KRG AUSTRALIA

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق دەکات

سەرۆکی-حکومەتی-هەرێمی-کوردستان-پێشوازی-لە-باڵیۆزی-بەریتانیا-لە-عێراق-دەکات

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق دەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ئەمڕۆ دووشەممە 17ی ئۆکتۆبەر، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە مارک برایسن ریچاردسن باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد .
لە کۆبوونەوەکەدا، بارودۆخی گشتیی عێراق و پرۆسەی سیاسیی و هەوڵەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێ تاووتوێ کران.
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان. جەختیش لەوە کرایەوە کە ئێستا دەرفەتێکی نوێ هاتووەتە ئاراوە بۆ پێکهێنانی حکومەتێک، کە کاری لە پێشینەی خزمەتکردنی گشت پێکهاتەکانی عێراق بێت بەبێ جیاوازی و چارەسەری کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بکات لە سەر بنەمای پابەندبوون بە دەستوور و ناوەڕۆکی ئەو ڕێککەوتنەی بۆ پێکهێنانی حکومەت لە نێوان لایەنەکاندا کراوە، بەتایبەتی ڕێزگرتن لە پرنسیپەکانی ھاوبەشیی ڕاستەقینە و هاوسەنگی و سازان.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی گرنگیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرا. سەرۆکی حکومەت جەختی لە پێویستی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە ماوەیەکی نزیک و گونجاودا کردەوە و بۆ ئەم مەبەستەش، ئامادەیی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ پێشکەشکردنی هەر هاریکاری و کارئاسانییەک دووپات کردەوە.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، ئاماژە بە پرۆسەی بەبازاڕکردن و هەناردەکردنی بەرهەمی ناوخۆی هەرێمی کوردستان کرا بۆ بازاڕەکانی دەرەوە، کە لە ئایندەیەکی نزیکدا دەست پێدەکات و بەشێکە لە کارنامەی کابینەی نۆیەم لە بواری گرنگیدان بە کەرتی کشتوکاڵ و بەروبوومی ناوخۆیی و پشتیوانیکردنی جووتیارانی کوردستان. لەم ڕووەوە، سەرۆکی حکومەت سوپاسی هەماهەنگیی و هاریکاريی دەیڤد هانت کونسوڵی گشتیی بەریتانیای لە هەرێمی کوردستان کرد.

error: Content is protected !!
Scroll to Top