KRG AUSTRALIA

سەرۆکی حکومەت ؛ كەرتی پەروەردە و فێركردن هەمیشە جێگەی بایەخی ئێمەیە

سەرۆکی-حکومەت-؛-كەرتی-پەروەردە-و-فێركردن-هەمیشە-جێگەی-بایەخی-ئێمەیە

سەرۆکی حکومەت ؛ كەرتی پەروەردە و فێركردن هەمیشە جێگەی بایەخی ئێمەیە

ئەمڕۆ چوارشەممە 8/16 بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێورەسمی ڕێزنان لە قوتابییە یەکەمەکانی کوردستان بۆ ساڵی خوێندنی 2022-2023 بەڕێوەچوو.
لە ڕێورەسمەکەدا ، سەرۆکی حکومەت گوتارێکی پێشکەش کرد کە ئەمە دەقەکەیەتی؛

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
ئامادەبووانی بەڕێز
مامۆستایانی هێژا، كەسوكاری قوتابیان، قوتابیانی خۆشەویست، خۆشحاڵم ئەمڕۆ لەم بۆنەیەدا لە خزمەتی ئێوەی خۆشەویستم.
بەڕێزان:
پێش دەستپێكردنی گوتارەكەم، دەمەوێ بڵێم كە ئەمڕۆ ڕۆژی 16ی ئابە كە ساڵڕۆژی لەدایكبوونی ڕابەرمان سەرۆك بارزانی و هەروەها ساڵڕۆژی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستانە.
لێرەدا پیرۆزبایی گەرمی خۆم ئاراستەی جەنابی سەرۆك بارزانی و هەموو كوردستانییەكی بەشەرەف و نیشتمانپەروەر دەكەم و ئاواتەخوازین خودای گەورە هەمیشە یارمەتیدەری جەنابیان بێت تا بەردەوام بن لە سەركێشی و ڕابەرایەتیكردنی ڕەسەنی دۆزی نەتەوەیی و نیشتمانیمان.
هەروەها هەر بەم بۆنەیەوە پیرۆزباییەكی گەرم لە سەركردایەتیی پارتی و سەرجەم ئەندام و لایەنگرانی پارتی دەكەم، هیوادارم ئەم بۆنەیە ببێت بە مایەی جۆشدانی گیانی نیشتمانپەروەری و تەبایی لەپێناو خزمەتكردنی زیاتری گەل و وڵاتمان.

بەڕێزان:
خۆم بە بەختەوەر دەزانم و جێگەی شانازییە كە ئەمڕۆ لەناو ئەم ژمارە قوتابییە یەكەمە بەتوانایەدام، زیاتریش دڵخۆشم كە قوتابییە یەكەمەكانی شاری كەركووكی دڵی كوردستان لەگەڵمان بەشدارن. دەستخۆشی و پیرۆزباییتان لێ دەكەم كە زۆر سەركەوتوانە ئەم قۆناغەی خوێندنتان تەواو كرد و هەنگاو بەرەو قۆناغێكی تری خوێندنی زانكۆیی دەنێن، ئومێدی بەختەوەری و سەركەوتنتان بۆ دەخوازم لە هەموو قۆناغەكانی داهاتووی ژیانتاندا، هەروەها سوپاس و پێزانینی تایبەتیم بۆ دایك و باوك و كەسوكاری قوتابیان و مامۆستا بەڕێزەكان هەیە كە بە هەموو شێوەیەك پاڵپشت و یارمەتیدەرتان بوون.

ئامادەبوانی خۆشەویست:
كەرتی پەروەردە و فێركردن هەمیشە جێگەی بایەخی من و ئەنجوومەنی وەزیران بووە، ئێمە لە دۆخە سەختەكانی وەك سەردەمی كۆرۆنا و لە ڕەوشە سەختەكانی ئابووری و داراییدا هەوڵمان داوە هەموو تواناكانمان بخەینە كار تاوەكوو ئەم كەرتە بەردەوام بێت. لێرەدا جێی خۆیەتی دەستخۆشی و پێزانینمان ئاراستەی وەزارەتی پەروەردە و بە تایبەتی وەزیری پەروەردە كاكە دكتۆر ئالان و سەرجەم مامۆستا و كارمەندانی ئەم كەرتە بكەین كە بە گیانێكی لەخۆبردووانە و بە ماندووبوون و شەونخوونی، ئەم قۆناغە سەختەیان بڕی و كۆڵیان نەدا.
مامۆستاكانمان وێڕای ئەركی زۆر و ماندووبوونیان، هەمیشە نموونەی كەسانی خۆڕاگری كۆمەڵگەكەمان بوون، سەرباری هەموو سەختییەكان، سەنگەری پیرۆزی پەروەردە و فێركردنیان چۆڵ نەكرد و ئەم هەڵوێستەیان هەمیشە جێگەی سوپاس و پێزانینە.

بەڕێزان:
ئێمە دیدگایەكی ڕوونمان بۆ ئاییندەی كوردستان هەیە لە هەموو بوارەكاندا، ئێمە بۆ داهاتوو كوردستانێكی پێشكەوتووی خاوەن ئابوورییەكی فرەچەشن و خاوەن كشتوكاڵێكی پێشكەوتوو و خاوەن ژینگەیەكی خاوێن و نیشتمانێكی ئاوەدانمان دەوێت، وڵاتێكمان دەوێت خاوەن ژێرخانێكی بەهێز بێت، نیشتمانێكمان دەوێت كە سەقامگیر بێت و هەموو لایەك تێیدا بە بەختەوەری و بە ڕێز و ئاشتییەوە بژین، بەڵام دەزانم ئەمانە بەبێ سیستەمێكی بەهێزی پەروەردە و فێركردن ئەستەمە، بۆیە هەمیشە من جەختم لەسەر گرنگیی پێشخستنی ئەم بوارە كردۆتەوە، بە تایبەتیش جیا لە فێركردنی زانست، جەخت لەسەر گرنگیی پەروەردە دەكەمەوە. پەروەردەی نەوەکانی داهاتوو و ئەندامانی كۆمەڵگەكەمان لە باخچەی ساوایان و قوتابخانەكان دەست پێ دەكات. ئەگەر بمانەوێت ئەندامانی كۆمەڵگەكەمان لە داهاتوودا ، هەستی نیشتمانپەروەری و خۆشەویستیی خەڵك و خاكیان لە لا بێت، ئەوا دەبێت لە قوتابخانەكانەوە دەست بەو پەروەردەیە بكەین.
من هەمیشە لەگەڵ شاندی ئەو وڵاتانەی كە ئەزموونی سەركەوتوویان لەم بوارەدا هەیە قسە دەكەم، جەخت لەسەر هاوكاری بۆ ئەم بوارە و سوودوەرگرتن لە ئەزموونی ئەوان دەكەمەوە، ئەگەر خوا یار بێت، بە پاڵپشتی و بەشداریی كارای لایەنە پەیوەندیدارەكان هەوڵدەدەین لەم بوارە هەنگاوی كرداری بنێین، چونكە بە ڕای من، پێگەیاندنی مرۆڤ و تواناكانی، بنەما و بناغەی هەموو ئاوەدانی و پێشكەوتنەكانی دیكەیە.
ئامادەبوانی خۆشەویست:

مامۆستایانی خۆشەویستمان، پێشمەرگەئاسا لە بواری پەروەردەدا تێكۆشاون، بێگومان بۆ پێشخستنی بواری پەروەردە و فێركردنیش، پێویستە بە هەمان گیانی نیشتمانپەروەری بەردەوام بن و بە زانست و زانیاریی نوێ دەوڵەمەند بكرێن و مەشق و راهێنانی نوێ وەربگرن. مامۆستایانی بەڕێزمان داینەمۆی ئەو گۆڕانكارییانە دەبن كە ئێمە بە نیازین لەم كەرتەدا جێبەجێی بكەین. لێرەشدا وێڕای دەستخۆشی و پێزانینی دووبارەمان بۆ مامۆستایان و پاڵپشتیمان بۆ دەستەبەركردنی هەموو ماف و داخوازییەكانیان دووبارە دەكەینەوە.

من جارێكی دیكەش پیرۆزباییتان لێ دەكەم و هیوادارم لە ژیانی خۆتاندا هەمیشە سەركەوتوو بن و ببنە كەسانی داهێنەر و بەسوود بۆ وڵاتەكەتان و ئاییندەی ئەم نیشتمانە بەرەو پێشكەوتنی زیاتر ببەن.
هەر لە خۆشی و سەركەوتندا بن و وڵاتمان هەر ئاوەدان بێت.

زۆر سوپاس

error: Content is protected !!
Scroll to Top