سیستەمی تاكپەنجەرە كارئاسانی و خێرایی بۆ مامەڵەی هاووڵاتییان دابین كردووە
سیستەمی تاكپەنجەرە شێوازێكی نوێ و پێشكەوتووی كارگێڕی و ڕاییكردنی مامەڵەی هاووڵاتییانە و ئێستا لە تەواوی فەرمانگەكانی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتیی حكومەتی هەرێم پیادە دەكرێت و ئاسانكاری و خێرایی زۆری بۆ هاووڵاتییان دابین كردووە.
کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، لەبارەی ئەو سیستەمەوە بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: “لە بڕگەكانی بڕیاری ژمارە 1ی 2019، جەخت لە نەهێشتنی ڕۆتین و كارئاسانیی مامەڵەی هاووڵاتییان كراوەتەوە. لەسەر ئەو بنەمایە لە هەولێر، دهۆك، سلێمانی، هەڵەبجە و گەرمیان دەستمان بە دروستكردنی هۆڵی تاكپەنجەرە لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتیی تایبەت بە خاوەندپێداویستیی تایبەت و كورتەباڵاكان كردووە.”
سیستەمی تاكپەنجەرە ئەوەیە، هاووڵاتی مامەڵەكەی لە پەنجەرەیەكەوە دەداتە دەست فەرمانبەرێك و دوای بڕینی هەموو ڕێكارە كارگێڕییەكان، لە هەمان پەنجەرەوە مامەڵەكە ڕادەستی هاووڵاتی دەكرێتەوە، ئەمەش وا دەكات هاووڵاتی تووشی ڕۆتین و ماندوویەتی و كاتبەفیڕۆدان نەبێت.
مەحموود حەكیم، برای كچێكی خاوەنپێداویستیی تایبەتە و خوشەكەكەی لەگەڵ خۆیدا بردووەتە بەڕێوەبەرایەتیی تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتیی هەولێر، ئەو بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی گوت: ” بەبێ ئەوەی بچینە هیچ ژوورێك، بێ ماندبوون و كاتی زۆر، لەسەر كورسییەك دانیشتین، لە پەنجەرەیەكەوە مامەڵەكەمان دا و لە هەمان پەنجەرە بە گورجی مامەڵەكەیان بۆ تەواو كردین و ڕادەستیان كردینەوە”.
ئەم سیستەمە نوێیە، شێوازی کۆنی کارگێڕی بۆ شێوازێکی نوێ دەگۆڕێت کە دەتوانرێت ڕۆژانە ٨٠٠ تاکوو ١٠٠٠ مامەڵەی هاووڵاتییان ڕایی بكات.
حكومەتی كارا ئەوەیە كارگێڕییەكی خێرا و وەڵامدەرەوە و دوور لە ڕۆتینی هەبێت، ئەوەش ئاسانكاری بۆ هاووڵاتییان دابین دەكات و كاتی زۆریان بۆ دەگێڕێتەوە. لەو سۆنگەوە حكومەتی هەرێم سیستەمی تاكپەنجەرەی خستووەتە كارەوە و لە ئاییندەشدا تەواوی وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەكانی دیكە دەگرێتەوە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری