ڕاگەیەندراوێک لە ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستانەوە
![](https://usercontent.one/wp/www.krgaustralia.net/wp-content/uploads/2022/07/localimages/untitled-wwww.jpg?center=0.5%2C0.36917562724014336&media=1678916050&mode=crop&width=1200&height=630&rnd=132770394480000000)
تۆپبارانکردنی ھاوینەھەواری پەرەخێ لە سنووری دەرکار لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە لایەن ھێزەکانی تورکیاوە، بە توندی شەرمەزار دەکەین، کە بە داخەوە بووە ھۆی شەھید و برینداربوونی ژمارەیەک ھاووڵاتی گەشتیار. پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەھیدەكان دەكەین و ھیوای چاكبوونەوەی خێراش بۆ بریندارەکان دەخوازین.
لەماوەی رابردوودا، هەرێمی کوردستان چەندین جار لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق، کراوەتە ئامانج و زیانی گیانی و ماددی بەر هاووڵاتییانمان کەوتووە. پێویستە حکومەتی فیدرال و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بە شێوەیەکی کاراتر ،ھەوڵی ڕێگریکردن لە دووبارە بوونەوە و کۆتاییهێنان بەم دەستدرێژیانە بدەن.
پێکدادانی هێزەکانی تورکیا و چەکدارانی پەکەکەش لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێم، بووەتە سەرچاوەی هەڕەشە و مەترسیی بەردەوام بۆ سەر هاووڵاتییانمان، بۆیە جارێکی دیکەش داوا دەکەین، ھەرێمی کوردستان، لە کێشە و ململانێ ناوچەییەکان دوور بخرێتەوە، بۆ ئەوەی چیتر ھاووڵاتییانی بێ تاوان، نەبنە قوربانی .
ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان
20 ی تەمموزی 2022