لە سیمپۆزیۆمی هەفتەى دیپلۆماسیی کوردی هەڵسەنگاندن بۆ پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی کوردستان کرا
ڕۆژى یەکشەممە، ٨ ـى تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، لە زانکۆى سەڵاحەددین، سیمپۆزیۆمی هەفتەى دیپلۆماسیی کوردی، بە ئامادەبوونی د. جوتیار عادل، سەرۆکی فەرمانگەى میدیا و زانیاری و سەفین دزەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەى حکومەتی هەرێم و د. کامەران یونس سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەددین و نوێنەرانی حکومەتی هەرێم لە فەرەنسا و پۆڵۆنیا بەڕێوە چوو.
لە سیمپۆزیۆمەکەدا د.جوتیار عادل، سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، وەکوو بەشدارێکی پانێڵەکە ڕایگەیاند؛ ”هەرێمی کوردستان وەکوو بکەرێکی نوێ لە جیهانی دیپلۆماسیدا و لە ماوەیەکی زۆر کورتدا توانیویەتی خۆی بسەلمێنێت، بە لایەنی کەمەوە لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بکەرێکی چالاک بووە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی بارودۆخ و مێژووی هەرێمی کورستان و بزاڤی رزگاریخوازی گەلی کوردستانە، كە کاریگەریی هەبووە لەسەر چۆنییەتیی خۆناساندنی.”
سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕاشیگەیاند: ”لەم کابینەیە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە و زۆر گرنگیی بە بابەتی پەیوەندییەکان و بەهێزکردنی پەیوندییەکان داوە، هەروەها لەسەر ئاستی دامەزراوەییش، پرۆژەیەک هەیە بۆ بەرەوپێشبردنی ناساندنی هەرێمی کوردستان، بەڵام دیسان ئەمە تەواوکەری ئەو قۆناغە مێژووییانەن کە پێشتر ئەنجام دراون، چ لەسەر ئاستی دامەزراوەیی و بە دامەزراوەییکردنی هەرێمی کوردستان لە دوای ڕاپەڕین و چ لە دوای ڕاپەڕینیش کە کەسایەتییە سیاسییەکان ڕۆڵی گرنگیان هەبووە لە ناساندنی دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان بە شێوەیەکی گشتی.”
هەر لە سیمپۆزیۆمەکەدا سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ”ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان نزیکەی ٣٠ کونسوڵخانەی وڵاتان هەن، جگە لە ڕێکخراوەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت کە گرنگیی هەرێمی کوردستان لە ڕووی ئابووری و سیاسی و ئەمنییەوە ڕۆڵ و پێگەی خۆی هەیە.”
سەفین دزەیی ئاماژەی بەوەش دا “ئێستا ١٤ نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وڵاتانی جیاواز بوونیان هەن و هەوڵەکانیشمان بەو ئاراستەیە کە ئەو نوێنەرایەتییانە زیاد بکەین.”
ئامانجی سیمپۆزیۆمەکە گرنگیدان بوو بە بوارى دیپلۆماسی و ڕۆڵی نوێنەرانی حکومەتی هەرێم لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، بە تایبەت پەیوەست بە نوێنەرایەتیکردنی دۆزی کوردستان لە دەرەوە، بە مەبەستی هەڵسەنگاندن و پێشخستنی زیاتری بوارەکە.
فەرمانگەى میدیا و زانیاری