KRG AUSTRALIA

English

گشت هەواڵەکان

جۆری بابەتەکان

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و چەند بڕیارێکی پەسەند کرد

ئەنجومەنی-وەزیرانی-هەرێمی-کوردستان-کۆبووەوە-و-چەند-بڕیارێکی-پەسەند-کرد

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و چەند بڕیارێکی پەسەند کرد

  •  سەرۆک وەزیران وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد بە زووترین کات گرفتی گرانبوونی بەنزین چارەسەر بکەن.
  • ئەنجومەنی وەزیران زیادکردنی سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئەندامیەتی ئەنجومەنی هەرێمی بۆ کاروباری نەوت و گاز پەسەند دەکات.
  • ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری ئاسانکاریی بۆ هاووڵاتیان لە دانەوەی قەرز و سزای دارایی وپێشینەکانی حکومەت بۆ 90 ڕۆژ و دواجار درێژکردەوە.
  •  ئەنجومەنی وەزیران جەخت لە جێبەجێکردنی یاسای پاراستنی مافی پێکهاتەکان دەکاتەوە. 

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ چوارشەممە 15ی حوزەیرانی 2022 بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران ، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجامی سەردانی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ دیوانی چاودێری دارایی فیدرال لە بەغدا تایبەت بە ڕاپۆرتی تیمی هاوبەشی چاودێری دارایی لە لایەن خالید شوانی وەزیری هەرێم بۆ کاروباری دانوستان لە گەڵ حکومەتی فیدراڵ خرایەڕوو، ئەنجومەنی وەزیران هەڵوێستی خۆی دووپات کردەوە لە بەردەوامبوون لە دانوستان و گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی لە پێناوی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێراوەکانی نێوان هەرێم وبەغدا لە چوارچێوەی دەستوورو، لیژنەی دانوستان و دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمیش ڕاسپێردران بەردەوام بن لە کۆبوونەوە وگفتوگۆکان بەو ئاراستەیە و هەر بۆ ئەو مەبەستەش، هەماهەنگيی پێویست لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانیيەکان بکەن و تیمی یاسایی ئەنجومەنیش ڕاسپێردران، ڕێکاریی پێویست دەست پێ بکەن بۆ داکۆکیی یاسایی و دەستووریی لە ماف وشایستەکانی هەرێم وەک لە دەستووردا جێگیرکراوە، بە تایبەتیش کە ئێستا خەرجی وداهات و میلاکی وەزیفیی هەرێم لە لایەن دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم و بەغدا پەسەندکراون.

پاشان لە لایەن عەبدولحەکیم خەسرەو سەرۆکی فەمانگەی هەماهەنگیی و بەدواداچوون و سکرتێری لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیی، کورتەیەک دەربارەی ڕاپۆرتی ژمارە ( 3 )ی ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە یاسای چاکسازی خرایەڕوو، کە بەم دواییانە ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان کراوە و لە هەشت بەشی سەرەکی پێکهاتووە لەسەر بنەمای ماددە وبڕگەکانی یاسای چاکسازیی ژمارە (2)ی ساڵی 2020 سەبارەت بە بەرەوێشچوون وئاستەنگەکانی بەردەم جێبەجێکردنی یاساکە کە بەشێکی گرنگی کارنامەی کابینەی نۆیەمە. بڕیاریشدرا حەفتەی داهاتوو ، هەر وەزارەتێک بە پێی تایبەتمەندیی و بە ژمارە وزانیاریی پێویست، ئەو چاکسازییانە بخاتەڕوو کە لە چوارچێوەی یاسای چاکسازیی لە وەزارەت وفەرمانگەکانیان ئەنجامدراون، هەروەها باسی بەرنامە وپلانی داهاتووشیان لەمبارەیەوە بکەن دواتریش بۆ ڕای گشتی بخرێتەڕوو تا خەڵکی کوردستان لە هەنگاوەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەت لە بواری چاکسازیی ئاگادار بن.

بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە ، تایبەت بوو بە دەنگدان لە سەر پڕۆژە یاسای  هەموارکردنی ماددەی چوارەم لە یاسای ژمارە 22ی ساڵی 2007 تایبەت بە زیادکردنی سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئەندامیەتی ئەنجومەنی هەرێمی بۆ کاروباری نەوت و گاز، کە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە بە کۆی دەنگ پەسەند کرا و ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت بۆ تەشریعکردنی.

لە بڕگەی سێیەمدا، ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ و سەرۆکی لیژنەی وەزاریی تایبەت بە چارەسەرکردنی کێشەی موڵکداریی خوشک وبرایانی کریستیان، کۆنووسی لیژنەکەی خستەڕوو کە چەندیین بڕیار وپێشنیاری لەخۆگرتبوو، ئەنجومەنی وەزیران، وێڕای دەستخۆشیکردن لە سەرۆک و ئەندامانی لیژنەکە و هەردوو پارێزگاری هەولێر و دهۆک، بۆ ئەنجامدانی کارەکانیان بەشێوەیەک باش، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەدا کە حکومەتی هەرێم،  بەردەوام دەبێت لەپاراستن و داکۆکیکردن لە مافەکانی گشت پێکهاتەکان و لە ناویشیاندا هاووڵاتیانی کریستیانی ئەم هەرێمە، کە ڕێزگرتن و لێبوردەیی وبەیەکەوەژیان لە تایبەتمەندییە جوانەکانی هەرێمی کوردستانن و جێگەی شانازیمانە، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتەکانی ڕاسپارد کە ڕێگریی بکەن لە هەر زیادەڕۆیی ودەسترێژییەک بۆ موڵکداریی كريستيانەکان یان هەر هاووڵاتییەکی دیکە لە هەرێم و ڕێگە بە هیچ کەس و گرووپ و لایەنێک نادرێت لەژێر هەر ناوێکدا بێت هەوڵی تێکدانی بەیەکەوەژیان بدات و ستەم و زۆرداریی لە خەڵک بکات .  ئەنجومەنی وەزیران سەرەڕای پشتیوانیکردن لە قسەکانی سەرۆک وەزیران، جەختی لە جێبەجێکردنی یاسای پاراستنی مافی پێکهاتەکان ژمارە 5 ساڵی  2015 لە ناویشیاندا خوشک وبرایانی کریستیان وەک هاووڵاتی ڕەسەنی کوردستان کردەوە.

لە بڕگەی چوارەمدا، ئەنجومەنی وەزیران پێشنیاری درێژکردنەوەی ماوەی کارکردن بە بڕیاری پێشووی ئەنجومەنی وەزیرانی پەسەندکرد تایبەت بە داشکاندنی ڕێژەی %15 ی ئەو پێشنینانەی حکومەت کە لەلای هاووڵاتییانە وەک: پێشینەی خانووبەرە ، قەرزی سندوقی نیشتەجێبوون و بانکی خانووبەرە، پێشینەی هاوسەرگیری ، قەرزی بچووک ، پێشینەکانی بانکی کشتوکاڵی، پێشینەی پڕۆژەکانی پیشەسازی و گەشتیاری و پابەندی دارایی کەڵەکەبووی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارو دەستەبەری کۆمەڵایەتی و سزای دواکەوتن و سوود لە سەر باج و رەسم . ئەم درێژکردنەوەیەش تەنیا بۆ 90 ڕۆژ دەبێت و دوا دەرفەت دەبێت بۆ سوود وەرگرتن لەم ئاسانکارییە و جارێکی دیکە داشکاندنەکە درێژ ناکرێتەوە.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد کە بە زووترین کات گرفتی گرانبوونی بەنزین چارەسەر بکەن کە بارگرانیی زۆری لەسەر هاووڵاتییان دروست کردووە و هاوردەکردنی بەنزینیش لە چوارچێوەی ڕێنماییەکان ڕێگەپێدراو بێت.