KRG AUSTRALIA

English

گشت هەواڵەکان

جۆری بابەتەکان

لە سبەینێوە دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت

لە-سبەینێوە-دەست-بە-دابەشکردنی-مووچە-دەکرێت

لە سبەینێوە دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت

هەولێر،هەرێمی کوردستان-عێراق، (GOV.KRD)- ئەمڕۆ چوارشەممە 9ی ئاداری 2022 بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیرانی پوختەیەکی دەربارەی کۆبوونەوەی هاوبەشی هەر چوار سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی 28 ی شوباتی 2022 سەبارەت بە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی، کە تایبەت بوو بە کەرتی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو.سەرۆک وەزیران دووپاتی کردەوە کە ئەم بڕیارەی دادگای باڵای فیدراڵی، پێچەوانەی دەستوورە و پێشێلکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستانە و قبوڵکراو نییە، هەرێمی كوردستان بە هەموو شێوەیەک داکۆکی لە ماف و دەسەڵاتە دەستوورییەکانی دەکات، لە هەمانکاتدا حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئامادەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی، لە ڕێگەی گفتوگۆ و بە شێوەیەکی بنەڕەتی لە سەر بنەمای دەستوور.

لە بڕگە‌ی دووە‌می کۆبوونەوەکەدا، ڕاپۆرتی لیژنەی سەرپەرشتیکردنی پرۆسەی ڕێکخستنەوەی باج و رسومات وكرێی ئە‌و خزمە‌تگوزارییانە‌ی لە سەرجەم وەزارەت و دامودەزگاکان وە‌ردە‌گیرێن، خرایە‌روو، لە‌راپۆرتە‌كەدا‌ چۆنییە‌تی ڕێكخستنە‌وە‌ی كۆكردنە‌وە‌ی رسومات ڕوونكرایە‌وە‌ بە‌ جۆرێك كە‌ ئە‌و داهاتانە دواتر بخرێنەوە خزمەتی هاووڵاتییان. ھە‌روە‌ھا ڕاپۆرتە‌كە‌ ئە‌وە‌ی لە‌خۆگرتووە‌ كە‌ رسوماتە‌كان بەجۆرێک رێكدە‌خرێنە‌وە‌ كە‌ ڕەچاوی بارودۆخی بژێویی وئابووری هاووڵاتییان دە‌كرێت.

لە گرنگترین پێشنیارەکانی راپۆرتە‌كە‌، پێداچوونەوەیە‌ بە یاسا وڕێنماییە بەرکارەکان و بایەخی برەودان و پێشخستنی سیستمی ئەلیکترۆنی لە‌چوارچێوە‌ی پڕۆژە‌ی خزمە‌ت وبڵاوکردنەوەی زانیارییەکان لە‌ڕێی پۆرتاڵی خزمە‌ت (https://services.gov.krd) كە‌ بناغە‌یە‌كە‌ بۆ بە‌دیجیتاڵ كردنی حكومە‌ت و سە‌رپێخستنی سیستە‌می یە‌ك پە‌نجە‌رە‌یی كە‌ ئامانج لێی نە‌ھێشتنی رووتین و ڕووبەڕووبونەوەی گە‌ندە‌ڵییە‌ لە‌گە‌ڵ باشتر پێشكە‌ش كردنی خزمە‌تگوزارییە‌كان‌ بە‌ كە‌سی خزمە‌تخواز لە ڕووی کوالیتی وکەمکردنەوەی کات و ئەڵقەکانی پرۆسەی مامەڵەکان.

هەروەها ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا، وەزارەتی دارایی وئابووری، لە سبەینێ پێنجشەممەوە، دەست بکات بە ڕێکارەکانی دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات.

پاشان کەمال موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازی، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە لێکەوتەکانی جەنگی نێوان ڕوسیا وئۆکراینا لە سەر هاوردەکردنی بەرهەمە خۆراکییەکان و گەنم خستەڕوو کە لە چەند ڕاسپاردە و پێشنیارێک پێکهاتبوو، لە چوارچێوەی ستراتیجیەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە دابینکردنی ئاسایشی خۆراک لە هەرێمی کوردستان، کردووەتە پێشەنگی ئامانجەکانی، لەو پێناوەشدا چەندیین پڕۆژە کەوتونەتە بواری جێبەجێکردن، دواتریش بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ وسەرچاوەکانی ئاو ڕاپۆرتێکی لەسەر هەمان بابەت خستەڕوو.

ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا بە ڕاسپاردنی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، بۆ ئامادەسازیی پێویست بۆ هەر ئەگەرێک و بڕیاریشدرا بە ڕاسپاردنی وەزیری ناوخۆ و پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان و لیژنەکانی قایمقامیەت و ئاسایشی بازرگانیی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت، بۆ چاودێریکردنی بازاڕەکان و نابێ ڕێگە بدەن ئەو دۆخە بقۆزرێتەوە و نرخەکان گران بکرێت و بارگرانی لە سەر هاووڵاتییانی هەرێم دروست بکرێت.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا، ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی دەربارەی بڕیارەکانی کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ کرد، بەتایبەتی بەخشینی دەرماڵەی گرانیی و پێدانیی ئاسانکاریی بانکی لە پێدانی پێشینە و قەرز بۆ هاووڵاتییانی کەمدەرامەتی پارێزگاکان و بەدەرکردنی هەرێمی کوردستان لەو بڕیارانە، لە کاتێکدا حکومەتی عێراق، سەرەڕای کەمکردنەوە و داشکاندنی ڕاستەوخۆی پابەندییە نەوتیی و داراییەکانی هەرێم بە پێی یاسای بودجە، بەڵام حکومەتی فیدڕاڵیی تا ئێستا بڕی ئەو 200 ملیار دینارەشی نەناردووە کە شایستەی هەرێمی کوردستانە و لە ساڵی 2020ەوە تا ئێستا (14) مانگ شایستەی هەرێمی  نەناردووە، بۆیە ئەنجومەنی وەزیران، حکومەتی فیدڕاڵیی بە بەرپرسیاری خەرجنەکردنی شایستەکانی هەرێم دەزانێت وجیاوازییکردن وبەدەرکردنی هەرێمی کوردستان لەو ئیمتیازاتانە و شایستە داراییەکانی، بە ناڕەوا و ستەم کردن دەزانێت.

ئینجا کوێستان محەمەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و دارا ڕەشید وەزیری پلاندانان ، بابەتی دەستی کاری بیانی لە هەرێمی کوردستان و دەرفەتەکانی جێگرتنەوەیان بە دەستی کاری خۆماڵی خستەڕوو ، ئەنجومەنی وەزیران هەردوو وەزارەتی ڕاسپارد لە پەلە بکەن لە تەواوکردنی ڕەشنووسی یاسای نوێی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، لە کاتێکدا ئەو یاسایانەی ئێستا کاریان پێدەکرێت زۆر کۆنن، هەروەها پەلەکردن لە تەواوکردنی ڕێنماییەکانی هێنانی دەستی کاری بیانی، بە ئاراستەی ڕەخساندنی زۆرترین دەرفەت بۆ دەستی کاری خۆماڵیی و هاوتاکردنی ماف وشایستە و خانەنشینی ئەوانەی لە کەرتی تایبەت کاردەکەن لەگەڵ هاوەڵەکانیان لە کەرتی گشتی.

ئەنجومەنی وەزیران هەروەها بڕیاریدا بە بەردەوامبوونی داشکاندنی ڕێژەی 15٪ ی قەرزی کرێی کارەبا و سزادانی دواکەوتن وسەرپێچی کارەبا، لە 10ی ئاداری ساڵی 2022 ەوە بۆ ئەو هاووڵاتییانەی تا 31ی مانگی ئایاری 2022 بڕی پارەی پێویست دەدەن کە لە ئەستۆیانە.