سهرۆكی حکومەت پێشوازى له باڵيۆزى فهرهنسا لە عێراق دەکات
![](https://usercontent.one/wp/www.krgaustralia.net/wp-content/uploads/2023/10/localimages/photo_5_2023-10-28_13-41-35.jpg?media=1678916050?anchor=center&mode=crop&width=1200&height=630&rnd=133429633150000000)
ئهمڕۆ شەممە 10/28، مەسرور بارزانی سهرۆكى حکومەتی ههرێمى كوردستان، پێشوازی لە ئێريك شۆڤاليێ باڵيۆزى فهرهنسا له عێراق کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا دوايين گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی دۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە تاوتوێ کرا.
تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە پێویستیی دابینکردنی مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی دوای ئەوەی حکومەتی هەرێم، بە داتا و زانیاری وردەوە، ڕوونکردنەوەی پێویستیان پێشکەشی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ کردووە و پێویستە حکومەتی فیدراڵیش، شایستە داراییەکانی هەرێم بنێرێت، چونکە ناکرێت چیتر مافی مووچەخۆرانی هەرێم پێشێل بکرێت.
گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان و پاراستنی نێردە دیپلوماتییەکان و هێزەکانی هاوپەیمانان، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە بوو.