پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی ڕۆژی جیھانیی نەھێشتنی توندوتیژی دژی ئافرەتان
![](https://usercontent.one/wp/www.krgaustralia.net/wp-content/uploads/2022/11/localimages/prime_minister_masrour_barzani.jpg6380a9fea3793.jpg?center=0.31034482758620691%2C0.50180505415162457&media=1678916050&mode=crop&width=1200&height=630&rnd=132723729660000000)
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی، ئەمڕۆ بەبۆنەی ڕۆژی بەرەنگاربوونەوە و نەھێشتنی توندوتیژی دژی ئافرەتان ، پەیامێکی بڵاوکردەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی:
لە ڕۆژی جیهانیی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ئافرەتان و دەستپێکردنی ھەڵمەتی 16 ڕۆژە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان، ھەڵوێستی نەگۆڕی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە ڕووبەڕووبوونەوە و نەھێشتنی ھەر جۆرە توندوتیژیەک، بەتایبەتی جیاکاری و توندوتیژی دژ بە ئافرەتان دووپات دەکەینەوە.
یەکێک لە ئەرکە لە پێشینەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، زەمینەڕەخساندن بووە لە بەردەم ئافرەتانی کوردستان بۆ ئەوەی ڕۆڵی کارا و کاریگەر و شایستەی خۆیان لە پێگە جۆراوجۆرەکانی حکومڕانیی ھەرێمی کوردستاندا بگێڕن.ھەروەھا بەھەموو شێوەیەک ھەوڵی پەرەپێدانی کولتووری ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ بە گشتی و مافەکانی ئافرەتان و نەھێشتنی جیاکاری ڕەگەزی لە کوردستان دەدەین .
ئافرەتانی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا دەسکەوتی گرنگیان بەدەستھێناوە، بەڵام بەداخەوە ھێشتاش ئاستەنگ و بەربەست ھەن و ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە ، بۆیە ھیوادارین بە ھاوکاری ھەموو لایەنەکان و پێکھاتەکانی کۆمەڵگە ، کۆتایی بە ھەموو جۆرە توندوتیژییەک و جیاکارییەکی ڕەگەزی بھێنین و ھەرێمی کوردستان ببێتە نموونەیەکی گەشی پاراستنی مافەکانی ئافرەتان و مافەکانی مرۆڤ بەگشتی .