شارەزایان ڕەوشی زمانی كوردی لە هەرێمی كوردستان هەڵدەسەنگێنن
زمان، یەكێكە لە بنەما سەرەكییەكان بۆ گەشەسەندنی هزری و دەروونیی هەر مرۆڤێك، بەپێی بنەما زانستییەكانیش، بەشدارییەكی گرنگ لە پێكهێنانی توانا و پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانی مرۆڤدا دەكات، بەتایبەت كە ماكی پێكەوەنانی نەتەوەییانە و پەیوەندییە سیاسییەكانی نێو نەتەوەیەكی دیاریكراو بێت.
زمانی كوردی، بە هەموو زار و شێوەزارەكانییەوە، سەرباری ئاستەنگە سیاسی و زانستییەكانی، تا ئێستاش وەكوو زمانێكی زیندوو، ئامرازی گرنگی ئاخاوتنی ملیۆنان كوردە و لەم سەردەمەشدا، سەرباری گرفتە لۆكاڵی و جیهانییەكانی، زمانی نووسینەوەی هزر و فەلسەفە و زانستە.
زمان و بواری پەروەردەیی
یەكەم بنەمای پاراستنی زمان، بواری پەروەردەیە، دیاكۆ هاشمی، شارەزا و ڕێنوێنكاری زمان دەڵێت: “هەرێمی كوردستان تەنیا پارچەیەکی کوردستانە، کە بووەتە جێی گەشەسەندنی زانستیی زمانی کوردی. لەبەر ئەوەی لە هەرێمی کوردستان دا قوتابخانە و وەزارەتی پەروەردە هەن و بەپێی یاسا زمانی کوردی زمانێکی فەرمییە. زمانێکە کە سەربەخۆ خەریکە گەشە دەسێنێت. مامۆستای زۆر خەریکی وتنەوەی زمانی کوردین، چ لە ئاستی قوتابخانە و چ لە ئاستی زانکۆ. ڕێزمان بە باشترین شێوە بۆ زمانی کوردی ئامادە کراوە، کە بنەمای بەهێزبوونی زمانەکەیە. دیارە هەندێک کەموکووڕی هەیە وەک داڕشتنی دەقەکان، کە هەندێکجار لەسەر بنەمای عەرەبی داڕێژراون. یان نەبوونی ڕێنووسێکی یەکگرتوو تا ئێستا گرفتێكە، ئەوانەش شتێکی چارەسەرنەکراو نین”.
زمان و بواری بازرگانی
بازرگانی و زمانی بازرگانی، یەكێكی دیكەیە لە فاكتەرەكانی بەهێز مانەوەی زمان، ئەو كۆمەڵگايانەی چالاكییە بازرگانییەكانیان بە زمانێكی دیاریكراوە، زمانی بەكاربراو بەهێزتر و فراوانتر دەبێت. لەوبارەیەوە د.عاتف فەرهادی، ڕاگری کۆلێژی زمان لە زانکۆی سەڵاحەدین دەڵێت: “داوا لە حکومەتى هەرێمى کوردستان دەکەم، بە تایبەت وەزارەتى بازرگانى، لەکاتى متمانەدان بە کۆمپانیاکان، زمانى فەرمى لەناو ئەو کۆمپانیایانە ببێتە زمانى کوردى، هەروەها لە قوتابخانە ناحکومییەکان زیاتر گرنگى بە زمانى کوردى بدرێت، بۆ ئەوەى زمانى کوردى بپارێزین، پێویستە منداڵەکانمان لەسەر زمانى دایک ڕابهێنینن، ئەوەش بەوە دەكرێت كە زمانی بازاڕ و كۆمپانیاكان و ئابووری، پشت بە زمانی كوردی ببەستێت كە دەبێتە هۆی گەشەسەندنی زمان”.
زمانی كوردی و بواری تەكنەلۆژیا
زمانی كوردی، سەرباری پێشكەوتەنەكەی، تا ئێستا لە ناو بواری تەكنەلۆژیادا كەمتر بەكار براوە، د.سەباح ڕەشید، شارەزای زمان، لەوبارەیەوە دەڵێت: “سەرباری ئاستەنگە مێژووییەكانی، چەندین ساڵە زمانی كوردی بە هێزەوە ماوەتەوە و توانیویەتى بەرگری بكات، ئێمە دەبێت بتوانین لە بواری جۆراوجۆر زمانى خۆمان بپارێزین، یەكێك لەو بنەمایانەش ئەوەیە، هەوڵبدەین زمانى کوردى وەکوو زمانە پێشکەووتوەکانى جیهان لەناو تەکنەلۆژیادا زیاتر پەرە پێبدەین و بتوانین لەگەڵ جیهانی نوێدا بیگونجێنین، ئەم دیاردەیە بۆ زمانەكانی دیكەی جیهان زۆر خزمەتی كردووە”.
گەشەپێدانی هزری نەتەوەیی و زمان
یەكێك لە ڕوانگەكان لەبارەی زمانەوە، پێكهێنان و گەشەپێدانی هزری نەتەوەیی و پاراستنی یەكانگیرییەكەیەتی لە نێوانیاندا. د.نەریمان خۆشناو، شارەزای زمان، لەبارەی گرنگیی زمانەوە دەڵێت: “زمان ناسنامەى نەتەوەیە، هەڕەشە بۆسەر زمان، هەڕەشەیە بۆ سەر نەتەوە، بۆیە لەسەر هەموومان پێویستە خزمەتى زیاترى زمان بکەین، سەرکردایەتیی کورد لە قۆناغە جۆربەجۆرەکان خزمەتی زمانى کوردییان کردووە، بۆنموونە لە رێکكەوتننامەى ١١ى ئادارى ساڵى ١٩٧٠، کە بەرهەمى خەباتی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی كوردستان بوو و هەنگاوێكی گرنگ بوو لە گەشەپێدانی زمانی كوردیدا، لە ١٥ خاڵی ڕێككەوتننامەكەدا، ١٣ خاڵى لەسەر زمانى کوردى بوو، یەکێك لە خاڵەکان دەڵێت: “دەبێت خوێندن لە ناوچە کوردنشینەکان بە زمانی كوردی بێت”.
د.عەبدولڵا حوسێن، دەڵێت: “زمانی كوردی بووەتە هۆى ئەوەى شۆڕش و بەرخودانەکانمان بەرەو ئەم قۆناغەی ئێستامان ببات، زمانى کوردى ناسنامەى نەتەوەی کوردە، کە زمانت هەبوو، خاک و نەتەوە و مێژوو و کلتوورت دەبێت، بۆیە داواکارم حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ڕێگەی دامودەزگاكانییەوە پتر بایەخ بە زمانى کوردى بدات”.
د.شیلان عوسمان، پسپۆر لە بواری زمان، دەڵێت: “دەبێت خەمى ئەوەمان بێت منداڵەکانمان بە زمانى دایکیان بەردەوام قسە بكەن و فێری زمانی كوردی بكرێن، زمانى بیانى ئەوەندە کاریگەرى لەسەر زمانمان نەبێت، چونکە کاریگەرییە زۆرەكانی، دەبێتە هۆى لاوازیى زمانی منداڵانمان، ئەمە مافی هەر منداڵێكە زمانی نوێ فێربێت، بەڵام نابێت زمانی دایك پشتگوێ بخرێت. هەروەكوو د.مزگین شەعبان، سەرۆکی بەشی زمانی کوردی لە كۆلیژى زمانى زانکۆی سەڵاحەدین دەڵێت: “بەپێى لێکۆڵینەوەیەک کە ڕێکخراوى یونسکۆ کردوویەتى، هەر نەتەوەیەک ٣٠%ى نەوەى یەکەمى دەست بە قسەكردن بە زمانى بیانى بکەن، ئەوە زمانى دایک بەرەو لاوازبوون و لەوانەشە بەرەو لەناوچوون بچێت، بۆیە زۆر پێویستە لەڕووی ناوخۆییەوە زۆر گرنگی بە زمانی كوردی بدرێت و بەردەوام بەهێز بكرێت”.
لەبارەی ڕێكارەكانی گەشەپێدانی زیاتری زمانی كوردی، دیاكۆ هاشمی، شارەزای زمان، دەڵێت: “دەبێت بایەخی زیاتر بە ڕێنووس و داڕشتنی کوردییانەی دەقەکان بدرێت؛ تابلۆکان و ناوی شوێنەکان کە بە تایپۆلۆجیی عەرەبی داڕێژراون، بهێنرێنە سەر کوردی. شوێنی فەرمی دیاری بکرێت بۆ ئەوەی خەڵک پرس و کێشەکانی زمان لەوێ وەک سەرچاوە وەربگرن، هەروەها گرووپی وشەسازیی کوردی بۆ بوارە جۆربەجۆرە زانستییەکان دابنرێت و ئەو زاراوانە لە فەرمانگە دەوڵەتییەکاندا جێگیر بکرێن”.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری
١٧ـی ئاداری ٢٠٢٣