قیرتاوكردنی تەواوی شەقامەكانی زاخۆ دەستی پێ كردووە
قیرتاوكردنی گەڕەك و كۆڵانەكانی ناو شاری زاخۆ دەستی پێ كردووە و تاكوو ئێستاش زیاتر لە سێ كیلۆمەتەر قیرتاو كراوە و بەردەوامیشە.
هەڵمەتی قیرتاوكردن و نوێكردنەوەی شەقامەكانی شاری زاخۆ، دانانی ستوونی كارەبا و تۆڕی ئاو و ڕەسیفەكانیشی لەگەڵدایە.
ماهیر ئەحمەد، بەڕێوەبەری پڕۆژەی قیرتاوكردنی گەڕەكەكانی زاخۆ بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: “بەر لە چەند مانگێك، پاش بڕیاری سەرۆكوەزیران و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و شارەوانیی زاخۆ، دەستمان بە قیرتاوكردنی ئەو كووچە و كۆڵانانەی زاخۆ كرد كە قیرتاو نەكراون، بۆ ئەو مەبەستەش تا ئێستا 3 هەزار و 300 مەتر قیرتاو كراوە و پرۆسەكەش بەردەوام دەبێت.”
هاووڵاتییەكی بەساڵداچووی زاخۆ لەوبارەوە گوتی: “قیرتاوكردنی كۆڵانەكەمان لە زاخۆ، كارئاسانی زۆری بۆ هاتوچۆ و كاری ڕۆژانەمان كردووە. سوپاسی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین كە بەو كارە هەستاون.”
بەشێكی فراوانی پرۆژەكانی كابینەی نۆیەم سەرباری ئەوەی لە شارە گەورەكان بەڕێوە دەچن، ڕووی لە شار و ئیدارە سەربەخۆكانیشە و دەیەوێت هەموو ناوچەكانی كوردستان بە یەكسانی بگرێتەوە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری