پەیامی سەرۆکی حکومەت بەبۆنەی شەست و یەکەمین ساڵڤەگەڕی هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول
![](https://usercontent.one/wp/www.krgaustralia.net/wp-content/uploads/2022/09/localimages/prime_minister_masrour_barzani.jpg631dad83aa5ae.jpg?center=0.31034482758620691%2C0.50180505415162457&media=1678916050&mode=crop&width=1200&height=630&rnd=132723729660000000)
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی ، بە بۆنەی ساڵیادی ھەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول پەیامێکی بڵاوکردەوە، کە ئەمە دەقەکەیەتی :
ئەمڕۆ یادی گەورەترین شۆڕشی گەلی کوردستان دەکەینەوە کە شۆڕشی مەزنی ئەیلوولە. ئەم شۆڕشە،وەرچەرخانێکی مێژوویی و شۆڕشێکی سەرتاسەری خەڵکی کوردستان بوو بە گشت پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییە جیاوازییەکانەوە، بە سەرکردایەتی ڕابەری نیشتمانیمان مستەفا بارزانیی نەمر.
یەکێک لە گرنگترین و بەهادارترین تایبەتمەندییەکانی شۆڕشی ئەیلوول، یەکڕیزی و یەکگرتوویی گەلی کوردستان بوو، کە بەهۆی خۆڕاگری و ئیرادەی بەهێزی خەڵکی کوردستان، دوژمن ناچار بوو دان بە بەشێک لە مافە نەتەوەیی و نیشتمانییە ڕەواکانی دا بنێت لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامەی یازدەی ئادار.
هەروەها گەورەترین شوناسی شۆڕشی ئەیلوول، گۆڕینی ڕاپەرین و خەباتی ناوچەیی بوو بۆ شۆڕشێکی نیشتیمانی سەرتاسەری لە هەموو کوردستان و دروستکردنی هەستی نەتەوەیی و نیشتیمانی بوو لای هەمو هاووڵاتییانی کوردستان.
ئەمڕۆ کە یادی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول دەکەینەوە، پێویستە هەموو لایەن و پێکهاتەکانی گەلی کوردستان، هاوهەڵوێست و یەکدەنگ بن لە پێناو داکۆکیکردن و پاراستنی مافە دەستووری و دەسکەوتە نیشتمانییەکانمان، کە خەڵکی کوردستان، دەیان ساڵە لە پێناویاندا خەبات دەکات و قوربانییەکی زۆری داوە.
لە ساڵیادی شۆڕشی ئەیلوولدا، بە ڕێز و پێزانینەوە، یادی هەموو پێشمەرگە و بەشدارانی ئەو شۆڕشە مەزنەی گەلی کوردستان دەکەینەوە.
سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی شۆڕشی ئەیلوول و سەرجەم شەهیدانی کوردستان.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان