وردەکاریی یەکخستنی نرخی بەنزین و باشترکردنی کوالێتییەکەی
![](https://usercontent.one/wp/www.krgaustralia.net/wp-content/uploads/2023/04/localimages/img_7542.jpg?media=1678916050?anchor=center&mode=crop&width=1200&height=630&rnd=133273245640000000)
نوێترین بڕیاری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، یەکخستنی نرخی بەنزینە و لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵیت: “لیتری بەنزینی جۆری نۆرماڵ دەكەنە ٧٥٠ دینار.”
لەبارەی ئەم بابەتەوە، ڕێبین زەنگەنە، بەڕێوەبەری گشتیی کارگێڕی و داراییی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، بۆ فەرمانگەی میدیا و زانیاری قسەی کرد و ڕایگەیاند: “بڕیارەکە بە ڕەچاوکردنی دۆخی هاووڵاتییان دراوە و بۆ ماوەی مانگێک بەردەوام دەبێت.”
هەر ئەمڕۆ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، ڕاگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە و گوتی: “ئەم بڕیارە لەپێناو بەرژەوەندیی هاووڵاتییانە و دەمانەوێ جگە لە یەکخستنی نرخی بەنزین، کوالێتیی بەنزینەکەش بەرزتر بکەینەوە.”
ئەو بڕیارە سەرتاسەرییە بۆ سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانە، لە هەمان کاتدا، سبەی دووشەممە ١ـی ئایار، دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و سەرجەم جۆری ئۆتۆمبێلەکانیش دەگرێتەوە.
ئەو بەڕێوەبەرەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، زانیاریی زیاتری باس کرد و گوتی: “بەنزینەکە بە شێوەیەکی ستاندارد لە ناوخۆ بەرهەم دەهێنرێت و بۆ پاراستنی کوالێتییەکەی، لیژنەکانی چاودێریی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان چاودێریی بەنزینخانەکان دەکەن.”
هەر لە ڕاگەیەنراوەکەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکاندا هاتووە: “بۆ ماوەی مانگێک (یەکی ئایار تاکوو یەکی حوزەیران) کار بەم بڕیارە دەکرێت.”
ئەم بەنزینە لەڕێگەی پاڵاوگە ناوخۆییەکانەوە بەرهەم دەهێنرێت و لیژنەکانی چاودێری و بەدواداچوونی پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان، بە بەردەوامی چاودێریی کوالێتیی بەنزینەکە دەکەن.
بڕیارە دوای تەواوبوونی ئەو وادەیەی کە بۆ یەکخستنی نرخی بەنزین دیاری کراوە، دووبارە پێداچوونەوەی پێدا دەکرێت.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٣٠ـی نیسانی ٢٠٢٣