KRG AUSTRALIA

English

گشت هەواڵەکان

جۆری بابەتەکان

ئەنجومەنی وەزیران پڕۆژە یاسای نوێی کاری پەسەند کرد و ڕاپۆرتی دارایی شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2022 تاووتوێ کرد

ئەنجومەنی-وەزیران-پڕۆژە-یاسای-نوێی-کاری-پەسەند-کرد-و-ڕاپۆرتی-دارایی-شەش-مانگی-یەکەمی-ساڵی-2022-تاووتوێ-کرد

ئەنجومەنی وەزیران پڕۆژە یاسای نوێی کاری پەسەند کرد و ڕاپۆرتی دارایی شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2022 تاووتوێ کرد

* ئەنجومەنی وەزیران دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک، دەستبەرداری ماف و شایستە دەستوورییەکانی نابێت و ملکەچی هیچ فشار و هەڕەشەیەکی حکومەتی فیدراڵی نابێت کە دەیەوێت مافەکانی خەڵکی کوردستان پێشێل بکات.

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ چوارشەممە 6 ی تەمموزی 2022 ، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەن، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکە، بریتی بوو لە خستنەڕووی ڕاپۆرتی وەزارەتی ناوخۆ  لە لایەن ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ سەبارەت بە بەرەوپێشچوون و ڕێوشوێنی جێبەجێکردنی فەرمانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە داخستنی شوێنەکانی فرۆشتنی چەک و دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێ مۆڵەت لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان.

وەزیری ناوخۆ وردەکاری پێوبستی سەبارەت بە ڕێکارەکانی جێبەجێکردنی فەرمانەکە بۆ نەهێشتنی چەکی بێ مۆڵەت، بۆ ئەنجومەنی وەزیران خستەڕوو. وەزیری ناوخۆ ئاماژەی بە هەنگاوەکانی وەزارەت دا بۆ جێبەجێکردنی یاسای نوێی چەک لە هەرێمی کوردستان ژمارە 2 ی ساڵی 2022 و بڕگەکانی ڕەشنووسی ئەو ڕێنماییانەشی خستەڕوو کەوا بڕیارە وەزارەتەکەیان دەری بکات بۆ ئاسانکاریی جێبەجێکردنی یاسای نوێی چەک بە ئاڕاستەی داماڵینی چەکی بێ مۆڵەت و ڕێکخستنەوەی مۆڵەتپێدان و بەرگرتن لەو توندوتیژیانەی بەهۆی چەکەوە ڕوودەدەن.

سەرۆک وەزیران جەختی لەوە کردەوە کە دەبێ بە هەموو شێوەیەک، ڕووبەڕووی تاوانکاران ببینەوە و کۆتایی بە دیاردەی چەکهەڵگرتن لە دەرەوەی یاسا و بەبێ مۆڵەت بهێنین، بۆ ئەوەی سنوورێک بۆ تاوانکاری و توندوتیژی دابنرێت.

لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەدا، ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای نوێی کار، لە لایەن کوێستان محەمەد وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵاتی خرایەڕوو.

سەرۆک وەزبران، وێڕای دەستخۆشیکردن لە وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵاتی و هەموو وەزارەت و لایەنە بەشداربووەکان لە ئامادەکردنی پڕۆژە یاسایەکە، ئاماژەی بە گرنگیی هەبوونی ئەم پڕۆژە یاسایە کرد کە یەکێک بوو لە هێڵە گشتیەکانی بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەم،  بە ئامانجی ڕێکخستنی پەیوەندییەکانی کار لە نێوان کرێکاران و خاوەنکاران، لەسەر بنەمای نوێ و پاراستنی مافەکانی هەر یەکێکیان و مافەکانی مرۆڤ بەگشتی و یەکسانی ڕەگەزی و بە تایبەتی پاراستنی مافی کرێکاران و تەندروستی و سەلامەتی پیشەییان و پەرەپێدانی کەرتی تایبەت و ڕەخساندنی هەلی کاری زیاتر  و جێگرتنەوەی کرێکارانی بیانی بە دەستی کاری ناوخۆیی و داڕشتنەوەی یاساکە لەسەر پێوەرە هاوچەرخەکانی نێودەوڵەتی، لە کاتێکدا یاساکەی ئێستا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی هەشتاکانی سەدەی پێشوو، کە لەسەر بنەمای مەرکەزییەت داڕێژراوە و هێنانەکایەی ئەم یاسا نوێیە، پێویستیەکی حەتمی بوو بۆ قۆناغی ئێستا.

سەبارەت بە گرنگی پڕۆژە یاسای کار، جێگری سەرۆک وەزیران کە سەرپەرشتی لیژنەی وەزاریی ئامادەکردنی ئەم پڕۆژە یاسایەی دەکرد، سوپاسی وەزارەتی کارو  کاروباری کۆمەڵایەتی و وەزارەتی پلاندانان و هەموو ئەو لایەنانەی کە بەشداربوون لە داڕشتنی ئەم یاسایە کرد و گوتی، ئەم یاسایە یەکێکە لە یاسا هەرە گرنگەکان و یاسایەکی سەردەمیانەیە و کۆڵەکەی برەودانە بە ئابووریی و بازاڕ وکەرتی تایبەت و بەهاوکاری ڕێکخراوی جیهانی کارو پشت بەست بە پێوەرە نێودەوڵەتییەکان داڕێژراوەو هەموو بنەماکانی مافی مرۆڤ و یەکسانی رەگەزی تێدا پارێزراوە. گوتیشی: لەڕێی ئەم یاسایەوە، بەشێوازێکی ڕێکخراوتر و باشتر مامەڵە لەگەڵ کرێکاری بیانی دەکرێت و مافەکانیان پارێزراوتر دەبێت لەگەڵ رەچاوکردنی مافەکانی کرێکاری خۆماڵی لە پرسی دابینکردنی هەلی کار بۆ دەستی کاری خۆماڵی و رێکخستنی گرێبەستی کار و کاتەکانی دەوام کردن و مۆڵەت وەرگرتن، بەتایبەتیش مافی منداڵ و ژن پارێزراوتر دەبێت. هەروەها ئاماژەیدا بە ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای خانەنشینی و بیمەی کۆمەڵایەتی کە تەواوکاریی یاسای کارە و کاری باشی لەسەرکراوە و لە داهاتوویەکی نزیکدا، لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت.

ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ پڕۆژە یاسای نوێی کاری پەسەند کرد و ئاراستەی پەرلەمانی کوردستان کرا بۆ تەشریعکردنی.

بڕگەی سێیەم، تایبەت بوو بە خستنەڕووی پوختەی ڕاپۆرتی دارایی هەرێم بۆ شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2022 سەبارەت بە داهاتی نەوتی و نانەوتی و خەرجییەکانی (بەکاربردن، پڕۆژەکانی وەبەرهێنان ، خەرجییەکانی نەوت و گاز ، پشتیوانیی حکومەتی هەرێم بۆ دابینکردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و کڕینەوەی وزە لەو وێستگانەی کەرتی تایبەت لە بواری کارەبا و دابینکردنی بەنزین بە نرخی پاڵپشتی)، هەروەها قەرزەکانی پەیوەندیدار بەنەوت. ئەم بابەتانە لە لایەن ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەن و کەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت خرایەڕوو.

ئاماژە بەوە درا کە وێڕای ئەوەی کابینەی نۆیەم توانیویەتی لە داهاتی نەوت پارەی پێویست بۆ مووچەی تەواوی شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2022ی دابین بکات کە خەرجیی تێکڕایی مانگانەی مووچە 900 ملیار دینارە، لە کاتێکدا حکومەت فیدرالی بۆ  شەش مانگی ساڵی2022، دەبووایە ترلیۆنێک و دوو سەد ملیار بنێرێت بەڵام تەنیا دوو مانگی لەمساڵەدا ناردووە کە تەنیا 400 ملیار دینارە. بەڵام حکومەتی هەرێم، هەموو مانگێک مووچەی تەواوی دابەش کردووە. جگە لە دابینکردنی مووچە، لە ماوەی تەمەنی کابینەی نۆیەم و لە سێ ساڵی ڕابردووشدا و تا دەگات بە ئێستا بڕی زياتر لە ملیار و نیوێک دۆلاریش لە قەرزە کۆنەکان دراوەتەوە. هەروەها حکومەت پارەشی بۆ خەرجییەکانی بەکاربردن و پێشینەی پڕۆژەکانی پلانی وەبەرهێنانیش خەرج کردوە و هیچ جۆرە قەرزێکی نوێش نەکراوە.

 

ئەمانە سەرەڕای دابینکردنی گاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا کە بۆ شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2022 بەهای ئەو غازەی لە کێڵگەی کۆرمۆر دابینکراوە بۆ ئەو وێستگانە بە پارە بڕی 566 ملیۆن دۆلار بووە، ئەمە سەرەڕای خەرجیی کڕینەوەی وزەی کارەبا لەو وێستگانە کە لەو شەش مانگەدا، 516 ملیۆن دۆلار بووە لەسەر حکومەتی هەرێم، بەڵام بە نرخێکی ڕەمزی پاڵپشتییکراو

، کارەبا بۆ هاوولآتیان دابینکراوە ، هەروەها پاڵپشتیکردنی نرخی بەنزین و دابینکردنی بە 800 دینار بۆ یەک لیتر بۆ هاووڵاتیان، لە کاتێکدا لە سەر حکومەتی هەرێم 1200 دینار کەوتووە ، ئەمە جگە لە غازی ماڵان کە ئەویش بە نرخی پاڵپشتیکراو دابین دەکرێت.

لە بڕگەی چوارەمدا،  هەنگاوە دەستووری و دادوەریی و یاساییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر گوشاری ناڕەوا و نادەستووریی وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدرال لە لایەن سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران خرایەڕوو.

ئاماژە بەوە درا کە بەداخەوە حکومەتی فیدڕاڵیی، بە نادەستوریی بڕیاری ڕاگرتنی خەرجکردنی بەشە بودجەی هەرێمی داوە، لە هەمانکاتدا گوشاری ناڕەواش دەکات تا ڕێگربێت لەو داهاتەی کە هەرێم خۆی دەستی دەکەوێ لە داهاتیی نەوتیی و ناوخۆیی خۆی، کە هیچ ئەرکێکی دارایی لەسەر حکومەتی فیدڕاڵیی دروست نەکردووە.

ئەنجومەنی وەزیران دووپاتی کردەوە کە بە هیچ شێوەیەک، دەستبەرداری ماف و شایستە دەستوورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان نابێت و بە هەموو ڕێگەیەکیش، داکۆکی لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات و ملکەچی هیچ فشار و هەڕەشەیەکی حکومەتی فیدراڵی نابێت کە دەیەوێت مافەکانی خەڵکی کوردستان پێشێل بکات .

لەهەمانکاتیشدا ئەنجومەنی وەزیران جەخت لە چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان دەکاتەوە لەگەڵ بەغدا، لەناویشیاندا کێشەکانی پەیوەست بە نەوت و گاز لە سەر بنەمای دەستوور، کە دەکرێ لە ڕێگەی دەرکردنی یاسای نەوت و گازی فیدراڵی پشتبەست بە دەستوور، کە ماف و ئەرکەکانی هەرلایەنێک دیاری بکات، چارەسەر بکرێت.

 

error: Content is protected !!
Scroll to Top