KRG AUSTRALIA

English

گشت هەواڵەکان

جۆری بابەتەکان

سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ردی بناخەی سێ پڕۆژه‌ی کشتوکاڵی له‌ دهۆك داده‌نێت

سه‌رۆكی-حكومه‌تی-هه‌رێمی-كوردستان-به‌ردی-بناخەی-سێ-پڕۆژه‌ی-کشتوکاڵی-له‌-دهۆك-داده‌نێت

سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ردی بناخەی سێ پڕۆژه‌ی کشتوکاڵی له‌ دهۆك داده‌نێت

سەرۆکی حکومەت: پێویستە بگەینە ئەو ئاستەی دڵنیابین، کە ئاسایشی خۆراک لە هەرێمی کوردستان دابین دهکرێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ سێشەممە 7ی حوزەیران، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ،  بەردی بناغەی سێ پڕۆژەی گرنگی کشتوکاڵی و پیشەسازی خۆراکي لە قەزای سێمێل-ی پارێزگای دھۆک دانا.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان  لە رێوڕەسمی دانانی بەردی بناخەی هەر سێ پڕۆژەی کارگەى ده‌ستاڕی ئارد، خانووى شوشەیى بۆ چاندنى میوە و سەوزە، بەخێوکردنى مانگا و پیشەسازی خۆراك لە سنووری پارێزگای دهۆك رایگەیاند، لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵی زۆر دراوە بۆ هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات و دۆزینەوەی هەلی کار بۆ گەنجان، دەبێت بۆ دابینکردنی ئاسایشی خۆراک پشت بە خۆمان ببەستین.

سەرۆکی حکومەت، لە گوتارەکەیدا گوتی: “زۆر بەختەوەرم جارێکی دیکە لە پارێزگای دهۆک و قەزای سێمێل کۆبووینەوە، بۆ دانانی بەردی بناخەی چەندین پڕۆژەی ستراتیجی و گرنگ، نەک بۆ هەر ئەو دەڤەرە، بەڵکو بۆ هەموو کوردستان، بۆ بەرەوپێشبردنی سێکتەری کشتوکاڵ و پیشەسازی خۆراک لە کوردستان و دۆزینەوەی هەلی کار بۆ چەندین گەنجی وڵاتەکەمان و هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات، کە ئەوە یەکێکە لە ئامانجەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان”.

سەرۆکی حکومەت، جەختیکردەوە، “ئەو پڕۆژانەی ئەمڕۆ بەردی بناخەیان دادەنرێت، بەشێکن لە پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پێشتر لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانیش پڕۆژەی هاوشێوە کراوە، دەبێت بەردەوامیش بین لەسەر ئەو پڕۆژانە، جێی شانازییە، کە لەم کابینەدا گرنگی زیاتر بە هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات دەدرێت”.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاشیگەیاند” “پێویستە بگەینە ئەو ئاستەی دڵنیابین، کە ئاسایشی خۆراک لە هەرێمی کوردستان دابین ده‌کرێت، مەترسی لەسەر ژیانی خەڵکی هەرێمی کوردستان نامێنێت. وەک دەبینین چەندین قەیران و گرفت لە دونیادا سەریانهەڵداوە و کاریگەریان لەسەر هەرێمی کوردستانیش هەیە، بۆیە پێویستە گرنگی زیاتر بە بەرهەمی ناوخۆیی بدەین، پشت بە خۆمان ببەستین، نەک هەر داخوازی خەڵکی خۆمان جێبەجێ بکەین، بەڵکو ببینە سەرچاوە بۆ ناوچەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست”.

مەسرور بارزانی، باسی لەوەشکرد، “خۆشحاڵم کە سەرکەوتن بەدەستهاتووە، لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەنجامەکانی ئەو ئەزموونە دەردەکەون، کە دەبێتە رێگەخۆشکەر بۆ ئەوەی بەرهەمی خۆمان بنێرینە دەرەوەی وڵات و بازاڕەکانی جیهان بە بەرهەمی کوردستان ئاشنا بکەین”.

ڕوونیشكرده‌وه‌، کاتێك جووتیار بەرهەمەکەی بەرهەم دەهێنێت، کەرتی پیشەسازی، گواستنەوە و هەناردەکردنی بۆ دەرەوە، ئه‌مانه‌ هەمووی هەلی کار بۆ خەڵک دەڕەخسێنێت، کە لەو بوارانەدا کار دەکەن، بۆیە چەندین جاری دیکەش گوتومە، کشتوکاڵ بناغەی پێشخستنی ئابووری هەموو وڵاتێکە، کە هاوکات کەرتی پیشەسازیش پێشدەکەوێت.

سەرۆکی حکومەت له‌ گوتاره‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، “پێویستە ئێمە ئامادەبین، ئەگەر قەیرانەکان بەردەوامبن؛ چۆن خۆمان بگونجێنین، بۆ ئەوەی زیان بەر خەڵکەکەمان نەکەوێت، وەک دەزانن شەڕ و ئاڵۆزییەکان لە جیهاندا کاریگەری کردووەتە سەر بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەنی و خواردن، ئەگەر دۆخی خۆمان بەراورد بکەین لەگەڵ هەندێك وڵاتی دەوروبەر و هەندێك وڵاتی جیهان، پێویستە ئەوە لەبەرچاو بگرین، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵەکانی خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەی هەموو بارەکە نەکەوێتە سەر شانی هاووڵاتی، بۆ ئەوەش هەنگاوی پێویستمان ناوە، وەك دابەزاندنی نرخی ماددە سەرەکییەکان و داشکاندنی نرخی کارەبا بۆ ئەو کارگانەی خۆراك دروست دەکەن”.

لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، مەسرور بارزانی، گوتی: “داوا لە هەموو زانکۆکان و پسپۆڕەکانمان دەکەم، هاوکاری کەرتی تایبەت و گشتی و حکومەت بکەن، بۆ دۆزینەوەی رێگەی باشتری زانستی، بۆ ئەوەی چۆن خۆمان بگونجێنین لەگەڵ گۆڕانکاری کەشوهەوا، کە ئەوەش بووەتە بابەتێکی دیکە و جیهان پێیەوە سەرقاڵە، دەبێت ئێمە هەوڵبدەین و رێگەیەك بدۆزینەوە بە کەمترین ئاو بەرهەمەکانمان بەرهەمبهێنین، چونکە هەندێك ساڵ باران کەمدەبارێت یان وشکەساڵییە”.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی کەرتی تایبەتی کرد، کە لە هەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان هاوکاری حکومەت بوونە و حکومەتیش پشتیوانی بەردەوام بووە بۆ پاراستنی مافی ئەوان و پەرەپێدانی پەیوەندی نێوان حکومەت و کەرتی تایبەت.