هەرێمی كوردستان ئەمساڵ 40 هەزار تۆن پەتاتە هەناردەی وڵاتانی دەرەوە دەكات
لە هەنگاوی یەكەمدا پرۆسەی هەناردەكردنی پەتاتە بۆ وڵاتی ئیمارات دەستی پێ كردووە و لە چەند ڕۆژی ئاییندەشدا هەناردەی چەندین وڵاتی دیكە دەكرێت.
هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕاگەیاند: “پرۆسەی هەناردەكردنی پەتاتە وەكوو پارساڵ دەستی پێ كردووەتەوە، ڕۆژانە سێسەد بارهەڵگر پەتاتە بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق ڕەوانە دەكرێت. هاوكات ژووری بازرگانیی هەولێر و كۆمپانیایەكی ئیماراتی، گرێبەستیان بۆ هەناردەكردن مۆر كردووە، بەمەش لە قۆناغی یەكەمدا، 5 هەزار تۆن پەتاتە ڕەوانەی ئیمارات دەكرێت. لە مانگی 8 دووبارە بۆ وڵاتی سعودییە و عەمان ڕەوانە دەكرێت”.
ئەمساڵ بە كۆی گشتی، هەرێمی كوردستان، 40 هەزار تۆن پەتاتە هەناردەی وڵاتان دەكات، لە كاتێكدا ساڵی 2023 ، دوانزە هەزار تۆن پەتاتە هەناردە کرا، بەوەش هەناردەكردن 28 هەزار تۆن زیادی كردووە.
بەهۆی پاڵپشتیی حكومەتی هەرێمەوە، نرخی پەتاتە بۆ جوتیاران گونجاوترە و جوتیاران زیاتر سوود لە بەرهەمەكانیان دەبینن.
كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەرنجی لەسەر فرەچەشنكردنی داهات و سەرچاوە داراییەكانە و بۆ ئەو مەبەستەش پاڵپشتییەكانی بۆ كەرتی كشتوكاڵ و جوتیاران بەردەوام كردووە. لە بەرئەنجامدا خۆبژێوی لە چەندین بەروبوومی كشتوكاڵی تێپەڕاندووە و ڕەوانەی دەرەوەی هەرێمی كوردستانی دەكات.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری