سەرۆکی حکومەت لە گەڵ ژمارەیەک باڵیۆز کۆدەبێتەوە
![](https://usercontent.one/wp/www.krgaustralia.net/wp-content/uploads/2022/11/localimages/photo_-D9-A2-D9-A0-D9-A2-D9-A2--D9-A1-D9-A1--D9-A0-D9-A2_-D9-A1-D9-A7--D9-A2-D9-A1--D9-A2-D9-A6.jpg6362ad90d015d.jpg?media=1678916050?anchor=center&mode=crop&width=1200&height=630&rnd=133118728130000000)
هەولێر،هەرێمی کوردستان، (GOV.KRD)- ئەمڕۆ چوارشەممە 2 ی نۆڤێمبەر، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ باڵیۆزی ژمارەیەک وڵات لە عێراق کە پێکهاتبوو لە ئەلینا ڕۆمەناوسکی باڵیۆزی ئەمەریکا، ڤیلە ڤاریۆلا باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا، ماوریتزۆ گریگانتێ باڵیۆزی ئیتالیا و پراشانت پیسێ باڵیۆزی هیندستان کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەو وڵاتانە و بارودۆخی گشتیی عێراق دوای دەستبەکاربوونی حکومەتی نوێی فیدراڵی کرا.
لەبارەی پەیوەندی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا، کە هەرێمی کوردستان، خوازیاری باشترین پەیوەندییە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی و ئومێدەوارین حکومەتی نوێ، لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی کارنامەکەیدا، کار بکات لە پێناو خزمەتکردنی هاووڵاتییان و پێکهاتە جیاوازەکانی عێراق و لە سەر بنەمای دەستووریش ، کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی ، بەشێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکات.
سەرۆکی حکومەت هەروەها کورتەیەکی دەربارەی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم لە بواری هەمەجۆرکردنی ئابووری و بەدیجیتەڵکردن و هەنگاونان بەرەو حوکمڕانییەکی ئەلیکتڕۆنی خستەڕوو. جەختیشی کردەوە کە بە ھیچ شێویەک لە ھەرێمی کوردستان، ڕێگە بە تیرۆر و تۆقاندن نادەین .
باڵیۆزانی بەشداری کۆبوونەوەکە، ئامادەیی و خواستی وڵاتەکانیان بۆ هاریکاریکردن و برەودان بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، دووپات کردەوە.