پیرۆز بێت ڕۆژى جیهانی کرێکاران
![](https://usercontent.one/wp/www.krgaustralia.net/wp-content/uploads/2022/05/localimages/untitled-wwww.jpg626eaa2e805b7.jpg?center=0.5%2C0.36917562724014336&media=1678916050&mode=crop&width=1200&height=630&rnd=132770394480000000)
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- بە بۆنەى هاتنى ١ى ئایار رۆژی جیھانی کرێکاران، پیرۆزبایی لە سەرجەم کرێکارانى کوردستان دەکەین و هیوادارین ئەم چینەى کۆمەڵگە لە کار و پیشەکانیان پارێزراو بن و ژیانێکى گونجاو و شایستەیان هەبێت.
حکومەتى هەرێمى کوردستان بە جدییەوە لە هەوڵى چارەسەرکردنى کێشەى چینى کرێکاران بووە و لەم پێناوەشدا بەردەوام چاودێرى خاوەن کار و پڕۆژەکانى کردووە بەرامبەر بە دابینکردنى ئاسایشى کار و نەفەوتانى مافى کرێکاران و هەر لەم پێناوەشدا بووە کە لە ڕێگەى وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتییەوە کار لەسەر هەردوو “یاساى خانەنشینى و دەستەبەرى کۆمەڵایەتى” و “یاساى کارى کرێکاران” کراوە و لە لایەن “بەڕێوەبەرایەتییەکانى بەکارخستن و ڕاهێنانى پیشەیی”ـى ئەو وەزارەتەشەوە کە شەش سەنتەرى ڕاهێنانى پیشەیین لە سەرتاسەرى هەرێمى کوردستان، کار بۆ هاووڵاتیان دۆزراوەتەوە و لە دواى ڕاهێنان خراونەتە سەر کار.
حکومەتى هەرێمى کوردستان خۆى بە ئەرکدار دەزانێت بەرامبەر بە چینى کرێکاران و سەرجەم چین و توێژەکانى دیکە بۆ دابینکردنى ئاسایش و مافەکانیان.
د. جوتیار عادل
وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان
١ی ئایاری ٢٠٢٢