KRG AUSTRALIA

English

گشت هەواڵەکان

جۆری بابەتەکان

سەرۆکی حکومەت؛ پێشخستنی خزمەتگوزارییەکانی گەیاندن و پۆستە، بەشێکە لە بەرنامەکانی حکومەت بۆ بەسەردەمیکردن و بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان

سەرۆکی-حکومەت؛-پێشخستنی-خزمەتگوزارییەکانی-گەیاندن-و-پۆستە،-بەشێکە-لە-بەرنامەکانی-حکومەت-بۆ-بەسەردەمیکردن-و-بەدیجیتەڵکردنی-خزمەتگوزارییە-گشتییەکان

سەرۆکی حکومەت؛ پێشخستنی خزمەتگوزارییەکانی گەیاندن و پۆستە، بەشێکە لە بەرنامەکانی حکومەت بۆ بەسەردەمیکردن و بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان

ئەمڕۆ یەکشەممە 6/9، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆمپانیا و سەنتەری ئیگڵ پۆست-ی لە شاری هەولێر کردەوە کە تایبەتە بە کاروباری پۆستە و گەیاندن .
سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لە ڕێورەسمی کردنەوەکەدا گوتارێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوە دا کە ئەم کۆمپانیا و سەنتەرە، دەبێتە هۆی زیاتر بەیەکەوە بەستنەوەی شارو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بە یەکتر و هەروەها بە ناوچەکانی دیکەی عێراق و هەموو جیهان .

دەقی گوتاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان؛

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
ئامادەبووانی بەڕێز:

ئەمڕۆ یەکێک لە پڕۆژە هاوبەشەکانی هەردوو کەرتی گشتیی و تایبەت دەکەینەوە، ئەمەش بەشێکە لە کارنامەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری پێشخستنی خزمەتگوزارییەکانی گەیاندن و بەتایبەتیش خزمەتگوزاریی پۆستە کە خوازیارین ئەم کەرتە لە ئاستی پێشکەوتنە خێراکانی ئەم سەردەمەدا بێت.
ئەم کۆمپانیا و سەنتەرە، دەبێتە هۆی زیاتر بەیەکەوە بەستنەوەی شار و ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بە یەکتر و هەروەها بە ناوچەکانی دیکەی عێراق و جیهان. ئەمە بەشێکە لە پلان و بەرنامەکانی حکومەت بۆ بەسەردەمیکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و بەدیجیتاڵکردنیان و هەروەها کەمکردنەوەی بیرۆكراسی.
لەم سەردەمەدا، پۆستە و گەیاندن، دامەزراوەیەکی زۆر گرنگ و چالاکە و خزمەتێکی زۆر بە هاووڵاتییان دەگەیەنێت و ئاسانكاریی زۆر بۆ ڕاییكردنی ژیان و كاروباری رۆژانەی هاووڵاتیان دروست دەكات و كاتێكی زۆریان بۆ دەگەڕێنێتەوە و بەم هۆیەوە كاروبارەكانیان بە شێوەیەكی خێرا ڕایی دەکەن. لە هەمانکاتدا دابینکردنی ئەم خزمەتگوزارییە بە شێوازێکی پێشکەوتوو، دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی قەرەباڵغی و بارگرانی لە سەر دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی كوردستان و هەروەها کەرتی تایبەتیش.
ئەم سەنتەرە دەکرێ ببێتە هۆکارێکیش بۆ بەرەوپێشبردن و پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، بەتایبەتی بازرگانی ئەلیکترۆنی لە نێوان هەرێمی کوردستان و دەرەوە و بەپێچەوانەشەوە.
پێویستە ئیشوکارەکانی ئەم کۆمپانیایە بە شێواز و سیستەمێکی پێشکەوتوو و لە چوارچێوەی پێوەر و ستانداردە جیهانییەکان ئەنجام بدرێت و کارئاسانی پێویست بۆ هاووڵاتییانی هەرێم دابین بکات و ببێتە وەرچەرخانێکیش لە بواری پۆستە و گەیاندندا.

هەر ئەم بابەتە ڕاماندەكێشێتە بوارێكی دیكە كە ئەویش سیستەمی ناونیشان و ئەدرێسە كە پێویستە لە هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی گونجاو و سەردەمیانە ڕێك بخرێتەوە و لایەنە پەیوەندیدارەكان دەبێت لە زووترین كاتدا لەسەر ئەم بابەتە كار بكەن.
پێش ئەوەی كۆتایی بە وتارەكەم بێنم، دەمەوێ جارێكی تر لێرەوە سوپاس و پێزانینی خۆم ئاراستەی هاووڵاتیان و بە تایبەتی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بكەم كە پاڵپشت و پشتیوان و پشوودرێژ بوون و خۆڕاگر بوون بەرامبەر ئەو پیلانەی هەندێك كەس و لایەن بۆ مەرامی تایبەتیی خۆیان ویستیان قەوارەی هەرێمی كوردستان بەوە لاواز بكەن كە داوای ئەوە بكەن كە مووچە و بودجەی هەرێمی كوردستان دابەش بكرێتە سەر پارێزگاكان. خۆڕاگریی ئێوە وایكرد ئەم پیلانە سەرنەگرێت و ئێمە بەردەوام لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی حكوومەتی فیدڕاڵ لە پەیوەندیدا بووین و گەیشتووینەتە قۆناغی كۆتایی، هیوادارم كە ئێمە توانیبێتمان لە خزمەتی ئێوەی خۆشەویستدا كارێكی وا بكەین بابەتی بودجە و مووچە بە شێوەیەكی بنەڕەتی چارەسەر بكرێت، هەروەك پێشتریش من باسم كردووە. هیوادارین لە ماوەیەكی نزیك لە پێش جەژن، تەواوی مووچەی مانگی چواری هێزە ئەمنییەكان و هی مانگی پێنجیش بۆ هەموو هاووڵاتیان دابین بكرێت. هیوادارم چیتر بابەتی مووچە نەبێتە هەواڵ و نووچەی میدیاكان و ئێمە بتوانین پەیوەندییەكانی خۆمان لەگەڵ حكوومەتی فیدڕاڵی بخەینە ئاستێكی دروست و بەرەو پەیوەندیی باشتریش هەنگاو بنێین.
جارێكی تر زۆر سوپاس بۆ ئامادەبوونتان و پیرۆزبایی ئەم دەستكەوتەش لە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان دەكەم.

error: Content is protected !!
Scroll to Top