KRG AUSTRALIA

English

گشت هەواڵەکان

جۆری بابەتەکان

ئەنجومەنی وەزیران پەرەپێدانی کەرتی گەشتوگوزار تاووتوێ دەکات

ئەنجومەنی-وەزیران-پەرەپێدانی-کەرتی-گەشتوگوزار-تاووتوێ-دەکات

ئەنجومەنی وەزیران پەرەپێدانی کەرتی گەشتوگوزار تاووتوێ دەکات

* گفتوگۆ دەربارەی ڕاپۆرتی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی لە هەرێمی کوردستان وبەغدا دەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)-  ئەمڕۆ یەکشەممە 5 ی حوزەیرانی 2022 بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران ، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران بەناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە ، پیرۆزبایی لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە کرد بە بۆنەی ( 47 )مین ساڵیادی دامەزراندنی و ئەنجامدانی دیداری یەکێتی و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن لە پێناو خزمەتکردنی گەلی کوردستان .

پاشان کورتەیەکی دەربارەی بەشداری شاندی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانیی داڤۆس خستەڕوو کە لە ڕۆژانی ٢٢تا ٢٠٢٢/٥/٢٦ بەڕێوەچوو. سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەدا کە لە دیدار و کۆبوونەوەکاندا، جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی جیهان کراوەتەوە بە تایبەتی لە بواری ئابووری و وەبەرهێناندا. ڕوونیشیکردەوە کە

ئامانجی بەشداربوونی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەند و کۆنگرە نێودەوڵەتییەکاندا، گەیاندنی دەنگ و هەڵوێستی هەرێمە بە سەکۆ جیهانییەکان و پتەوکردنی پێگه‌ی حکومەتی هەرێمی کوردستانە وەک هاوبەشێکی هەرێمی و جیهانیی.

لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا، خاليد هادی چاوشلی سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان، کۆنووسی کۆتایی تیمی چاودێری دارایی هاوبەشی هەرێمی کوردستان وعێراقی فیدرالی خستەڕوو کە لەبەر ڕۆشنایی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2021 ئەنجامیان داوە و لە کۆنووسە هاوبەشەکەدا، ئاماژە دراوە بەوەی کە وەزارەتی دارایی وئابووری هەرێمی کوردستان، تەرازووی پێداچوونەوەی لەسەر ئاستی سەرجەم یەکە ئیدارییەکانی خەرجیی بۆ تەواوی ساڵی 2021 بە شێوەیەکی شەفافانە پێشکەش بە لیژنە هاوبەشەکە کردووە کە بە ژمارە و زانیاری، داهات وخەرجییە گشتیەکانی هەرێمی تێدا خراوەتەڕوو، بە داهات و خەرجیی نەوتیی ونانەوتیشەوە، سەرەڕای خستنەڕووی میلاکی وەزیفی مەدەنی و سەربازیی لەسەر تاسەری هەرێم، ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشیی لە دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم، لە هەمانکاتدا وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد کە لە چوارچێوەی ئەو ڕاپۆرتە هاوبەشە و بە پشتبەستن بە ماف وشایستە داراییەکانی جێگیرکراو بە پێی دەستوور، بەدواداچوون بۆ بەدەستهێنانی شایستەکانی هەرێم بکەن و بۆ ئەو مەبەستەش، هەماهەنگی لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانیەکان بکرێت لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ، پەرلەمانی کوردستانیش ڕۆڵی خۆی لەم بوارە بگێڕێت . لە کۆبونەوەکەدا ئەوەش خرایەڕوو، کە مانگانە حکومەتی فیدڕاڵیی، بە پێی یاسای بودجەی فیدڕاڵ ، پابەندییە داراییەکانی هەرێمی داشکاندووە لە شایستەکەی و لەبەرامبەردا، پێویستە حکومەتی فیدڕاڵی بەردەوام بێ لەسەر ناردنی بەشە بودجەی هەرێم.

 بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەکە، خستنەڕووی ڕاپۆرتێک بوو لە لایەن ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەبارەت بە دۆخی کەرتی گشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان و دیدگا و ستراتیجی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لە بواری پەرەپێدان و پێشخستنی کەرتی گەشتوگوزار. دواتر ئەمەل جەلال سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار، ئاماژەی بە وردەکاییەکانی ڕاپۆرتەکە کرد و چەندین ئامار و زانیاری دەربارەی کەرتی گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو. 

سەرۆک وەزیران جەختی لەوە کردەوە، کە دەبێ زۆر گرنگی بە گەشتوگوزار بدرێت بە ئاراستەی زیاتر ناساندنی سروشتی جوان و گەشی کوردستان و ناساندنی کولتوور و ناسنامەی گەلی کوردستان  و هەروەها لە ڕووی داراییشەوە ببێتە یەکێک لە سەرچاوەکانی گرنگەکانی داهات.

باشان ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ ڕاپۆرتی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و ڕاسپاردە و پێشنیار و ستراتیجی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ پەرەپێدانی کەرتی گەشتوگوزار پەسەند کرد.

لە بڕگەی کۆتایی کۆبوونەوەکە، ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای ( هەمواری یەکەمی یاسای پاراستن و چاککردنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان ) ژمارە ( 8 ) لە لایەن ڤالا فەرید وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان خرایەڕوو و لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە، بە کۆی دەنگ پەسەند کرا.