سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە شاندێکی ژاپۆنی دەکات
![](https://usercontent.one/wp/www.krgaustralia.net/wp-content/uploads/2023/06/localimages/photo_2023-06-06_16-18-48.jpg?media=1678916050?anchor=center&mode=crop&width=1200&height=630&rnd=133305313430000000)
ئەمڕۆ سێشەممە 6/6 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، پێشوازی لە شاندێکی ژاپۆنی کرد کە لە کانسوکی ناگائۆکا یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ژاپۆن و بەرپرسی کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و فوتۆشی ماتسومۆتۆ باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق و نوێنەری ژمارەیەک لە کۆمپانیا ژاپۆنییەکان پێکهاتبوو.
سەرۆکی حکومەت خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی شاندی ژاپۆنی بۆ هەرێمی کوردستان نیشاندا و ئاماژەی بەوە دا کە ئەزموونی ناوازەی ژاپۆن ، شایانی سوود لێ وەرگرتنە بە تایبەتی لە بواری وەبەرهێنان لە سامانی مرۆیی و پێگەیاندنی نەوەی نوێ لە سەر داهێنان و ئافراندن کە لەمبارەیەوە ، ئەزموونی ژاپۆن مایەی پێزانین و سەرسامییە و دەکرێ زۆر سوودبەخش بێت .
شاندی ژاپۆنی جەختیان لەوە کردەوە کە دەرفەتێکی زۆر هەیە بۆ گەشەپێدانی وەبەرهێنانی ژاپۆنی لە هەرێمی کوردستان کە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا ، لە ڕووی بیناسازی و ئاوەدانکردنەوەدا زۆر پێشکەوتووە.
لە کۆبوونەوەکەدا ، بیرو ڕا لە بارەی دەرفەتەکانی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەريمی کوردستان و ژاپۆن لە بوارەکانی گواستنەوە و گەیاندن و کشتوکاڵ و خوێندن و پیشەسازی ئاڵوگۆڕ کرا .