠٠ هەزار خێزانی کرێنشین هەن، جارێ ٩ هەزار یەکەى نیشتەجێبوون دیاری کراون، بەپێی یاساى نیشتەجێکردن ئەو پرۆسەیە بەردەوامی دەبێت.”
لەبارەى نیگەرانی و پەلەى هاووڵاتییان بۆ زووپڕکردنەوی فۆرمەکان، ناوبراو دڵنیایی دەدات و گوتی: “لەو ٩٠ ڕۆژەدا، هەرکات فۆرم پڕ بکرێتەوە جیاوازی نییە و داتاکان شی دەکرێنەوە، تا ئەوکاتەى سیستەمەکە دادەخرێت. دواتر زانیارییەکان دەنێردرێنە یەکە کارگێڕییەکان و دەپشکێنرێن، لە ڕێگەى دامەزراوە تایبەتەکانەوە پشکنین بۆ زانیارییەکان دەکرێن. دواى گەڕانەوەی ناوەکان گرێبەستیان لەگەڵ دەکرێت و پێیان دەبەخشرێت.” ئەوەشی گوت:” “دروستکردنی یەکەى نیشتەجێبوون بەردەوامی دەبێت و بە پێی پێویستی سندووقی تایبەتی خۆی دەبێت، چونکە بەشێکە لە یاسا و ڕێنماییەکان و کابینەى نۆیەم لە خەمی ئەو پرسەدایە”.
لەبارەى ئەگەری دەستتێوەردان و پاکییەتیی پرۆسەکەوە ڕایگەیاند: “ئەم پرۆسەیە ئەلیکترۆنییە و خۆکارانە کار دەکات، داتاکان لە دەستی مرۆڤ دوورن، بە پێی پێویستیی دیاریکراو دیارى دەکرێن، نمرەدانان بەپێی پێویستی و شیاوییە و دەستتێوەردانی تێدا ناکرێت. دواى تەواوبوونی وادەى پڕکردنەوە، بە کەمتر لە چوار هەفتە زانیارییەکان پاکتاو دەکرێن و کاروبارەکانیان تەواو دەبن، دواى وردبینی لە یەکە کارگێڕییەکانی سەر بە وەزارەت، بڕیاریان لێوە دەدرێت.”
یەکەکانی نیشتەجێبوون، ژمارەیان ٩ هەزار و ٤ یەکەیە و دەکەونە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، زۆرینەشیان دەکەونە پارێزگای سلێمانی؛ بەشێکیان نزیکن لەوەی تەواو ببن و بەشێکیشیان لە بواری جێبەجێکردندان. دابەشبوونی یەکەکان بەمشێوەیەیە: هەولێر ١٣٥٦ یەکە، سلێمانی ٣٨٧٦ یەکە، هەڵەبجە ١٩٢ یەکە، ئیدارەى ڕاپەڕین ٤٢٠ یەکە، ئیدارەى گەرمیان ٣٦٠ یەکە، دهۆک ٢١١٦ یەکە، زاخۆ ٣٢٤ یەکە و ئیدارەى سۆران ٣٦٠ یەکە.
کابینەی نۆیەم خزمەتکردنی کرێنشینان و کەمدەرامەتان بە ئەرکی خۆی دەزانێت و دەیەوێت خەونی نبشتەجێبوونی جێگیریان بۆ بەدی بهێنێت، بۆ ئەمەش پڕۆسەکە بە قۆناغ بەردەوامیی دەبێت.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری

error: Content is protected !!
Scroll to Top