KRG AUSTRALIA

English

گشت هەواڵەکان

جۆری بابەتەکان

ئەنجومەنی وەزیران داوا دەکات جێبەجێکردنی یاسای بودجەی ساڵی 2021 و ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت هەتا پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵ بۆ ساڵی 2023 پەسەند دەکرێت.

ئەنجومەنی-وەزیران-داوا-دەکات-جێبەجێکردنی-یاسای-بودجەی-ساڵی-2021-و-ناردنی-بەشە-بودجەی-هەرێمی-کوردستان-بەردەوام-بێت-هەتا-پڕۆژە-یاسای-بودجەی-فیدراڵ-بۆ-ساڵی-2023-پەسەند-دەکرێت.

ئەنجومەنی وەزیران داوا دەکات جێبەجێکردنی یاسای بودجەی ساڵی 2021 و ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت هەتا پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵ بۆ ساڵی 2023 پەسەند دەکرێت.

  • پلانی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانکاریی کەش و هەوا و کاریگەرییە نەرێنییەکانی لە سەر هەرێمی کوردستان تاووتوێ کرا.

 

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ چوارشەممە 21ی دیسێمبەر(کانوونی یەکەم)، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجامی دوا سەردان و کۆبوونەوەکانی شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گەڵ شاندی دانوستانی حکومەتی فیدراڵ لە 2022/12/11 سەبارەت بە دۆسییەکانی ( بودجە ، نەوت و گاز، دەروازە سنوورییەکان، دیوانی چاودێری دارایی )  لە لایەن ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و ئەندامانی دیکەی شاندەکە خرایەڕوو.

سەرۆک وەزیران دەستخۆشی لە شاندەکە کرد و خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ لە سەر بنەمای دەستوور و لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامەی لایەنە سیاسییەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت و کارنامەی وەزاری پەسەندکراو لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە دووپات کردەوە.

ئەنجومەنی وەزیران پێشوازیی لە بڕیاری حەفتەی پێشووی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ کرد بۆ خەرجکردنی بڕی چوارسەد ملیار دینار وەک شایستەی دارایی هەرێم. هەروەها وەزارەتی دارایی وئابووری ڕاسپارد لە پەیوەندی بەردەوام بێت لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ تا بە زووترین کات ڕێکارەکانی ناردنی پارەکە تەواو بکرێت بۆ ئەوەی بخرێتەوە خزمەتی خەرجییە گشتیەکانی هەرێم. ئەنجومەنی وەزیران شاندی دانوستانکاریشی ڕاسپارد کە لە دوای پشووەکانی سەری ساڵ، کۆبوونەوەکانیيان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ چڕبکەنەوە بە ئاراستەی بەردەوامبوونی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی ساڵی 2021 و ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان هەتا پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵ بۆ ساڵی 2023 لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە پەسەند دەکرێت هەروەک لە کارنامەی وەزاریدا هاتووە.

بڕگەی دووەم تایبەت بوو بە خستنەڕووی ڕاپۆرتی وەزارەتی کاروباری شەهیدان وئەنفالکراوان لە سەر پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بە کەس وکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیان و ڕاگیراوانی سیاسی کە لە لایەن عەبدوڵلا مەحمود وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان خرایەڕوو.

ئەنجومەنی وەزیران دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، وێڕای دەستخۆشی لە وەزارەت چەندین بڕیاری لە قازانجی کەس و کاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیان و ڕاگیراوانی سیاسی دا و بڕیاریش درا کە هەوڵەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ چڕبکرێنەوە بۆ ئەوەی بە پێی دەستووری هەمیشەیی عێراق ، حکومەتی فیدڕاڵ بەرپرسیارێتی قەرەبووی شایستەی کەس و کاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیان و ڕاگیراوانی سیاسی بگرێتە ئەستۆ، کە قوربانی دەستیی ڕژێمەکانی پێشوون و ئەمەش لە دەستووردا وەک ماف و شایستەی هەرێم جێگیرکراوە.

لە بڕگەی سێیەمدا، سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە عەبدولرەحمان سدیق، پلانی ساڵی 2023ی ئەنجومەنی پاراستن وچاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستانی لە بارەی بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانکاریی کەش و هەوا و کاریگەرییە نەرێنییەکانی لە سەر هەرێمی کوردستان و عێراق خستەڕوو ، ئەویش لە ڕێگەی جێبەجێکردنی پابەندیی نێو بەڵگەنامە پشکدارییە نیشتیمانییەکان کە هەرێمی کوردستان ڕۆڵی سەرەکی لە ئامادەکردنیدا هەبووە، بە تایبەتیش لە بوارەکانی کەمئاویی و بەبیابانبوون و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی و کەمیی ڕووبەری سەوزایی،  لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەدرا بە دەرفەتەکانی سوود وەرگرتن لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و ئەزموونی ووڵاتان لە سوود وەرگرتن لە سەرچاوەکانی ووزەی نوێبۆوە وخاوێن وکشتوکاڵی کردنی زیرەک و هەمەچەشنکردنی ئابووری وبایەخدان بە وەبەرهێنانی ژینگەیی ودامەزراندنی ناوچەی پارێزراوی سرشتی ( محمية طبيعية) و ڕیسایکلینی ئاوی قورس و پاشەڕۆکان.

سەرۆک وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە دەستە و ئەنجومەنی پاراستن وچاککردنی ژینگە بۆ پڕۆژە وپلان و هەوڵەکانیان ئاماژەی دا بە مەترسی و کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕانی کەش و هەوا لە سەر ژیانی هاووڵاتییان، و جەختی لە پێویستی گرتنەبەری ڕێکاری پێویست لە لایەن وەزارەتەکان کردەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی گۆڕانکاری کەش و هەوا لەوانە دروستکردنی بەنداو و پۆند، زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی لە  هەرێمی کوردستان و کەمکردنەوەی بڵاوبوونەوەی گازی ژەهراوی بە تایبەتی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و چەندین ڕێکاری دیکە .

 

ئەنجومەنی وەزیران پێشنیار و ڕاسپاردەکانی دەستە و ئەنجومەنی پاراستن و چاککردنی ژینگەی پەسەند کرد، لە ناویشیاندا کاراکردنەوە و گرنگیدان  بە ئەنجومەنی باڵای پاراستن وچاککردنی ژینگە لەهەرێمی کوردستان کە بە یاسای ژمارە 3ساڵی 2010 پێکهاتووە لە نوێنەری وەزارەت و دەستە پەیوەندیدارەکان کە پێویستە وەزارەتەکان لە ڕێگەی ئەو ئەنجومەنە باڵایەوە هاوکاری دەستەی ژینگە بن بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی دەستەکە لە پاراستن و چاککردنی ژینگە ، بەتایبەتیش بابەتی کاریگەرييە زیانبەخشەکانی گۆڕانیی کەشوهەوا کە ئێستا بووەتە خەمێکی جیهانیی و کاریگەریی سیاسیی و گۆڕانکاریی دیمۆگرافیی و کۆمەڵایەتیش بەدوای خۆیدا دەهێنێت، بۆ ئەم مەبەستەش، دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینکە ڕاسپێردرا گرنگیی زیاتر بە هاوئاهەنگیرکردن لەگەڵ وەزارەتی ژینگەی فیدڕاڵ بدات.