KRG AUSTRALIA

پارساڵ زیاتر لە ٤٢ هەزار كەس سوودیان لە خزمەتگوزارییەكانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ئافره‌تان و خێزان وەرگرتووە

پارساڵ-زیاتر-لە-٤٢-هەزار-كەس-سوودیان-لە-خزمەتگوزارییەكانی-به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی-توندوتیژی-دژی-ئافره‌تان-و-خێزان-وەرگرتووە

پارساڵ زیاتر لە ٤٢ هەزار كەس سوودیان لە خزمەتگوزارییەكانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ئافره‌تان و خێزان وەرگرتووە

بەپێی ئامارێکی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ئافره‌تان و خێزانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە ساڵی ٢٠٢٢ له‌ پارێزگاكان و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان، ١٥ هەزار و ٨٩٧ په‌ڕاو تۆمار كراون و ١٠ هه‌زار و ٣٠٥ كه‌سیش سوودیان لە هێڵی گه‌رمی ١١٩ وەرگرتووە.

په‌ڕاوی تۆماركراو لە تەواوی هەرێمی كوردستان
له ‌سه‌رجه‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ئافره‌تان و خێزان، ١٥ هەزار و ٨٩٧ په‌ڕاو تۆمار كراون و به‌مشێوه‌یه‌ش بەسەر پارێزگاكان و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان دابه‌ش بوون:
لە هه‌ولێر پەڕاوی تۆماركراو بریتی بووە لە چوار هه‌زار و ٦٧ په‌ڕاو، لە دهۆك چوار هه‌زار و ٣٤٨ و لە سلێمانی پێنج هه‌زار و ٤١١ په‌ڕاو تۆمار كراون. لە ئیدارە سەربەخۆی گه‌رمیان هه‌زار و ٨٢ په‌ڕاو، لە ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپه‌ڕین ٦٢٤ و لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیش ٣٦٥ په‌ڕاو تۆمار كراون.

دە هەزار کەس پەیوەندییان بە گەرمەهێڵی ١١٩ەوە کردووە
هێڵی گه‌رمی ١١٩كه هێڵێکی تایبەت بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزار و هۆشیاریی ناو کەمپەکان و‌ لەو ڕێگەیەوە هاووڵاتییان ده‌توانن په‌یوه‌ندی بكه‌ن و سوود لەو خزمەتگوزارییەی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ئافره‌تان و خێزان وەربگرن. له‌ ساڵی ٢٠٢٢ـدا، ١٠ هه‌زار و ٣٠٥ كه‌س په‌یوه‌ندییان به‌م هێڵه‌وه‌ كردووه‌ و سوودیان لێ وه‌رگرتووه‌ كە سێ هه‌زار و ٦٢٩ كه‌یسیان لە هەولێر و دوو هه‌زار و ٦٠١ كه‌یسیان لە سلێمانی چوار هه‌زار و ٧٥ كه‌یسیان لە دهۆك بوون.

له‌ شار و شارۆچكه‌كانی هەرێمی كوردستان سەنتەرى ڕاوێژکارى هەن
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ئافره‌تان و خێزان، له‌ شار و شارۆچكه‌كانی هەرێمی کوردستان سه‌نته‌ری ڕاوێژكاری هه‌یه‌،كه‌ هاووڵاتییان ده‌توانن بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانیان سوودیان لێ وه‌ربگرن.
ئاماری ئه‌و سه‌نته‌رانه‌ ساڵی ڕابردوو 2 هه‌زار و ٥٥٥ كه‌یسی بووە کە ٤٨٠ كه‌یسیان لە هەولێر، ٧٠٢ کەسیان لە دهۆک، ١٢٤ كه‌یسیان لە سلێمانی، ٣٦١ كه‌یس لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، ٦٦٧ کەیسیان لە ڕاپەڕین و ٢٢١ كه‌یسیان لە سۆران بووە.

لە توندوتیژییەوە بۆ چارەسەر و ئاشتبوونەوە
له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ئافره‌تان و خێزان لیژنه‌ی ئاشته‌وایی هه‌یه،‌ كه‌ تایبه‌ته‌ به‌و كه‌یسانه‌ی كێشه‌كانیان لە ساڵی ٢٠٢٢ چاره‌سه‌ر كراون و ئاشت بوونه‌ته‌وه،‌ کە ٢٠١ كه‌یسیان لە هه‌ولێر، ٢٧٢ لە دهۆك، ٢٢٣ لە سلێمانی، ٦٢ كه‌یس لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، ٤٨ کەیس لە ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپه‌ڕین و ٢٠ كه‌یس لە سۆران بوون، كە كۆی گشتی ٨٢٦ كەیس بووە.

تیمی گەڕۆک هاوکارییەکان دەگەیەنێت
تیمی جوڵاو كە بە شێوەیەكی گەڕۆك كاری كردووە، لەناو كەمپەكاندا هاوكاری و پاڵپشتی گەیاندووەتە هەر ئافرەت و خێزانێك کە پێویستی بووبێت، لەو چوارچێوەیەدا كۆی گشتیی ئاماری تیمی گەڕۆک له‌ ساڵی ٢٠٢٢ سێ هه‌زار و ٢٢٤ كه‌یس بووه،‌ كه‌ ٤٩٢ كه‌یسیان لە هەولێر، دوو هه‌زار و ١٧٨یان لە دهۆک و ٣٥٦ كه‌یسیان لە سلێمانی، ١٩٨ كه‌یس یان لە ئیدارەی سەربەخۆی گه‌رمیان بوون.

زیاتر لە سێ هەزار تۆمەتبار دەستگیر کراون
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ئافره‌تان و خێزان، دوای بەدواداچوونی ورد و پێویست، لە ڕێگای دامودەزگە یاساییەكانەوە، كەیسی ئەو كەسانە دەخاتە ڕوو كە مامەڵەی نادروست و نامرۆییی و نایاساییان گرتووەتە بەر. لە ساڵی ڕابردوودا، فه‌رمانی ده‌ستگیركردن بۆ چوار هه‌زار و ٤٣٧ فه‌رمان بووه‌ و له‌و ژماره‌یه‌ سێ هه‌زار و ٥٦١ تۆمه‌تبار ده‌ستگیر كراون.
لە هه‌ولێر، ٥٧٢ فه‌رمانی ده‌ستگیركردن هەبووە کە ٤٥٦ تۆمه‌تباریان دەستگیر کراون. لە دهۆك، هه‌زار و ٦٩٩ فه‌رمانی ده‌ستگیركردن هەبووە کە ٦١ کەس دەستگیر کراون. لە سلێمانیش هه‌زار و ٨١ فه‌رمانی ده‌ستگیركردن هەبووە کە هه‌زار و ٢٣ تۆمه‌تبار ده‌ستگیر كراون.
هەروەها ئیدارەی سەربەخۆی گه‌رمیان ٦٦٦ فه‌رمانی ده‌ستگیركردن هەبووە کە ٦٣٤ تۆمەتباریان دەستگیر کراون، لە ڕاپه‌ڕین ٣٧٩ فه‌رمانی ده‌ستگیركردن هەبووە کە ٣٥٠ تۆمه‌تباریان ده‌ستگیر کراون و لە سۆرانیش ٤٠ فه‌رمانی ده‌ستگیركردن هەبووە کە ٣٧ تۆمه‌تباریان ده‌ستگیر كراون.

هەموو تەمەن و ڕەگەزەکان سوودمەند بوونە
ئاماری گشتی بۆ ڕه‌گه‌زی قوربانیان لە بەڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ئافره‌تان و خێزان بۆ ساڵی ٢٠٢٢، لە هەرێمی كوردستان، بریتی بووه‌ له‌ ١٦ هه‌زار و ٦٢٣ كەیس و به‌م شێوه‌یه‌ له‌ پارێزگا و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان دابه‌ش بووە: هه‌ولێر، شه‌ش هه‌زار و ٤٠ قوربانی، دهۆك چوار هه‌زار و ٥٤١ قوربانی و سلێمانی سێ هه‌زار و ٩١٦ قوربانی؛ هەروەها لە ئیدارە سەربەخۆكانیشدا بەم شێوەیە بووە: گه‌رمیان، هه‌زار و ٩٦ قوربانی، ڕاپه‌ڕین، ٦٥٠ قوربانی، سۆران، ٣٨٠ قوربانی.
ئه‌و كه‌سانه‌ی سوودمه‌ند بوون لە كار و خزمەتەكانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ئافره‌تان و خێزان لە هەرێمی كوردستان، له ‌سه‌رجه‌م چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ له‌ ساڵی ٢٠٢٢، ژماره‌یان ٤٢ هه‌زار و ٥٥ كه‌س بووە.
حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەردەوام پرسی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتانیان بەهەند وەرگرتووە، بەڵام لەكابینەی نۆیەمی حكومەتدا ئەم پرسە زیاتر بایەخی پێ دراوە و كاری تایبەت و وردی لەسەر كراوە؛ هەر بۆیە چالاكییه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ئافره‌تان و خێزان، تەنیا لە ساڵی ٢٠٢٢، حه‌وت هه‌زار و ٢٦١ كار و چالاكی بۆ پێشخستنی ئازادی و دووركەوتنەوە لە توندوتیژی هەبووە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٩ى ئادارى ٢٠٢٣

error: Content is protected !!
Scroll to Top