ئەمڕۆ دووشەممە 17ی ئابی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا ڕایگەیاند “بەپێی لێکۆڵینەوە و زانیارییە پشتڕاستکراوەکانی دژەتیرۆری کوردستان، ئەمڕۆ ئۆفیسی تایبەتیی من و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن، لە هێرشێکی درۆنیی ئێرانیدا کراونەتە ئامانج".
لە پەیامەکەی سەرۆکی حکومەتدا هاتووە، "بەتوندترین شێوە، ئەم هێرشە ناڕەوا و قبوڵنەکراوانە سەرکۆنە و شەرمەزار دەکەم. ئەمە هەنگاوێکی مەترسیدارە و هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان".
سەرۆکی حکومەت هەروەها جەختیشی کردووەتەوە، "ئەم هێرشانە هەرگیز ناتوانن بمانوەستێنن لە بەردەوامبوونمان لە ئەنجامدانی ئەرکەکانمان و پاراستنی هاووڵاتییانمان”.
ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی دژەتیرۆری کوردستان، ڕاگەیەندراوێكی بڵاو کردەوە کە تێیدا ئاماژەی بەوە دا بەگوێرەی زانیارییەکانی دژەتیرۆری کوردستان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 17ی ئابی 2026، لە کاتژمێر 00:28، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە جۆری (حەدید-110) لە دیوی سنووری وڵاتی ئێرانەوە، ئاراستەی بارەگای نووسینگەی تایبەتی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە قەزای پیرمامی پارێزگای هەولێر کران، خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانییان لێ نەکەوتەوە.