سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران لەگەڵ وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی کۆدەبێتەوە
![](https://usercontent.one/wp/www.krgaustralia.net/wp-content/uploads/2022/05/localimages/whatsapp-image-2022-05-29-at-63430-pm.jpeg6293cc6e84098.jpeg?media=1678916050?anchor=center&mode=crop&width=1200&height=630&rnd=132983125760000000)
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٩ـی٥ـی٢٠٢٢، د. ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، سەردانی وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی کرد و لەلایەن خاتوو کوێستان محەمەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و بەڕێوەبەرە گشتیەکانی وەزارەتی ناوبراو پێشوازی لێکرا.
لە کۆبونەوەکەدا سەرەتا وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بەخێرھاتنی سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و شاندی یاوەری کرد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بە بایەخەوە ئاماژەی کرد بە ھەماھەنگی و پالپشتی بەردەوامی سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەو گیروگرفتی کاروبارەکانی وەزارەتەکەیان .
سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران دڵنیایی دا لە زیاترکردنی پەیوەندی و ھەماھەنگی تەواوی دام و دەزگاکانی سەر بە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران.
لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا بە پێویست زانرا بەشێک لە میکانیزمە کۆنەکان پێداچوونەویان بۆ بکرێت و ئەوەی پێویستی بەگۆڕینە ، بگۆردرێت بۆ میکانیزمێکی باشتر.
ھەر لە کۆبوونەوەکەدا جەختکرایەوە لەسەر پرسی دەستەبەری کۆمەڵایەتی کرێکاران کە پرسێکی گرنگە و دەبێ چارەسەری گونجاوتری بۆ بدۆزرێتەوە.
پرسی ڕێکخستنەوەی بازاڕی کار و بەگرنگ وەرگرتنی بابەتەکە و ڕێکخستنەوەیی و گرنگیدان بە سەنتەرەکانی ڕاھێنانی پیشەیی و سیاسەتی بەکارخستن و گرنگیدان بە پڕۆژە بچوکەکانی گەنجان و خزمەتگوزاریە کۆمەڵایەتییەکان و دایەنگە و سەنتەری دەستنیشانکردنی پەککەوتەیی سەنتەری چارەسەرکردنی ئالوودەبوان و چارەسەرکردنی کێشە و گیروگرفتەکانیان و گرنگیدان و باشترکردنیان تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە بوون.
ھەر لە کۆبونەوەکەدا پرسی دۆخی چاکسازیەکان و چاکترکردنی بارودۆخی نێو چاکسازیەکان بە گرنگ زانرا.
لە کۆتایی کۆبونەوەکەدا بڕیاری ڕاسپاردنی تیمێک لە سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی درا، بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشە و گیروگرفتەکان و ڕێکخستنەوەی پێشینەی بەڕێوەبەرایەتیەکان بە گوێرەی گونجاندن لەگەڵ دۆخی دارایی حکومەتی ھەرێمی کوردستان.