KRG AUSTRALIA

سەرۆکی حکومەت: پێویستە هەرچی زووە ڕێکارەکانی بە پارێزگەبوونی هەڵەبجە تەواو بکرێن و لەسەر ئاستی فیدراڵیش بە شێوەیەکی فەرمی، وەک پارێزگەیەک مامەڵە لەگەڵ هەڵەبجە بکرێت و بودجەی پەرەپێدانی بۆ تەرخان بکرێت

سەرۆکی-حکومەت:-پێویستە-هەرچی-زووە-ڕێکارەکانی-بە-پارێزگەبوونی-هەڵەبجە-تەواو-بکرێن-و-لەسەر-ئاستی-فیدراڵیش-بە-شێوەیەکی-فەرمی،-وەک-پارێزگەیەک-مامەڵە-لەگەڵ-هەڵەبجە-بکرێت-و-بودجەی-پەرەپێدانی-بۆ-تەرخان-بکرێت

سەرۆکی حکومەت: پێویستە هەرچی زووە ڕێکارەکانی بە پارێزگەبوونی هەڵەبجە تەواو بکرێن و لەسەر ئاستی فیدراڵیش بە شێوەیەکی فەرمی، وەک پارێزگەیەک مامەڵە لەگەڵ هەڵەبجە بکرێت و بودجەی پەرەپێدانی بۆ تەرخان بکرێت

ئەمڕۆ یەکشەممە 6/30، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێورەسمێکی تایبەتدا لە پارێزگەی هەڵەبجە، بەردی بناخەی سایلۆی هەڵەبجەی دانا.
پڕۆژەی سایلۆی هەڵەبجە بە گوژمەی (27,203,220,000) دینار لە لەلایەن هەر دوو کۆمپانیای ئەدمین و (ABP TDS) جێبەجێ دەکرێت.
سەرۆکی حکومەت لە گوتارێکدا ئاماژەی بەوە دا کە هەرچەندە زیاتر لە دە ساڵ دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری بە پارێزگەبوونی هەڵەبجەی داوە، بەڵام بە داخەوە تا ئێستاش ڕێکارەکانی بەپارێزگەبوونی هەڵەبجە لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە تەواو نەکراون. بۆیە دووپاتی دەکەینەوە کە پێویستە هەرچی زووە ئەم ڕێکارانە تەواو بکرێن و لەسەر ئاستی فیدراڵیش بە شێوەیەکی فەرمی، وەک پارێزگایەک مامەڵە لەگەڵ هەڵەبجە بکرێت و بودجەی پەرەپێدانی بۆ تەرخان بکرێت.

ئەمەش دەقی گوتاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە:

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
ئامادەبووانی هێژا
زۆر زۆر بەخێر بێن

زۆر خۆشحاڵم کە جارێکی تر توانیم بێمەوە خزمەتی ئێوەی بەڕێز و خۆشەویست. من بەخێرهاتنێكی تایبەتی وەزیری بازرگانیی حكومەتی فیدڕاڵی دەكەم بۆ شاری هەڵەبجەی خۆشەویست. زۆر بەخێر بێن.

خۆشحاڵم جارێكی تر دەرفەتی ئەوەمان بۆ ڕەخسا کە بێینەوە خزمەتی خەڵکی خۆشەویست و نیشتمانپەروەری هەڵەبجە بۆ دانانی بەردی بناخەی پرۆژەی سایلۆی هەڵەبجە کە پێویستە لە کاتی خۆی و بە پێی مەرج و پێوەرە نێودەوڵەتییەکان جێبەجێ بکرێت و بخرێتە خزمەتی خەڵک و جووتیارانی ئەم دەڤەرە.
حەفتەی ڕابردوو، شاندێکی بەڕێزی ئەنجوومەنی پاڵپشتیی پارێزگای هەڵەبجە كە لە کەسایەتییە ناسراوەکانی پارێزگەی هەڵەبجە پێكهاتبوون، سەردانیان کردین و گفتوگۆیەکی بە سوودمان کرد لەبارەی چۆنیەتیی پەرەپێدانی پارێزگای هەڵەبجە و بەرەوپێشبردنی خزمەتگوزارییەکان و بنەما و ژێرخانی ئابووری لەم دەڤەرەدا، بە شێوەیەک كە وا بکەین خەڵکی ناوچەکانی تری کوردستان و عێراق و دەوروبەریش بۆ کاروباری بازرگانی، ڕوو لەم دەڤەرە بکەن ئەمەش لە ڕێگەی ئەنجامدانی پڕۆژەی جۆراوجۆرەوە دەبێت کە هیوادارم کەرتی تایبەتیش لێرە و لە ناوچەکانی دیکەی کوردستانیش هاوکار و یارمەتیدەر بن بۆ زیاتر گەشەپێدانی ئابووری لە پارێزگەی هەڵەبجە.

هەرچەندە زیاتر لە دە ساڵ دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری بە پارێزگابوونی هەڵەبجەی داوە، بەڵام بە داخەوە تا ئێستاش ڕێکارەکانی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەران و حكوومەتی فیدڕاڵەوە تەواو نەکراون. بۆیە دووپاتی دەکەینەوە کە پێویستە هەرچی زووە ئەم ڕێکارانە تەواو بکرێن و لەسەر ئاستی فیدراڵیش بە شێوەیەکی فەرمی، وەک پارێزگایەک مامەڵە لەگەڵ هەڵەبجە بکرێت و بودجەی پەرەپێدانی بۆ تەرخان بکرێت، لەم ڕووەوە ئێمە لە پەیوەندی بەردەوامداین لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ بۆ ئەوەی بە زووترین کات ئەو ڕێکارانە تەواو بکرێن.

هەڵەبجە وەک زۆربەی ناوچەکانی کوردستان، قوربانییەکی زۆری داوە و زوڵم و ستەمێکی زۆری لەلایەن ڕژێمی پێشووی عێراقەوە لێ کراوە و بووەتە سیمبولی ستەمكردن لە خەڵكی كوردستان، دەبووایە خەڵکی زیانلێکەوتووی دەستی ڕژێمی پێشوو لە کوردستان و عێراق بە گشتی، بە شێوەیەکی شایستە قەرەبوو بکرێنەوە. هەوڵەكانمان لەم بوارەدا چڕ دەكەینەوە و پێویستە گشت لایەنە سیاسییەكانی هەرێمیش لە بەغدا، هاودەنگ و هاوهەڵوێست بن لەم بوارەدا.

بەڕێزان:
دروستکردنی ئەم سایلۆیە، بەشێکە لە پلان و بەرنامەکانمان بۆ زیاتر خزمەتکردنی جووتیارانی ئەم دەڤەرە و گرنگیدان بە کەرتی کشتوکاڵ کە ئەم ناوچەیە لەم ڕووەوە زۆر دەوڵەمەندە و بێگومان ئەنجامدانی پڕۆژەی کشتوکاڵی و پیشەسازی یان گەشتوگوزاری لەم ناوچەیە سەرەڕای ئەوەی دەبێتە هۆی زیاتر بووژانەوەی ئابووری و جموجۆڵی بازرگانی، دەرفەتی کاریش بۆ خەڵکی ئەم ناوچەیە دەستەبەر دەکات. لەم ڕووەوە هەرچی لەسەر حکومەت بێت لە پێناو خزمەتکردنی خەڵکی ئەم پارێزگایە، درێخی ناكەین.
هیوادارم هەڵەبجە و کوردستان بە گشتی، هەمیشە هەر لە گەشانەوە و پێشکەوتن و ئاوەدانیی زیاتردا بن.

زۆر زۆر بەخێر بێن

error: Content is protected !!
Scroll to Top