KRG AUSTRALIA

English

گشت هەواڵەکان

جۆری بابەتەکان

ئەنجومەنی وەزیران ڕێکارەکانی ڕێگەگرتن لە تەشەنەکردنی کۆلێرا و دابەزاندن و کۆنترۆڵکردنی نرخی سووتەمەنی تاووتوێ دەکات

ئەنجومەنی-وەزیران-ڕێکارەکانی-ڕێگەگرتن-لە-تەشەنەکردنی-کۆلێرا-و-دابەزاندن-و-کۆنترۆڵکردنی-نرخی-سووتەمەنی-تاووتوێ-دەکات

ئەنجومەنی وەزیران ڕێکارەکانی ڕێگەگرتن لە تەشەنەکردنی کۆلێرا و دابەزاندن و کۆنترۆڵکردنی نرخی سووتەمەنی تاووتوێ دەکات

* سەرۆک وەزیران، وەزارەت و بەرپرسانی حکومەتی ڕاسپارد هاوکاری زیاتری دەزگاکانی ڕاگەیاندن بکەن

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ چوارشەممە 22 ی حوزەیرانی 2022 ، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەن ، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران ئاماژەی بە دیدارەکەی لە گەڵ دەزگاکانی ڕاگەیاندنی کوردستان دا و لەمبارەیەوە وەزارەت و بەرپرسانی حکومەتی ڕاسپارد، هاوکاری زیاتری دەزگاکانی ڕاگەیاندن بکەن و ئاسانکاری پێویستیان پێشکەش بکەن و زیاتر زانیاری و ڕوونکردنەوە دەربارەی کار وچالاکییەکانی حکومەت بە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ڕای گشتی کوردستان بگەیەنن، ئەمەش بەشێکە لە کارنامەی حکومەت لە ڕووی شەفافیەت و ئاگادارکردنەوەی ڕای گشتی.

دواتر قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، سەرەڕای پشتگیریکردنی لە وتەکانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، پێشنیاری کاراکردنی یاسای مافی دەسکەوتنی زانیاری لە هەرێمی کوردستان  ژمارە 11 ساڵی 2013 کرد، ئەویش لە ڕێگەی دەرکردنی ڕێنمایی ئاسانکاریی جێبەجێکردنی یاساکە لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی سیستماتیک، بابەتی پێدانی زانیاریی دروست، بە ڕۆژنامەنووسان و هاووڵاتیيان  ڕێک بخرێتەوە.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی ڕاپۆرتێکی بەرفراوانی دەربارەی ڕێکارەکانی وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بۆ ڕێگریکردن لە تەشەنەکردنی نەخۆشیەکانی سکچوونی توند و پەتای کۆلێرا وکۆنتڕۆڵکردنیان خستەڕوو کە تیایدا بە ئامار و شیکاری، هۆکارەکانی سەرهەڵدانی پەتاکە و ئامادەکاریی و ڕێکار و وەڵامدانەوەی وەزارەتەکەی خستەڕوو.

ئەنجومەنی وەزیران، سەرەڕای سوپاس و دەستخۆشی لە وەزارەتی تەندروستی بۆ  کار و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم پەتایە، پێشنیارەکانی ڕاپۆرتەکەی وەزیری تەندروستی پەسەند کرد و وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد بۆ بەردەوامبوون لە سەر ڕێکارەکانی ڕێگەگرتن لە تەشەنەکردنی ئەم پەتایە و چارەسەرکردنی سەرچاوە و هۆکاری نەخۆشیەکە، بە تایبەتی پاكکردنەوەی سەرچاوەکانی ئاو و هوشیارکردنەوەی هاووڵاتیيان لەمبارەیەوە.

پاشان لەلایەن کەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سروشتییەکان بەوەکالەت ، دەرەنجامی بڕیاری کۆبوونەوەی پێشووی ئەنجومەنی وەزیران سەبارەت بە کێشەی بەنزین خرایەڕوو. سەرۆک وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بۆ کارکردنیان بۆ دابەزاندن و کۆنترۆڵکردنی نرخی سووتەمەنی و پاراستنی کوالێتییەکەی و ڕاشیسپاردن کە بەردەوامبن لە سەر ئەو ڕێکارانە بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی ناوخۆ و کۆنترۆلکردنی نرخی سووتەمەنی.

بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە، بریتی بوو لە گرنگترین کار و پڕۆژەکانی چاکسازی کە لە لایەن وەزارەتەکانی کابینەی نۆیەم لە سەرەتای دەستبەکاربوونیان ئەنجامدراون لە چوارچێوەی هێڵە گشتیەکانی بەرنامەی کاری کابینەکە و یاسای چاکسازیی ژمارە 2 ساڵی 2020 کە لە لایەن وەزیرەکانەوە خرایە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران و دواتریش بۆ ڕای گشتی بڵاودەکرێتەوە، ئەنجومەنی وەزیران، جەختی کردەوە لە بەردەوامبوون لەسەر پلان و بەرنامەی چاکسازیی کابینەکە کە بەشێکی گرنگ و سەرەکی بەرنامەی کاری کابینەکەیە.

لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوە، ئەنجومەنی وەزیران ڕاسپاردە و پێشنیارەکانی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی پەسەند کرد تایبەت بە درێژکردنەوەی ماوەی کارکردن بە بڕیاری پێشووی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە 140 و داڕشتنەوەی بڕیاری ژمارە 145 تایبەت بە ئاسانکاریی بۆ دابینکردنی پێداویستییە خۆراکییە سەرەکییەکان، تاکو بارگرانی نەبوونی بەرهەمە خۆراکیەکان یان گرانبوونیان لە سەر هاووڵاتییان دروست نەبێت، ئەویش بە بەردەوامبوونی هەڵگرتنی ڕەسمی گومرگی لە سەر بەرهەم و پێداویستییە خۆراکییە سەرەکییەکان تا 2022/9/30  وەک ( ئارد ، برنج ، زەیتی خواردن، و ڕۆنی بەستووی ڕووەکی وئاژەڵیی ، چای ڕەش ، شەکر ، پاقلەمەنی وشک ( نۆک، نيسك، پاقلە، لۆبیا، فاسۆلیاو ماش) ، شيری منداڵان بە هەموو جۆرەکانییەوە. هەروەها ئاسانکاریی هاوردەکردنی ئاژەڵ بۆ دابینکردنی گۆشتی سوور لە ڕێگای هەڵپەساردنی مەرجی بەدەستهێنانی مۆڵەتی هاوردەکردنی ئاژەڵ بۆ گۆشتی سوور تا 2022/10/17 بە ڕەچاوکردنی ڕێکار و ڕێنماییە تەندروستییەکان و پاراستن و پشتیوانی بەرهەمی ناوخۆیی و دۆخی کەمی لەوەڕگاکان وکەمی ئالیک و تیمەکانی چاودێریی بازاڕ و لیژنەکانی قایمقامیەت و ئاسایشی بازرگانی بەردەوام بن لە چاودێریکردنی بازاڕ و ڕێگرتن لە خراپ سوود وەرگرتن لەم ئاسانکاریانە و بەرزکردنەوەی نرخەکان.

لە بڕگەی چوارەمی کۆبونەوەکە،  ئەنجومەنی وەزیران دووپاتی پابەندبوونی حکومەتی بە جێبەجێکردنی یاسای پاراستنی مافی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان ژمارە 5 ساڵی 2015 کردەوە و بڕیاردرا بە ڕاسپاردنی وەزارەتی داد، بە هاوکاری و هەماهەنگیی لەگەڵ وەزارەتی ئەوقاف وکاروباری ئایینی و وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان و سەرۆکی یەکە کارگێڕیەکان، بۆ دەرکردنی ڕێنمایی پێویست بۆ ئاسانکاریی جێبەجێکردنی یاساکە، لە پێناوی  پاراستن و پارێزگاریکردنی ئەو ناوچانەی پێکهاتە جیاکانی هەرێمی کوردستان تێێدا جێگیربوون وڕێگەگرتن لە هەر ڕەفتار وسیاسەتێکی نەرێنی کە ببێتە هۆی گۆڕینی بارودۆخی ڕەسەنی ئەو ناوچانە یان گۆڕینی دیمۆگرافیان.

لە بڕگەی کۆتاییدا، ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، ڕاپۆرتێکی خستەڕوو سەبارەت بە  پێویستی و گرنگی بەردەوامبوونی پرۆسەی وردبینی و پێداچوونەوەی سەرجەم قۆناغەکانی پرۆسەکانی نەوت وگاز لە هەرێمی کوردستان و برەودان بە شەفافیەت لە ڕێگای بەردەوامی خستنەبەردەستی ڕاپۆرتەکانی تایبەت بە زانیاری وژمارەکانی بەرهەمهێنان و هەناردەکردن و فرۆشتن و خەرجیی و داهاتی نەوت وگاز  بۆ ڕای گشتی. ئەنجومەنی وەزیران، وێڕای سوپاس و دەستخۆشی بڕیاریدا بە بەردەوامبوونی پڕۆژەی ئێستای تایبەت بە وردبینی و پێداچوونەوەی قۆناغەکانی نەوت وگاز و داهات وخەرجیيەکانی، لە دوای چاوخشاندنەوە بە  گرێبەستی خزمەتگوزاریی وردبینی کۆمپانیای دیلۆیت ، لە ڕووی نرخ وتێچووی خزمەتگوزارییەکە و خستنەڕووی ڕاپۆرتی مانگانە، سەبارەت بە بەرهەمهێنان و هەناردەکردن و فرۆشتن و خەرجیی و داهاتی نەوت وگاز بۆ ڕای گشتی و فراوانکردنی چالاکیبەکانیيان و دەوڵەمەندکردنی ڕاپۆرتەکانی مانگانە . جەختیش لەسەر ڕاهێنانی فەرمانبەرانی دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم کرایەوە بۆ بەرزکردنەوەی تواناکانیان و نوێکردنەوەی یاسا وڕێنمایی و پێوەرەکانی دارایی و وردبینی کارپێکراو لەهەرێمی کوردستان لەبەر ڕۆشنایی پێوەرە نوێ و هاوچەرخەکانی ئەم بوارە .

error: Content is protected !!
Scroll to Top