KRG AUSTRALIA

English

گشت هەواڵەکان

جۆری بابەتەکان

ئەنجومەنی وەزیران پڕۆژە یاسایەکی کشتوکاڵی و ڕەشنووسی بڕیارێکی تایبەت بە یاسای چاکسازی پەسەند دەکات

ئەنجومەنی-وەزیران-پڕۆژە-یاسایەکی-کشتوکاڵی-و-ڕەشنووسی-بڕیارێکی-تایبەت-بە-یاسای-چاکسازی-پەسەند-دەکات

ئەنجومەنی وەزیران پڕۆژە یاسایەکی کشتوکاڵی و ڕەشنووسی بڕیارێکی تایبەت بە یاسای چاکسازی پەسەند دەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ئەمڕۆ چوارشەممە 5ی ئۆکتۆبەر( تشرینی یەکەم)ی 2022 ، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەن، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکە، بریتی بوو لە خستنەڕووی ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای ( بەرکارکردن وهەمواری پیادەکردنی یاسای کەرەنتینی کشتوکاڵیی فیدراڵی ژمارە 76 ی ساڵی 2012 ی هەموارکراو لە هەرێمی کوردستان ) کە لایەن بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو خرایەڕوو. پاشان لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەند کرا و ڤالا فەرید وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان، ڕاسپێردرا بە ئاراستەکردنی بۆ پەرلەمانی کوردستان بەمەبەستی تەشریعکردنی. ئامانج لەم پڕۆژە یاسایە، ڕێکخستنی پرۆسەکانی دەستاودەستکردنی ڕووەک و بەرهەمەکانی و هاوردەکردن و هەناردەکردنیانە لە پێناوی ڕێگەگرتن لە هاتنەناوەوەی دەرد و پەتای کشتوکاڵیی و بڵاوبوونەوەیان لە هەرێمی کوردستان، بە پیادەکردنی هەمان ئەو پرۆسە و ڕێکار و پێوەرانەی لە سەرتاسەری عێراق کاری پێ دەکرێت و یاساکە، لە لایەن لیژنەیەکی باڵاوە لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوجێبەجێ دەکرێت کە نوێنەری وەزارەتەکانی ( خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی، ناوخۆ، بازرگانیی و پیشەسازیی، دارایی وئابووری، تەندروستی ) و دەستەی پاراستن وچاكکردنی ژینگە لە خۆدەگرێت،ئەم پڕۆژە یاسایە، بەرکارکردنی یاسایەکی فیدڕاڵییە لە هەرێم، دوای هەموارکردنی و ڕەچاوکردنی تایبەتمەندیی وەزارەت و دامەزراوەکانی هەرێم. بە ئاراستەی یەکخستنی ڕێکارەکانی کەرەنتینی کشتوکاڵیی لە هەرێم و عێراق و لە هەمانکاتدا کارئاسانییشە بۆ بازرگانانی هەرێم و هەروەها جووتیارانی هەرێمی کوردستان کە زامنیی دروستیی وکوالیتی ئەو کەرەستە و پێداویستیە سەرەتاییانە دەکات کە لە دەرەوە هاوردە دەکرێن بۆ پڕۆژە کشتوکاڵیەکانی هەرێم و لەکاتی هەناردەی بەرهەمی خۆماڵیی هەرێم بۆ پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق لە لایەن حکومەتی فیدڕاڵەوە ئاستەنگیان بۆ دروست نەکرێت. ئەمەش دوای ئەوەی لە لایەن دامەزراوەکانی هەرێمەوە، هەمان ڕێکاری کەرەنتینی کشتوکاڵی پەیڕەودەکرێت.

پاشان لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە و لە چواچێوەی هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێم بۆ جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیی، ڕەشنووسی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە جێبەجێکردنی ماددەی ( 9 ) لە یاسای چاکسازی لەلایەن عەبدولحەکیم خسرەو سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگیی و بەدواداچوون خرایەڕوو. دوای گفتوگۆ وڕاگۆڕینەوە، ئەنجومەنی وەزیران ڕەشنووسی بڕیارەکەی پەسەند کرد. ئەنجومەنی وەزیران دووپاتی پێداگیریی خۆی کردەوە بۆ جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، لە پێناوی ڕێکخستنەوەی وەزیفی گشتیی و خانەنشینیی و هێنانەدی دادپەروەریی لە سوودمەندبوون لە داهاتی گشتیی و ڕێگەگرتن لە بەهەدەردان و سوودمەندبوونی ناڕەوا، بەمەرجێک مافی خەڵکانی شایستە پارێزراوبێت و نەبێتە هۆی بێبەشکردنیان لە شایستە و مووچەی ڕەوای خۆیان.

error: Content is protected !!
Scroll to Top