سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەبوزەبی بەشداری لە پرسەی شێخ خەلیفە بن زاید دەکات
![](https://usercontent.one/wp/www.krgaustralia.net/wp-content/uploads/2022/05/localimages/whatsapp-image-2022-05-14-at-91331-pm.jpeg628005f77f3dd.jpeg?media=1678916050?anchor=center&mode=crop&width=1200&height=630&rnd=132970257450000000)
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 14ی ئایاری 2022 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی شاندێکی حکومی گەیشتە ئەبوزەبی پایتەختی میرنشینی یەکگرتووی عەرەبی (ئیمارات) و لە لایەن شێخ محەمەد بن زاید ئال نەهیان سەرۆکی ئیماراتەوە پێشوازی لێکرا.
سەرۆکی حکومەت پرسە و سەرەخۆشی لە شێخ محەمەد بن زاید و بنەماڵەکەیان و سەرکردایەتیی و گەلی ئیمارات کرد و هاوخەمی خۆی پێگەیاندن بۆ کۆچی دوایی شێخ خەلیفە بن زاید ئال نەهیان سەرۆکی کۆچکردووی ئیمارات و هیوای خواست خوای مەزن گیانی بە بەهەشت شاد بکات .
سەرۆکی حکومەت هەروەها پیرۆزبایی لە شێخ محەمەد بن زاید کرد بەبۆنەی هەڵبژاردنی بە سەرۆکی نوێی ئیمارات و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست .