KRG AUSTRALIA

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی نوێی ئەمەریکا لە عێراق دەکات

سەرۆکی-حکومەتی-هەرێمی-کوردستان-پێشوازی-لە-باڵیۆزی-نوێی-ئەمەریکا-لە-عێراق-دەکات

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی نوێی ئەمەریکا لە عێراق دەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ پێنجشەممە 16ی حوزەیران، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ئەلینا رۆمانۆوسکی باڵیۆزی نوێی ئەمەریکا لە عێراق کرد .
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆبەرت پالەدینۆ کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەولێر ئامادەی بوو ، سەرۆکی حکومەت پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە باڵیۆزی ئەمەریکا کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکەکەیدا لە پێناو بەرەوپێشبردن و برەودان بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا. پاشان سەرۆکی حکومەت، کورتەیەکی دەربارەی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم لە بواری هەمەجۆرکردنی ئابووری و سەرچاوەکانی داهات خستەڕوو، بە ئاراستەی بنیاتنانی ژێرخانێکی بەھێزی ئابووری و گەشەپێدانی هەمەلایەنەی هەرێمی کوردستان.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی کرد و جەختی لەوە کردەوە کە خەڵکی کوردستان، خاوەن دۆز و مافی نەتەوەیی و دەستووریین و کێشەکان لە گەڵ بەغدا، تەنیا بودجە و نەوت و گاز نیین، بەڵکو ئێمە هەرێمێکی فیدرالی و دەستوورین و دەبێ بە پێی دەستوور مامەڵە لە گەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت .
باڵیۆزی نوێی ئەمەریکا، پابەندبوونی وڵاتەکەی بە بەردەوامبوون لە پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان وەک هاوبەشێکی گرنگی ئەمەریکا و سەقامگیریی ئاشتی و ئاسایشی عێراق دووپات کردەوە .
باڵیۆزی ئەمەریکا باسی لەوە کرد کە عێراق و هەرێمی کوردستان، بەشێکی گرنگن لە سیاسەتی ئەمەریکا و جەختیشی لە گرنگی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق کردەوە کە لە ئاستی داخوازیییەکانی خەڵکی عێراق بێت و بەبێ جیاوازی، خزمەتی گشت پێکهاتەکانی بکات و پەیوەندییەکی باشیشی لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەبێت.

error: Content is protected !!
Scroll to Top