KRG AUSTRALIA

English

گشت هەواڵەکان

جۆری بابەتەکان

ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆ لەسەر پڕۆژە یاسای هێنانەکایەی دەستەی متمانەبەخشین بە دامەزراوەکانی پەروەردە وخوێندنی باڵا دەکات

ئەنجومەنی-وەزیران-گفتوگۆ-لەسەر-پڕۆژە-یاسای-هێنانەکایەی-دەستەی-متمانەبەخشین-بە-دامەزراوەکانی-پەروەردە-وخوێندنی-باڵا-دەکات

ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆ لەسەر پڕۆژە یاسای هێنانەکایەی دەستەی متمانەبەخشین بە دامەزراوەکانی پەروەردە وخوێندنی باڵا دەکات

ئەنجومەنی وەزیران لە کێشە وبەربەستەکانی بارودۆخی کارەبا وپێشنیار وپڕۆژەکانی وەزارەت دەکۆڵێتەوە.

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ چوارشەممە 27ی نیسانی 2022 بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران، کورتەیەکی دەربارەی سەردانی فەرمی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەریتانیا و پێشوازیکردنیان لە ئاستێکی باڵا و کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا و وەزیرانی دەرەوە و ناوخۆ و بەرگری و وزەو بازرگانی و پەروەردە و تەندروستى و بەرپرسانی باڵای دیکەی ئەو وڵاتە خستەڕوو.
سەرۆکی حکومەت ئاماژە‌ی بە‌وە‌دا کە لە هەموو کۆبوونەوە و دیدارەکاندا، سەرۆک وەزیران و بەرپرسانی باڵای دیکەی بەریتانیا، ئامادە‌یی خۆیان دە‌ربڕی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و پشتیوانیکردن و ھە‌ماھە‌نگیكردن لە‌گە‌ڵ ھە‌رێمی كوردستان لە‌بوارە‌ جیاوازەكاندا، بەو ئاراستەیەش ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتەکانی ڕاسپارد کە بە پێی تایبەتمەندیی، بەدواداچوونی پێویست بکەن بۆ ئەو دۆسیانەی لەو سەردانە فەرمیە بۆ بەریتانیا گفتوگۆیان لەسەرکرا و بۆ ئەو مەبەستەش، سکرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیران و فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوە و فەرمانگەی هەماهەنگيی و بەدواداچوون ڕاسپێردران بۆ کاری هەماهەنگيی لە نێوان وەزارەتەکان و بەدواداچوون بە ئاراستەی سوود وەرگرتن لەو دەرفەتانەی دەرئەنجامی ئەو سەردانە فەراهەم بوون بۆ هەرێمی کوردستان.

بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە، بریتی بوو لە خستنەڕووی ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای ( دەستەی متمانەبەخشین بە دامەزراوەکان و پرۆگرامەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان ) کە ئامانج لێی، دانانی پێوەری گونجاوە بۆ متمانەبەخشین بە دامەزراوەکانی پەروەردە و خوێندن لە ڕێگەی دەستەیەکی سەربەخۆوە کە نابێتە جێگرەوەی وەزارەتەکان، بەڵکو پشتیوانی وەزارەت دەبن بۆ هاوتەریب کردنی پێوەرەکانی متمانەبەخشین لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتیيەکان لە پێناوی دەستەبەرکردنی کوالیتی بەرزیی ئەکادیمیی و زانستی لە ڕێگەی رێکخستنەوەی میکانیزمەکانی پرۆسەی متمانە بەخشین وپشتیوانیکردنی هەردوو وەزارەتی پەروەردە وخوێندنی باڵا و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان وبرەودان بە پڕۆگرامەکانی خوێندن لە هەرێم، دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە ، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا پێداچوونەوە بە پڕۆژە یاساکەدا بکرێت و لەبەر ڕۆشنایی ئەو سەرنج وتێبینیانەی خرانەڕوو ، ئامادەبکرێت بۆ دەنگدان لە سەری لە کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیران و ناردنی بۆ پەرلەمانی کوردستان بۆ تەشریعکردنی.
بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە خستنەڕووی بارودۆخی کارەبا لە هەرێمی کوردستان لە ڕووی بەرەوپێشچوون و ئاستەنگەکان و پێشنیارەکانی وەزارەتی کارەبا بۆ باشترکردنی خزمەتگوزاری کارەبا و پڕۆژەکانی کارەبا بەتایبەت کە نزیک دەبینەوە لە وەرزی هاوین کە لە لایەن کەمال ساڵح وەزیری کارەبا ڕاپۆرتێک خرایەڕوو، کە تێیدا کۆی کارەبای بەرهەمهاتوو بە مێگاوات لە وێستگەکانی بەرهەمهێنان و دابەشکردن لەسەر شارەکان و کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا بە هاووڵاتیان و پڕۆژەکانی وەزارەتی کارەبا بۆ بەرهەمێنانی زیاتری کارەبا ڕوونکردەوە. لە کۆتاییشدا بەربەستەکانی بەردەم وەزارەتی خستەڕوو لەگەڵ پێشنیاری پێویست بۆ چارەسەکردنیان.
ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی سامانەسروشتیەکان ، پلاندانان، دارایی و ئابووری و کشتوکاڵ وسەرچاوەکانی ئاوی ڕاسپارد کە هەماهەنگيی پێویست بکەن لەگەڵ وەزارەتی کارەبا بۆ پەرەپێدان و باشترکردنی خزمەتگوزاریی کارەبا.

لە دوا بڕگەی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجومەنی وەزیران وێڕای پیرۆزبایی بە بۆنەی نزیکبوونەوەی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، بڕیاردرا حەفتەی داهاتوو ڕێککەوتی 1-5 تا 5-5-2022 پشووی فەرمی بێت لە دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

error: Content is protected !!
Scroll to Top